فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاژاوەگێڕی و باجخوازیی کۆماری ئیسلامی و مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕ
شەممە ۰۶-۰۴-۱۴۰۵   |  27-06-2026

لە پاش واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٥دا، کە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستپێکردنی دانوستانێکی ٦٠ ڕۆژە کرا، کۆماری ئیسلامی بە هەراوهوریا و هەڕەشە و گوڕەشە، خۆی بە براوەی شەڕ لە قەڵەم دەدات و کەوتووەتە نێو وەهمی سەپاندنی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و باجخوازییەوە. هەنگاوە دنەدەرە سەربازییەکان و هەڕەشەکردن لە وڵاتانی پەراوێزی کەنداو لەم ماوەیەدا، بە پشتبەستن بە لێکدانەوەی دڵخوازانە بۆ بڕگەکانی لێکتێگەیشتننامەکە، بووەتە هۆی درێژەکێشانی گرژییەکان لە ئاستی ناوچەکە و مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕی لێ کەوتووەتەوە. ئەمانە لە کاتێکدایە کە قەیرانی ئابووری، هەڵاوسانی کەمەرشکێن، بێکاری و بەرزبوونەوەی ڕۆژانەی نرخی کاڵاکان لە ئێراندا، ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و جەماوەری هەژار و زەحمەتکێشی زیاتر لە جاران خستووەتە ژێر گوشارەوە.

نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەکەدا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە مەبەستی باجگرتن لە هاتوچۆی کەشتییەکان لە کاتێکدایە کە زلهێزەکانی دیکەی ناوچەکە دژایەتییان کردووە. دەوڵەتی عومان کە تا ئێستا وەک دەڵاڵ و نێوەندگیر خزمەتێکی زۆری بە کۆماری ئیسلامی کردووە و ڕژێم لە پڕوپاگەندە چەواشەکارانەکانیدا ئەم وڵاتە وەک هاوبەشی خۆی لە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز دەناسێنێت، ڕاشکاوانە دژایەتیی داواکارییەکەی کۆماری ئیسلامیی کردووە بۆ وەرگرتنی هەر جۆرە باجێک لە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا. نەک تەنیا عومان، بەڵکوو دەوڵەتەکانی دیکەی ناوچەکەش لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین لە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی پووشپەڕ، کاردانەوەیان بەرامبەر بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی نیشان دا. ئەوان لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەیاندا، لە ئەمریکایان داوا کرد کە بەرنامەی مووشەکی و درۆنیی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیی ڕژێم لە گرووپە ئیسلامییە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکەدا، بخاتە نێو وتووێژەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەندامانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو لەو بەیاننامەیەدا پێداگرییان کردووە کە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە پێویستی بە وەڵامدانەوەیە بۆ سەرجەم هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە هەڕەشەی مووشەکە بالیستیکییەکان، درۆنەکان و پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە. مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداریی کردبوو، سەردانەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو بە تەوەری لێکتێگەیشتننامەی تاران-واشنتۆن ناو برد و لە وەڵامی داواکارییەکەیاندا ڕایگەیاند کە ئەمریکا هیچ هەنگاوێک نانێت کە ببێتە هۆی لاوازکردنی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا و ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیش بە هەر نرخێک قبووڵ ناکات.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا و لە هەلومەرجێکدا کە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە لە بەحرەین بەڕێوە دەچوو، کەشتییەکی بارهەڵگر لە گەرووی هورمز و لە نزیک کەناراوەکانی عومان کرایە ئامانج و زیانی پێ گەیشت. پەنجەی تۆمەت لەم هێرشەدا بۆ لای کۆماری ئیسلامی درێژ کرا، بۆ ئەوەی بەم کردەوە سەربازییە پەیامێک بداتە ئەو کۆبوونەوەیە و ڕایبگەیەنێت کە توانای ئەوەی هەیە هاتوچۆ لە گەرووی هورمز و تەنانەت لە ئاوەکانی وڵاتانی دیکەشدا پەک بخات. سوپای پاسداران لەم ماوەیەدا چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە هەر جۆرە هاتوچۆیەکی کەشتییەکان بەبێ مۆڵەتی ئەوان، بە کردەوەی سەربازی وەڵام دەدرێتەوە. هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کردەوەی سەربازی و هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لە هەلومەرجێکدایە کە نەک تەنیا ئەمریکا، بەڵکوو هێزە سەرمایەدارییەکانی دیکەی ڕۆژاوا، لەوانە بەریتانیا و فەرەنساش بە ناردنی هێز و کەشتیی جەنگی بۆ ناوچەی کەنداو، ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان لەم ناوچە گرنگ و ستراتیژییەدا گرتووەتە ئەستۆ.

هەر لەم پێناوەدا، بەرپرسانی پاشایەتیی عومان ڕۆژی سێشەممە ٢ی پووشپەڕ، وێڕای ئەوەی جارێکی دیکە هەر جۆرە هاوکارییەکیان لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی بۆ وەرگرتنی باج لە گەرووی هورمز ڕەت کردەوە، ڕایانگەیاند کە بە پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی، کۆریدۆرێکی دەریایی کاتییان لە ئاوەکانی خۆیاندا لەم گەرووە دروست کردووە. ئەم دەوڵەتە ڕایگەیاند کە سەرجەم ئەو کەشتییانەی بەتەمان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن، هاتوچۆی خۆیان بەبێ پێدانی مافی تێپەڕبوون لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەدا هەماهەنگ بکەن. وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو هەروەها ڕایانگەیاندووە کە هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی و وەبەرهێنان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا لە داهاتوودا هەڵدەوەشێندرێتەوە و لە ڕژێمی ئیسلامییان داوا کردووە کە پابەندی بڕگەکانی لێکتێگەیشتننامەکەی ئەمریکا بێت و کۆتایی بە ڕەفتارە ناسەقامگیرکەرەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت. بەم جۆرە، تەماعکاری و تەقەلای کۆماری ئیسلامی بۆ سەپاندنی هەژموون و دەسەڵاتی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا لە ڕێگەی مووشەک‌تەقاندن و وەرگرتنی ملیۆنان دۆلار لە هەر کەشتییەک بۆ تێپەڕبوون لەم گەرووە، ڕووبەڕووی کۆسپێکی جدی بووەتەوە.

سەرەڕای ئەمانەش، قەیرانە قووڵە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی بە باجگیری، ئاژاوەگێڕی و هەڕەشەی سەربازی چارەسەر نابن. لە میانی دوو شەڕی وێرانکەر و کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بەشێک لە ژێرخانە پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکانی ئێران لەناو چوون. ناوکەی سەرکردایەتیی سوپای پاسداران کە ئێستا دەسەڵاتی بە تەواوی قۆرخ کردووە، تەنانەت ئەگەر لە هەڵگرتنی گەمارۆکان و فرۆشتنی نەوتیشدا پارەیەک بە دەست بهێنێت، لە پلەی یەکەمدا خەرجی دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی هێزە سەرکوتگەرەکان و دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان، و هیچ گرنگییەک بە دابینکردنی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگە نادات. بێگومان لە قۆناغی پاش شەڕدا، قەیرانی ئابووری، هەڵاوسان، گرانی، هەژاری و برسیەتی بەردەوام دەبێت و ئاکام و لێکەوتە وێرانکەرەکانی پێش هەموو کەس بەرۆکی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش لە ئێران دەگرێت. بەرزبوونەوەی سەد لە سەدی نرخی نان وەک بژێویی سەرەکیی خێزانە بەشمەینەتەکان لە سەرەتای مانگی پووشپەڕ و یەک هەفتە دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەکە، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ئاشکرایە کە چینی کرێکار و جەماوەری بەشخوراوی ئەم کۆمەڵگەیە لە بەرامبەر ئەم پەلامارەی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایە بۆ سەر ژیان و گوزەرانیان، دەستەوئەژنۆ دانانیشن، بەڵکوو بە پشتبەستن بە ئەزموون و دەسکەوتە خەباتکارییەکانی تا ئێستایان و ئەو کادر و ڕابەرانەی لە جەرگەی ئەم تێکۆشانەدا پەروەردە بوون، درێژە بە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان دەدەن و لەم ڕەوتەشدا پێداویستییەکانی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەستەبەر دەکەن.