فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاکامە وێرانکەرەکانی شەڕ
هەینی ۰۷-۰۱-۱۴۰۵   |  27-03-2026

لە هەلومەرجێکدا کە ئاگری شەڕ بڵێسە دەسەنێت و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کۆتاییهاتنی بەدی ناکرێت، گەرووی هورمز کە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان لەوێوە دەگوازرێتەوە، بە کردەوە داخراوە. لە ئاکامدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت هەندێک جار لە ١١٠ دۆلار تێدەپەڕێت. ئەم دۆخە، وەک ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە وەسفی دەکات، کۆمەڵگەی جیهانیی لەگەڵ “گەورەترین قەیرانی ئاسایشی وزەی جیهانی لە مێژوودا” بەرەوڕوو کردووەتەوە. هەروەها هەزاران دەریاوان لە کەنداوی فارسدا سەرگەردان بوون، کەشتیوانیی نێودەوڵەتی پەکی کەوتووە و هێڵە ئاسمانییەکان هەزاران گەشتیان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا هەڵوەشاندووەتەوە. هاوکات لەگەڵ تێکچوونی ڕەوتی دابینکردنی نەوت و گاز، ئەم شەڕە کاریگەریی قورسی داناوە لەسەر هەناردەکردنی کاڵا ژیانییەکان، لەوانە دەرمان، یارمەتییە مرۆییەکان بۆ وڵاتە هەژارەکانی جیهان و ئوورە کە سەرچاوەی کوودی نیترۆژێنییە بۆ کشتوکاڵ لە سەرتاسەری جیهاندا.

لە ئاکامی ئەم شەڕەدا کە نزیکەی مانگێکە درێژەی هەیە، تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەس لەوانە زیاتر لە ٢٠٠ منداڵ لە ئێران گیانیان لەدەست داوە. زیاتر لە ١٦٠ کەس لەو منداڵانە هەر لە یەکەمین ڕۆژی شەڕەکەدا و لە هێرشی مووشەکیی ئەمریکا بۆ سەر قوتابخانەیەکی کچان لە شاری میناب گیانیان لەدەست داوە. بەهۆی بڕینی ئینتەرنێتەوە، لە ٢٨ی فێبرییەوە پێوەندیی ٩٠ ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران لەگەڵ جیهانی دەرەوە پچڕاوە و دەیان هەزار کەس کار و پیشەی خۆیان لەدەست داوە. سەرەڕای ئەوەش، تا ئێستا هەزاران باڵەخانەی نیشتەجێبوون، نەخۆشخانە، قوتابخانە، یاریگا، کۆگای وزە، ژێرخانە ژیانییەکان و بینا مەدەنییەکانی دیکە زیانیان بەرکەوتووە. لە هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیلیش تا ئێستا دەیان کەس کوژراون و زیاتر لە پێنج هەزار کەس بریندار بوون. لە لوبنان، تا ئێستا زیاتر لە ١١٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش بریندار بوون، کە نزیکەی سەدا سیی کوژراوەکان منداڵن و ژمارەیەکی زۆریش کادری پزیشکین، هەروەها نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی لوبنان ئاوارە و دەربەدەر بوون. کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، خوازیاری خاپوورکردنی خێرای گوندە سنوورییەکان بووە و ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەم کارە، وێرانکردنی بەیت حانوون و ڕەفەح لە غەززە دەکەنە مۆدێل و سەرمەشق. بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە کە دەبێت ڕووباری لیتانی لە لوبنان کە ٢٩ کیلۆمەتر لە سنووری باکووری ئیسرائیلەوە دوورە، ببێتە سنووری نوێی ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان. لەپاڵ بۆردومانی ناوچە نیشتەجێبوونەکان، سوپای ئیسرائیل بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانەی کە لەلایەن سیاسەتمەدارە فاشیستەکانی ئیسرائیلەوە ڕاگەیەندراون، ڕۆژانە هۆشداری دەداتە دانیشتووانی زیاتری باشووری ڕووباری لیتانی کە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و بەرەو باکووری لیتانی بڕۆن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل شەڕێکیان بەرپا کردووە کە لێکەوتەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی حیساب‌بۆنەکراوی لێ دەکەوێتەوە و دەتوانێت لە درێژەی خۆیدا تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە ناو ئاگرێکەوە کە هیچ کەس نەتوانێت قەبارە و ماوەکەی پێشبینی بکات. ئەم شەڕە، بەپێچەوانەی چەواشەکاری و درۆودەلەسەی پاشایەتیخوازان و شەڕانگێزانی دیکەی بۆرژوازیی ناسیۆنالیست، شەڕێکی “مرۆڤدۆستانە” و بۆ “ئازادیی” خەڵکی ئێران نییە. لە بنەڕەتدا شەڕ جگە لە کاولکاری، ناسەقامگیری و نائەمنی، ناتوانێت هیچ دیارییەکی دیکەی پێ بێت. هەروەها ئەم شەڕە نە بۆ لەناوبردنی بەرنامە ناوکییەکەی ڕژێمە و نە بۆ ئەوەشە کە “مامە ترامپ” ببێتە فریادڕەسی جەماوەر؛ تەواوی بەڵگەکانی ئەم چوار هەفتەیەی شەڕیش، پێچەوانەی ئەم بانگەشانەمان پێ دەسەلمێنن. ئەم شەڕە نەک هەر ناڕەزایەتی و خەباتی ڕۆژانەی خەڵکی وەستاندووە، بەڵکو دەستکەوتەکانی خەباتی تا ئێستای جەماوەری ئێرانی خستووەتە مەترسیی لەناوچوونەوە. ئەم شەڕە کار و ژیانیانی تێکداوە و ئاسایشی گیانییانی کردووەتە ئامانج. بەڵام ڕژێمی ئیسلامی کە لە ئاکامی خەبات و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی دەیەی ڕابردوودا نیوەگیان ببوو، ئەم شەڕە هەناسەیەکی تازەی بەبەردا کردەوە و، سەرمەست لەم کەشوهەوایە و بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، زیندانیان لەسێدارە دەدات، خۆپیشاندەران و چالاکان بە تۆمەتی هەڵبەستراوی هاوکاریکردن لەگەڵ دوژمن دەستبەسەر دەکات و، لە کۆڵان و شەقامەکاندا لوولەی تفەنگەکانی ڕوو بە دوژمنی ناوخۆیی، واتە خەڵکی ئێران، ئاراستە کردووە.

هۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەم شەڕە لەلایەکەوە لە هەوڵەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی نەوت و گاز و سەرچاوە ستراتیژییەکانی دیکەی ناوچەکە، و هەروەها لە قەیرانی ڕوو لە گەشەی هەژموونی جیهانیی ئەمریکادا دەردەکەون. ئێران لەسەر چوارەمین پاشکەوتی گەورەی نەوت و دووەمین پاشکەوتی گەورەی گازی سروشتیی جیهانە و زاڵە بەسەر گەرووی هورمزدا، کە یەکێکە لە گرنگترین دەروازە ستراتیژییەکانی گواستنەوەی وزەی جیهانی. کۆنترۆڵکردنی ئەم سەرچاوە سروشتییانە و، لەوەش گرنگتر، ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ڕکابەرێکی وەک چین بەم سەرچاوانە و ڕێگا گرنگەکانی ئەم بەشەی جیهان، بۆ ئەمریکا و پاراستنی هەژموونە جیهانییەکەی بایەخێکی ستراتیژیی هەیە. باج‌دان و سازشی ئەمریکا بە ڕووسیا لە شەڕی ئۆکراین، و هەروەها ڕفاندنی مادۆرۆ و کۆنترۆڵکردنی نەوت و سەرچاوەکانی دیکەی ڤێنیزوێلا هەر لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژییەدایە. کەواتە، ئەم شەڕە بۆ “ئازادکردنی” خەڵکی ئێران نییە. ئەم شەڕە نەک هەر لە دژی خەڵکی ئێران و ناوچەکەیە، بەڵکو وەک لە ئاکامەکانییەوە دیارە، شەڕێکە دژ بە تەواوی چینی کرێکاری جیهانی. لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامیش کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە پێگەی کۆنەپەرستیی ئیسلامی سیاسییەوە، دژایەتیکردنی ئەمریکا و ئیسرائیلی کردە بەشێک لە ناسنامە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکەی خۆی، و هەوڵی دا بە پشتبەستن بە ئامرازی هێزەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاوەمەت” بۆ بەرەنگاربوونەوەی نفوزی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، پرۆژە ناوکییەکان، گۆڕینی ئێران بۆ جبەخانەی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیک و گرتنەبەری سیاسەتی شەڕخوازانە ببێتە زلهێزێکی باڵادەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە کردەوە زەمینەی بۆ ئەم شەڕە خۆش کرد. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئەم ستراتیژییەی بە بەهای هەژاری و نەهامەتیی کرێکاران و خەڵکی ئێران و سەرکوتکردنی هەرچەشنە دەنگێکی هەقخوازانە بردە پێشەوە.

ئەگەر لە ئێران خەڵک بە بیانووی شەڕەوە زیاتر سەرکوت دەکرێن و هەر دەنگێکی ناڕەزایەتییان بە زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان وەڵام دەدرێتەوە، ئەوا لە ئەمریکاش لە کاتێکدا نزیکەی ملیۆنێک کەسی بێلانە و بێماڵوحاڵ هەیە، ملیاردها دۆلار لەجیاتی ئەوەی خەرجی نیشتەجێبوون و دەرمانی کۆمەڵگە بکرێت، دەخرێتە خزمەت ماشێنی شەڕ و پاراستنی هەژموونی سەرمایەوە. لە ئەفریقا، ملیۆنان مرۆڤ لەو هاوکارییە خۆراکییانە بێبەش کراون کە بۆ مانەوە لە ژیان پێویستیان پێیەتی. لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، گوزەران و داهاتی ژمارەیەکی زۆر لە جووتیاران بەهۆی پێنەگەیشتنی کوود و کەرەستەی دیکەی پێویست بۆ کشتوکاڵ، کەوتووەتە مەترسییەوە. لە ئەوروپا و ناوچەکانی دیکەی جیهان، لە کاتێکدا خەڵک بە بیانووی پەتای کۆرۆنا و دواتر بە بیانووی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینەوە، ڕووبەڕووی سیاسەتی سەختی ڕیازەتی ئابووری، بڕین یان کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و بێکاریی بەربڵاو بوونەوە، ئێستاش بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی نەوت و گاز و پێداویستییەکانی دیکەی ڕۆژانەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ سفرەکانیان بەتاڵتر دەبێتەوە و، دابەزینی ئاستی بژێویی کرێکاران و هەڵکشانی گرانی و هەڵاوسان، بووەتە نۆرمێکی نوێی ژیان بۆ ملیۆنان کرێکار، زەحمەتکێش و جەماوەری کەم‌داهاتی کۆمەڵگە.

هەروەک دەبینین، ئەم شەڕە و لێکەوتە سیاسی و ئابوورییەکانی تەنها لە ئێران و ناوچەکەدا قەتیس نەماون، بەڵکو تەواوی جیهانیان گرتووەتەوە. هەر بۆیە، دەبێت لەسەر ئاستی جیهانیدا ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە مەحکووم بکرێت. بزووتنەوەکانی دژەشەڕ، کرێکاران و جەماوەری ئازادیخواز دەبێت ئەم شەڕە شەرمەزار بکەن و لێبڕاوانە لە بەرامبەریدا بوەستنەوە. ئەم شەڕە تەنها لە دژی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران و ناوچەکە نییە، بەڵکو بارودۆخی بژێوی، ئەمنی و کاریی تەواوی کرێکاران و جەماوەری هەژار و کەم‌داهاتی جیهانیشی لە ڕابردوو سەختتر کردووەتەوە. لەم ڕووەوە، هەموومان دەبێت داواکاری ڕاگرتنی بین و بە دەنگێکی ڕەسا و بەهێز لە دژی بوەستینەوە و ڕێگە نەدەین ببینە قوربانیی بێدەنگی کایە ژیۆپۆلەتیکییەکانی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان.