لەم دوایانەدا “شۆرای مودیریەتی گوزار” و “شۆرای میللیی تەسمیم” لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند: “بەلەبەرچاوگرتنی هاوشێوەبوونی جۆری سازماندان و ئامانجی سیاسیی هاوبەش، بڕیار درا کە هەنگاوی کردەوەیی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری، بەڕێوەبردنی پڕۆژەی سیاسیی هاوبەش و هەروەها قووڵکردنەوەی پەیوەندی بە ئامانجی یەکگرتن هەڵبگیرێت”. ئەوان ڕایانگەیاند: “ئامانجی هاوبەش بریتی دەبێت لە: “پاراستنی دەسەڵاتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی وڵاتی ئێران، قەبووڵکردنی دیموکراسیی پەرلەمانی لەسەر بنەمای جیایی دین لە دەوڵەت، قەبووڵکردنی بانگنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنە پەیوەستکراوەکانی، باوەڕی قەتعی بە زەروورەتی تێپەڕین لە گشت نیزامی ئیسلامی و هەوڵ بۆ نەمانی هەرجۆرە هەڵاواردنێک”. لە کۆتاییدا، ئەم دوو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێران تەئکیدیان کردووە کە “هاوفکری و دیتنەوەی ڕێگا بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستی و ئەرکی سیاسی و ستراتێژیک کە شۆڕشی ئێستا دەیخاتە سەر شانمان، بوارێکی گرینگ لە پەیوەندیی دوو لایەنەی ئێمە پێکدێنێت”. ئەم دوو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کە لەم ڕۆژانەدا لەژێر کاریگەریی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا باس لە شۆڕش دەکەن، دەستیان داوەتە دەستی یەک و بۆ تێکشکاندنی شۆڕشی ئێران نوسخە دەپێچن.
ئامانجێکی هاوبەشی ئەم دوو لایەنەی ئۆپۆزیسیۆن، قەبووڵکردنی دیموکراسیی پەرلەمانییە. حکوومەتی پەرلەمانیی “شۆرای میللیی تەسمیم” و “شۆرای مودیریەتی گوزار”، کە جیاکردنەوە دەزگاکانی داڕشتنی یاسا، بەڕێوەبەری و قەزایی کردووەتە بنەمای خۆی، هەر لە ئێستاوە وای داناوە کە کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگە لە دەزگای ئیدارە و مودیریەتی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگە و دەسەڵات بەسەر چارەنووسی خۆیان دوور ڕابگرێت. بەمجۆرە مافی دەسەڵاتی سیاسی لە جەماوەری خەڵک دەستێنن و بە بەرەکەتی هەڵبژاردنە ئازاد و گشتییەکەیان، بە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خۆیانی دەسپێرن. لە دیموکراسیی پەرلەمانیی دڵخوازی ئەم دوو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن هەروەک هەموو نیزامە پەرلەمانتارییەکانی تر، دەنگدەران هیچ جۆرە کۆنتڕۆڵێکیان بەسەر نوێنەرانی پەرلەماندا نییە. لە نیزامە پەرلەمانییەکاندا، دەنگدەران هەرچەند ساڵ جارێک دەچنە پای سندووقەکانی دەنگدان تا بەکردەوە لە دەورونەخش نواندنی ڕاستەوخۆ لە کۆمەڵگە وەلابخرێن. لەو سیستمە پەرلەمانییانەدا کە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەزگاکان پێکهاتوون، بەدەر لەوەیکە دەنگدەران بەسەر پەرلەماندا کۆنتڕۆڵێکیان نییە، نوێنەرانی پەرلەمان و مەجلیسیش هیچ کۆنتڕۆڵێکیان بەسەر دەزگای ئیجرایی و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئەو یاسایانەدا نییە کە دایدەڕێژن. ئیختیاراتی پەرلەمان سنووردارە و دەسەڵاتی واقعی لە دەستی ئۆرگانە ئیجراییەکان، وەزارەتخانەکان، ئەرتەش، پۆلیس و سازمانە ئەمنییەتییەکان دایە. لەم دیموکراسییانەدا پەرلەمان دەبێتە شوێنی موجادلات و مانۆڕی سیاسیی ئەحزابی سەرەکیی بۆرژوازی و ئۆرگانە ئیجراییەکانیش دەسەڵاتی چینی سەرمایەدار دەسەپێنن. لە دیموکراسییە پەرلەمانییەکاندا هەر چەند ساڵ جارێک نوێنەرانی پەرلەمان دەگۆڕدرێن، دەوڵەتەکان دەگۆڕدرێن، سەرۆک کۆمار یان سەرۆک وەزیرانی نوێ دێنە سەر کار، بە بێ ئەوەیکە هیچ گرفتێک لە داسەپاندنی دەسەڵاتی چینی سەرمایەدار بەسەر کۆمەڵگەدا پێک بێت. لە هەموو ئەم ئاڵوگۆڕانەدا سەرانی ئەرتەش و پۆلیس و دەزگای ئەمنییەتی و پێکهاتەکەیان هەروەک خۆی دەمێنێتەوە. دەنگدەران نەتەنیا دەستیان بەم ئۆرگانانە ڕاناگات، بەڵکوو لە پەرلەمانیش دوور دەخرێنەوە. بە لێکۆڵینەوەیەکی سادە دەردەکەوێت کە پەرلەمان و مەجلیسەکانی ئینگلیس، فەڕانسە، ئیتالیا و ئەمریکا چەندە بەسەر ئەو سازمانە ئەمنییەتییانەدا کۆنتڕۆڵیان هەیە کە سەبارەت بە کردەوەی خۆفناکیان زۆر کتێب نووسراوە و گەلێک فیلم دروست کراوە. نموونەی قەتڵە سیاسییەکان لەم وڵاتانە کەم نین کە نهێنیی دۆسیەکانیان هیچ کات بۆ نوێنەرانی پەرلەمان ڕوون نابێتەوە. جیاکردنەوەی دەزگاکانی داڕشتن و بەڕێوەبەری، ئەو کارکردەی هەیە کە دەنگدەران بە دەسەڵاتی واقعی و ئیجرایی دەستیان ڕاناگات. باس کردن لە سەربەخۆیی دەزگای قەزاییش لە حاڵێکدا کە هیچ باسێک لە هەڵبژێردراوبوونی قازییەکان و چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵ و لابردنیان لەلایەن دەنگدەرانەوە لەئارادا نییە، دیاریکردنی قازییەکان بە دەوڵەت یان بەو مێکانیسم و ناوەندانە دەسپێرێت کە هەڵبژێردراو نین. کەوابوو باس کردن لە سەربەخۆیی دەزگای قەزایی بێ مانایە و لە لێکدانەوەی نیهاییدا دەزگای قەزایی لە چوارچێوەی ئەو بەرژەوەندییانەدا هەنگاو هەڵدەگرێت کە دەوڵەت دیفاعی لێ دەکات. “شۆرای مودیریەتی گوزار” و “شۆرای میللیی تەسمیم” هەروەک باقی بەشەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێران دەیانهەوێ دوای گوزەر لە کۆماری ئیسلامی و دەست بە دەست بوونی دەسەڵات لەسەرەوە، شۆڕش ڕابگرن تا نیزامی سەرمایەداری لە ئێران واتە هۆکاری سەرەکیی سەرجەم نەهامەتی و بێبەشییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە زەبری شۆڕش بپارێزن. ئەو دیموکراسییە پەرلەمانییەی کە ئەوان بەڵێنی دەدەن تەواوەن بەپێچەوانەی دروشم و خواستی کرێکاران واتە “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”یە. کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشکراوان بۆ وەدیهاتنی ئەم دروشمە و بۆ دابینکردنی بەرابەریی ئینسانەکان ڕێگایەکیان بێجگەلە درێژەدانی شۆڕش و پووچەڵکردنەوەی نەخشەی ئەم بەڕێزە بۆرژوایانە نییە. پێویستە هەر لەئێستاوە پێداویستییەکانی سەرکەوتنی ئەم نەبەردە بەردەوامە ئامادە بکەن.
شۆرای مودیریەتی گوزار و شۆرای میللیی تەسمیم باش دەزانن کە پێشێلکرانی مافی ئینسانەکان لە ئێران تەنیا بەخاتری لەسەرکاربوونی دەوڵەتێکی ئایینی نییە تا بیانهەوێ بە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت کۆتایی بەم بێ مافییانە بێنن. کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی دینی لەسەر بنەمای موناسباتی سەرمایەداری ژیانی لە زۆربەی خەڵکی ئێران دژوار و تاقەت پڕووکێن کردووە. پێشێلکردنی مافی ئینسانەکان لە ئێران لەڕێگەی حەقدەستی چوار قات ژێر هێڵی هەژاری، داسەپاندنی برسییەتی بەسەر بنەماڵە کرێکار و بێبەشەکانی شار، بێ مەسکەنی، دەرهاویشتنی کرێکارانی کارگا پێنج کەسی و دە کەسیەکان لە یاسای کار کە ژنان یەکەمین قوربانییانن، ئەوەیکە ژنانی کرێکار لەبری کاری یەکسان حەقدەستی یەکسان وەرناگرن، نەبوونی بیمەی بێکاری، بێبەریبوون لە مافی پێکهێنانی ڕێکخراو، پەرەسەندنی لەشفرۆشی، بێکاریی ملیۆنی، کارەساتی منداڵانی کار و زۆر کێشە و ئازاری تر هەر هەموویان ڕیشەیان لە موناسباتی سەمایەداریی زاڵ بەسەر ئێران دایە. سەرمایەداریی ئێران بەهۆی پێگەی لە تەقسیمی کاری جیهانیدا بۆ ڕەقابەت لەگەڵ بازاڕی جیهانی پێویستی بە هێزی کاری هەرزانە. چینی کرێکاری ئێران بەم دەلیلە سادەیە کە حازر نییە هێزی کاری خۆی هەرزان بفرۆشێ لە مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ لە دەوڵەت بێبەری کراوە و خەباتەکەی بەتوندی سەرکوت دەکرێ. بەدیل و ئاڵتێرناتیڤی ئابووریی “شۆرای مودیریەتی گوزار” و “شۆرای میللیی تەسمیم” بۆ ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی هەمان پاراستنی موناسباتی سەرمایەداری بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوەیە. دوای چوار دەیە دەسەڵاتی سەرمایەداری بە مودیریەتی ئیسلامییەوە، کرێکارانی ئێران دەبێ چاوەڕوان بن تا “شۆرای مودیریەتی گوزار” و “شۆرای میللیی تەسمیم” ئەمجارەیان سەرمایەداریی غەیری دینی یان لەڕاستیدا دیکتاتۆریی غەیری دینی لەژێرناوی ئاکامی شۆڕش بکەنە دیاری بۆیان. درێژەی موناسباتی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری، درێژەی سیاسەتی ئابووریی نیۆلیبڕالی، درێژەی هەرزان فرۆشتنی هێزی کاری کرێکار بە مودیریەتی غەیری ئیسلامی، بەرنامەی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێرانە بۆ تێکشکاندنی شۆڕش ئێستای ئێران.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە