
دوای ڕووخانی ڕژیمی دیکتاتۆری سەدام حسێن لە عێراق، ئێستا نزیک بە ٢٠ ساڵە کە بۆنەی ئەربەعین یان چلەمین ڕۆژی کوژرانی ئیمامی سێهەمی شیعەکان لە کەربەلا بووەتە بوارێک بۆ قودرەت نەمایی کۆماری ئیسلامی. ئەمساڵیش ناوەندەکانی سەربە بەیتی ڕێبەری و بەسیج و سپای پاسداران لە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا تەبلیغاتییەکانی حکوومەت هەموو توانای خۆیان بۆ هێنانە مەیدانی هەرچی زیاتری خەڵک بۆ بەشداری لە ڕێپێوانی ئەربەعین واتە ئەم نمایشە سیاسییە بەکارهێنا. مەسعوودی پزیشکیان سەرۆک کۆماری ملکەچ و خزمەتکاری ویلایەت بە بەشداری لە کۆبوونەوەی ستادی ئەربەعین یەکێک لە فەرمانە سەرەتاییەکانی سەرۆک کۆماریی دەرکرد و وتی: ”هەموو ئەو ناوەند و بەشە دەوڵەتییانەی کە لە بەڕێوەبردنی ئایینی ڕێپێوانی ئەربەعیندا بەشدار دەبن، ئەرکی سەرشانییانە کە بەڵێنەکانیان لە ئاست ئەربەعین بە باشترین شێوە بەجێ بێنن. دابینکردنی ئەسبابی ئاسایش و ڕەزایەتی زیارەتکارانی ئەربەععین دەبێ لە ئەولەوییەتدا بێت و هیچ پاساوێک سەبارەت بە ناڕەزایەتیی خەڵک قەبووڵ ناکرێت”. بەپێی بەڵگەیەک کە لەم دواییەدا ئاشکرا بوو، کارگرووپێکی وەزارەتی بەناو “تەعاون، کار و ڕەفاهی ئیجتماعی” بڕیارێکی دەرکردووە کە بەپێی ئەم بڕیارە دەبێ لە سەرجەم سندووقەکانی خانەنشینی سەربەم وەزارەتخانەیە بڕی ٢٥٠ ملیارد تمەن وەربگیرێت و بۆ ئامانجگەلێکی وەک مەراسیمی ئەربەعین خەرج بکرێت.
پێکهێنانی ستادێک بە ناوی ستادی ئەربەعین و تەرخانکردنی بوودجەیەکی کەڵان بۆی، دروستکردنی شوێنی پشوودان و خواردنی بەخۆڕایی لە مەسیری ڕێپێوان و پەخش کردنی ئاو و خۆراکی بەخۆڕایی، ئەویش لە بارودۆخێکدا کە بەرینایی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری ژیانی توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگای سەخت و تاقەت پڕووکێن کردووە، هەر هەمووی قەرارە لە خزمەت ئامانجی ناوخۆیی و ناوچەیی ڕژیمدا بێت. حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ڕاستای ئەم ئامانجانەیدا و لەسەر بەستێنی پەرەسەندنی قەیرانی سیاسی و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە بە پەرەپێدانی تەفرەقەی مەزهەبی و شیعەگەری لە وڵاتانی جۆراوجۆر و بە پشتیوانی کردنی هەمەلایەنەیان، پێگەی سیاسیی خۆی لە کێشمەکێشە ناوچەییەکاندا بەهێز بکات. لەپێناوی ئەم ستراتێژییەدا، لۆبنان، سووریە، یەمەن، عێراق و ئەفغانستان بەبیانووی جۆراوجۆر بوونەتە جەولانگای سپای قودسی سپای پاسدارانی ڕژیم. لەو نێوەدا عێراق بە سەرەنجدان بەو ئاڵوگۆڕانەی کە بەسەریدا هاتووە و بەسەرەنجدان بە زۆربوونی ژمارەی شیعەکانی بۆ ڕژیم گرینگییەکی ستراتێژیکی بووە.
ڕژیمی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٨٠ ڕێکخراوی سیاسی – سەربازیی حیزبوڵای لوبنانی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حکوومەتی ئیسرائیل و کاریگەری ئەمریکا و ڕۆژئاوا دامەزراند. لە عێراقیشدا بە پێکهێنان و پاڵپشتیکردنی گرووپە سیاسی و سەربازییە شیعەکانی عێراق وەک ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق یان سپای بەدر هەوڵیدا ئاسانکاری و پێداویستییەکانی دەستێوەردانەکانی داهاتووی خۆی لەم وڵاتەدا دابین بکات. هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق و ڕووخانی سەدام حسێن و سەرهەڵدانی شیعەکان لە حکوومەتدا، ڕژیمی ئیسلامی ئێرانی بۆ بەدواداچوونی پلانەکانی خستە دۆخێکی باشترەوە. لە درێژەی دەستێوەردانەکانی لە عێراق، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ڕێکخستنی میلیشیای سەربازی حەشدی شەعبی ئامادەیی سەربازی خۆشی مسۆگەر کرد. حەشدی شەعبی بە بوون بە پیادەنیزامی عەمەلیاتی هەوایی ئەمریکا لە شەڕی وەرگرتنەوەی مووسڵ لە داعش و دواتر بە دەورونەخشی لە لەشکرکێشی بۆسەر کوردستان لە ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٧ پێگەی خۆی لە دەسەڵاتی سیاسیی عێراقدا بەهێز کرد. حەشدی شەعبی لەئێستادا پێگەیەکی هاوشێوەی سپای پاسدارانی لە پێکهاتەی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا پەیدا کردووە و بەشێکی بەرین لە بوودجەی ئەرتەشی عێراق بۆ ئەم هێزە تەرخان دەکرێ. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەروەها لەژێر هیدایەتی سپای قۆدسی سپای پاسداران و بە یارمەتیی دەست و پەیوەندەکانی خۆی، سەرمایەگوزاریی بەرینی لە نەجەف، کەربەلا، سامرا و کازمین کردووە و سەدان هۆتێل، ناوەندی تیجاری و دارودەستەی مەزهەبیی لە شارە مەزهەبییەکانی عێراق خستووەتە ڕێ.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە لەژێر کاریگەریی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ئێران زەنگی مەترسی بۆ کۆماری ئیسلامی لە عێراق هاتووەتە دەنگ. ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانی دا کە ڕێکخستنی “هێزەکانی میحوەری موقاومەت” لە ناوچەکە، دەخاڵەتگەریی نیزامی و چوونە ناو کێبەرکێی تەسلیحاتی، ناتوانێ بەربە هێرشی تەحقیرئامێزی ئیسرائیل و پشتیوانیی ئەمریکا بگرێت. لە لایەکی دیکەوە لەناو مەرجەعییەتی مەزهەبی لە حەوزەی نەجەف دژایەتی لەگەڵ سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی و دەخاڵەتگەریی سیاسی و نیزامیی ڕژیم لە عێراق پەرەی سەندووە. لەناو حیزب و هێزە سیاسییەکانی شیعەشدا پێداگری لەسەر پێناسەی عێراق و ناسیۆنالیستی زیاتر لە ڕابردوو دەبیسترێ. نەفرەت و بێزاریی گشتی لە دەخاڵەتی کۆماری ئیسلامی لەناو جەماوەری ڕەنجدیدەی عێراق زیاتر لە هەموو کاتێک پەرەی سەندووە. لە جەریانی ڕاپەڕینی خوێناویی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ کە هێستاش وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش جاروبارە سەرهەڵدەداتەوە، خەڵکی تووڕە و ناڕازی لە بەسرە و بەغدا و کەربەلا گەلێک جار وێڕای وتنەوەی دروشم دژبە دەخاڵەتگەریی کۆماری ئیسلامی، هێرشیان کردە سەر کۆنسوولخانەی ڕژیم و دەفتەری حیزبە ئیسلامییەکانی سەربە ڕژیم و ئاگریان تێبەردان. کۆماری ئیسلامی لە عێراقیش لەسەر دەریایەک لە نەفرەت و بێزاریی گشتی، بە پشت بەستن بە ڕەوتە کۆنەپەرستە شیعە ئیسلامییەکان و بە تاکتیکی سەرکوت و تیرۆر نفووزی خۆی دادەسەپێنێ. ئەم گۆڕانکارییانە لە عێراق و شەپۆلی ناڕەزایەتی دژبە دەخاڵەتی کۆماری ئیسلامی خۆی بووەتە بەربەستێکی گەورە بۆ ڕژیم کە لەسەر تەفرەقەی مەزهەبی و هێزی شیعە بۆ بەدواداچوونی نەخشە ستراتێژیکەکانی لە ناوچەکە، حیسابی کردووەتەوە. لەم ڕووەوە ئامانجێکی کۆماری ئیسلامی لە سازماندانی ڕێپێوانی ئەربەعین و ئەو هەزینانەی کە بۆ دەکات، بەهێزکردن و پەردەپۆشکردنی پێگەی لاوازی خۆی لە عێراقە.
بەڵام لەوانەیە یەکێک لە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لە سازماندانی ڕێپێوانی ئەربەعین و جاروجەنجاڵی بێوێنە لە دەوری، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئاکامەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و شکستی یەک لە دوای یەکی شانۆ ئینتخاباتییەکان بێت. لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی کە ئێستا لە سەروبەندی دووهەمین ساڵڕۆژیداین، جەماوەری ڕەنجدیدە و وەگیانهاتوو لەم بارودۆخە بە وتنەوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” و “مەرگ بۆ خامنەیی” و بە سووتاندنی ڕووسەرییەکانیان، هێڵی سووری کۆماری ئیسلامییان تێپەڕاند و لەئاستی جەماوەریدا نامەشرووع بوونی کۆماری ئیسلامییان لەسەر شەقامەکان ڕاگەیاند و خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامییان بردە قۆناغێکی نوێوە.