
شەوی دووشەممە و بەیانیی ڕۆژی سێشەممە حەوت و هەشتی مانگی خەرمانان بەدوای دەست لە کارکێشانەوەی موقتەدا سەدر لە چالاکیی سیاسی، شارەکانی عێراق بەتایبەت بەغدا بوون بە مەیدانی شەڕی چەکداری لە نێوان لایەنگرانی ڕەوتی “سەدر” و باقیی گرووپە شیعەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی کە بە “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” خۆیان پێناسە دەکەن. لەم تێکهەڵچوونانەدا کە لە ناوچەی سەوزی بەغدا ڕووی دا، ٣٣ کەس کوژران و زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە هەر لە دووک لا برینداربوون. لەم شەڕەدا چەکی سووک و نیوەی قورس دژبە یەکتری بەکار هێندرا. بەر لەم تێکهەڵچوونە چەکدارانەیە جەماوەری خەڵکی ناڕازی بە دەستی بەتاڵەوە بەرەو ناوچەی سەوزی بەغدا وەڕێ کەوتن. ناڕازیانی وەگیان هاتوو کە لایەنگرانی ڕەوتی سەدریش لەناویان دا بوون بە ئاسانی لە مەوانعی بێتۆنی هێزە ئەمنی و نێزامییەکان تێپەڕین و چوونە ناوچەی سەوز و کۆشکی سەرۆک کۆمارییەوە. ناڕازییان بە بێ ئەوەیکە دەست بۆ کاری تەخریبی بەرن، ئەم کۆشکەیان گرتەوە و پاشان بەرەو کۆشکی دەوڵەت ڕۆیشتن. لەوێ لەگەڵ موقاومەتی پارێزەران بەرەوڕوو بوونەوە و بەهۆی گازی فرمێکڕێژ و تەقەی گولـلە دوو کەس کوژران و چەند کەسی تریش بریندار بوون. ناڕازییانی تووڕە لە درێژەدا ویستیان بەرەو شوێنی ئیقامەتی “نووری مالکی”، ئەم کەسایەتییە گەندەڵ و ئاڵقەلەگوێ بەناوبانگەی کۆماری ئیسلامی بڕۆن بەڵام بەرەوڕووی ئاگری تانک و تەک تیرئەندازانی پارێزەری شوێنەکە بوونەوە. لەم ماوەیەدا هێزی چەکداری “سرایا سەلام”ی سەربە ڕەوتی سەدر بە کەڵک وەرگرتن لە ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک هاتنە بەرەوە و مەیدانی ناڕەزایەتیی خەڵکیان کردە دیمەنی شەڕی چەکدارانە لەگەڵ گرووپە شیعەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی.
هاوکات لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتی و شەڕ و تێکهەڵچوونانە لە بەغدا و باقی پارێزگاکانی باکوور و ناوەندی عێراق لەوانە بەسرە، زەیقار، موسەنا، واست، کەربەلا و میسان خەڵکی ناڕازی هێرشیان کردە سەر دەفتەر و مەقەراتی گرووپەکانی سەربە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە حکوومەتییەکانی وەک ئۆستاندارییەکانیان گرتەوە. ئاڵای کۆماری، وێنەی خامنەیی و قاسم سولەیمانی و ئەبوموهەندسیان ئاگرتێبەردا. لەم ماوەیەدا خەڵکی ناڕازی درووشمیان دژبە کۆماری ئیسلامی وتەوە: “ایران بَره بَره – بغداد تَبقا حُره”، واتە “ئێران بڕۆ دەرێ، بەغدا ئازاد دەمێنێت”. ناڕازیان دەیانگوت: “هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی عێراق تەقەمان لێ ناکەن بەڵکوو ئەوە سپای پاسدارانی ئێرانە کە ئێمە دەکووژێت.”
کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، موقتەدا سەدر، لە پەیامێکدا لە نەجەفەوە، وێڕای دان پێ دانان بەوەیکە “وڵات دیلی گەندەڵی و توندوتیژییە، داوای لە هەواداران و گروپی سەرایا سەلام کرد لە ناوچە سەوز بکشێنەوە و بەم جۆرە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکە کۆتایی پێ هات. بەڵام ڕۆژی چوارشەممە، محەممەد ساڵح ئەلعێراقی ناسراو بە “وەزیری سەدری” و فەرماندەی گرووپی “سەرایا سەلام” لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دا بە کۆماری ئیسلامی و جەریاناتی سەر بەم ڕێژیمە کە: ” دڵنیابن حکوومەتێکی تەوافوقی و بە سەلیقەی بیانی پێک نایەت. کۆماری ئیسلامی دەبێت وشترەکەی خۆی (نووری مالکی) لە عێراق کۆنتڕۆڵ بکات ئەگینا پەشیمان دەبێتەوە”. هەروەها ڕۆژی پێنجشەمممە ١٠ی مانگی خەرمانانیش چەند هەواڵێک لەسەر تێکهەڵچوونی چەکداری لە بەسرە لە نێوان دوو گرووپی میلیشیای “سرایا سەلام”ی سەربە ڕەوتی سەدر و عەسائبی ئەهلی حەقی سەربە حیزبوڵڵای عێراق بڵاوکرایەوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بەم شەڕ و تێکهەڵچوونانە، سنوورەکانی خۆی داخست. فڕینی فڕۆکەی بەرەو عێراق ڕاگرت و هۆشداری بە ئەتباعی ئێرانی دا کە نەچنە عێراق و کەسانێک کە لە عێراقن هەرچی زووتر ئەم وڵاتە جێ بهێڵن. پاسدار ئەحمەد وەحیدی “وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی” وتی ” ئەوەیکە عێراق بڵێ کە سنوورە زەمینییەکانی کراوەیە بۆ ئێمە کافی نییە. ئێمە دەبێ لە بواری ئەمنییەتییەوە خەیاڵمان ئاسوودە بێت”. لەڕاستیدا ئەم ئاستە لە تووڕەیی و نەفرەتی جەماوەری خەڵکی ناڕازی کە زۆربەیان لە ناوچە شیعەنشینەکانن، نیشانی دا کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و هەموو ئەو هەزینە کەڵانانەی کە لەماوەی چوار دەیەدا لە سفرەی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی ئێرانەوە لە عێراق خەرجی کردووە نەتەنیا هیچ ئیقتدار و ئیعتبارێکی بۆ ڕێژیم دەستەبەر نەکردووە بەڵکوو بووەتە شکست و ڕسوایی زیاتر بۆی. دەخاڵەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە ناوچە شیعەنشینەکانی عێراقیش تەفرەقەی زیاتر کردووە و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی زۆربەی خەڵکی دژبەم ڕێژیمە لێ کەوتووەتەوە.
ئەگەرچی سەرانی حکوومەتی عێراق، لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانەوە بگرە تا سەرۆکی پەرلەمان و دادگای باڵای عێراق لە ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی ئەم وڵاتەدا ئاگادارن، بەڵام لە ڕاگەیاندنی هەرجۆرە هەڵوێستێکی ڕوون خۆ دەبورێن و لەژێرناوی ئەوەیکە “نابێ عێراق ببێتە ڕمبازگەی ئەوانی تر” سیاسەتی موماشات لەقەباڵ ئەم ڕێژیمە درێژە پێ دەدەن. تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک دژبە حکوومەت لە عێراق دیاردەیەکی لەناکاو نییە. جەماوەری وەگیان هاتوو لە هەژاری و برسییەتی و نەبوونی ئیمکاناتی ژیان زۆربەیان لە ناوچە پەراوێز و هەژارنشینەکانی بەغدا و شارەکانی ترەوەن و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و هاتوونەتە سەر شەقامەکان. خەڵکی عێراق لە هەموو پارت و گرووپە دەسەڵاتدارەکانی عێراق ناڕازی و تووڕەن. ڕەوتی سەدریش هەروەک باقی گرووپە ئیسلامییە کۆنەپەرستەکان خوازیاری حکوومەتی ئیسلامییە و بەتەواوی دژی دەسەڵاتی جەماوەریی خەڵکە. ڕەوتی سەدر و هێزە چەکدارەکانی سەر بەم ڕەوتە، هەر ئەوانەن کە ناڕەزایەتیی جەماوەریی خەڵک لە ساڵی ٢٠١٩ کە بە “شۆڕشی ئۆکتۆبر” ناوبانگی دەرکرد بە خاک و خوێنیان کێشا. لەوەها سیستمێکدا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنێکی پێشوەختی تریش تەنانەت ئەگەر تێیدا جەریاناتی سەربە کۆماری ئیسلامی شکستێکی سەرشۆڕانەتر لە دەورەی پێشووش بخۆن، دەورێکی باتڵە و ناتوانێ وڵامدەرەوەی ئەو قەیرانە قووڵە بێت کە دوو دەیەیە کۆمەڵگەی عێراقی داگرتووە و ژیانی زۆربەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی عێراقی بەفیڕۆ داوە.
بەڵام بەدەر لەم کێشمەکێش و ناکۆکییانە لەسەر دەسەڵات لەنێوان باڵانشیناندا، کرێکاران و جەماوەری ستەملێکراوی عێراق پێویستە بۆ جارێکی دیکە هێز و توانای خۆیان لە ئاوێنەی دوژمندا ببینن. شڵەژاویی ڕیزی دەسەڵاتداران، لاوازی و سەرلێشێواویی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی نزیک بەم ڕێژیمە، دواهاتی ڕاپەڕینی شکۆداری ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، و بایکۆتی وشیارانەی هەڵبژاردنەکان بوو. شکۆداری و مەزنبوونی جەماوەر باوەڕ بکەین و بۆ ڕێکخستنی ئیرادەی ئەم هێزە مەزن و لەبن نەهاتووە، لەپێناو کۆتایی هێنان بە دەخاڵەتگەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و باقی دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و جیهان لە عێراق و بۆ پێکهێنانی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەری، پێویستە هیچ دەرفەتێک لەدەست نەدەین.