ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ئۆکتۆبری٢٠٢٤، نوێترین “کەمپی دەستبەسەرکردن” بۆ پەناخوازان کرایەوە. لەم ڕۆژەدا کەشتییەکی ئیتالیایی ١٦ پەنابەری لە میسر و بەنگلادیشەوە لە بەندەری “شنگین”ی ئاڵبانی لە دەرەوەی یەکیەتی ئورووپا دابەزاند. بەم شێوەیە ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ کرا کە ساڵی ڕابردوو لە نێوان سەرۆک وەزیرانی نیوفاشیستی ئیتاڵیا و سەرۆک وەزیرانی ئاڵبانی واژۆ کرابوو. قەرارە ئاڵبانی جێگای “ڕواندا” بگرێتەوە. بریتانیا بەهۆی ناڕەزایەتیی دادگای نێونەتەوەیی ئەو ئیمکانەی بۆ فەراهەم نەبوو کە پەنابەران لە ئورووپاوە ڕاگوێزی ئەفریقا بکات. “ئوردووگای دەستبەسەرکردن” ناوی ئەمڕۆیی هەمان دیاردەیە کە لە ڕابردوودا دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکان ناویان نابوو “ئوردووگای زۆرەملێی”. قەرارە لەم دەستبەسەرگەیەدا دۆسیەی پەناخوازان لەلایەن کاربەدەستانی ئیتالیاییەوە لە “پڕۆسەیەکی خێرا”دا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و ئەوانەی بەقسەی خۆیان لە وڵاتانی ئەمنەوە هاتوون بۆ وڵاتەکەی خۆیان بگەڕێندرێنەوە. هەڵبەت بەگوێرەی حوکمێکی دادگای ئورووپا، لانیکەم ١٥ وڵات لەو ٢٢ وڵاتەی کە ئیتالیا بە ئەمن پێناسەیان دەکات، بارودۆخێکی ئەمنیان نییە. ڕۆژی هەینی ١٨ی ئۆکتۆبر دادگایەک لە شاری ڕۆم ئەم ڕاگواستنەوەیەی نایاسایی پێناسەکرد و خوازیاری گەڕاندنەوەی پەناخوازان بوو. مێژوو بۆ جارێکی تر دووپات دەبێتەوە. لە نێوان ساڵەکانی ١٩٣٩ و ١٩٤٣دا دەوڵەتی فاشیستی ئیتالیا لە ئاڵبانی ئوردووگاکانی کاری ئیجباری یان لەڕاستیدا ئوردووگاکانی مەرگی دروست کردبوو. ئێستاش بۆ جارێکی تر دەوڵەتی ئیوفاشیستی ئیتالیا بە هەمان مەسیردا حەرەکەتی کرد کە پێشینیانی فاشیستی پێیدا ڕۆیبوون. سەرۆک وەزیرانی ئاڵبانی هەر لە هەمان ڕۆژدا وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە لەگەڵ مێژوو پێویستە بەشێوەیەکی نەرم و نیان مامەڵە بکرێت ڕایگەیاند: „ئیتالیاییەکان هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا لەگەڵ ئێمە بوون”. هەورەها وتیشی زۆرێک لە وڵاتان داوای ئەم ئوردووگایانەیان لێکردوون بەڵام “تایبەتی” داواکارییەکەی ئیتالیایان قەبووڵ کردووە. وەزیری ناوخۆی ئاڵمان وێڕای ئاماژەدان بە نموونەی ئاڵبانی، بە “مۆدێلێکی سەرنجڕاکێش” وەسفی کردووە و “هەوڵ دەدات لە چارەسەرەکانیدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەم قەیرانە لەبەرچاوی بگرێت”. جگە لەوەش حکوومەتی ئاڵمان چەند هەفتەیەکە خاڵی پشکنینی لە سنوورەکانیدا جێگیرکردووە بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی پەناخوازان و ڕۆژی هەینیش “پاکێجێکی ئەمنی” لە پەرلەمان پەسەندکرد. بەشێک لەم “پاکێجە ئەمنییە” بریتییە لە “چڕکردنەوەی سیاسەتەکانی کۆچبەری” و “پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە دامەزراوە ئەمنییەکان”. گۆیا حکوومەتی ئاڵمان “بەهۆی چوونی بەرینی پەنابەران بۆ ئەم وڵاتە بەرەوڕووی کێشە و گرفتی ئەمنی بووەتەوە”. هۆلەند و مەجارستانیش کۆنترۆڵی زیاتریان لەسەر سنوورەکانیان جێبەجێ کردووە و هەموو ئەمانەش بەمانای هەڵوەشاندنەوەی کردەوەیی ڕێککەوتنی “شنگن” لە نێوان وڵاتانی یەکیەتی ئورووپایە.
سەرۆک کۆماری لەهستان ڕایگەیاندووە کە بەنیازە بەشێوەی کاتی سیاسەتی پەنابەریی نوێ دیاری بکات سەبارەت بەو پەنابەرانەی کە لە ڕووسیە و بلاڕووسەوە دێنە ناو وڵاتانی ئەکیەتیی ئورووپاوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند ڕۆژ دوای دەستپێکی شەڕ لە ئۆکراین سنوورەکانی ڕۆمانی و لەهستان بوونە شوێنی کارەساتی دڵتەزێنی پەنابەران. ئەو پەنابەرانەی کە لە سەرمای ژێر پلەی سفردا لەناو خێوەت و دارستانەکاندا گرفتاربوون. لەو کاتەدا پاسەوانانی سنووری لەهستان بە ناردنی زیاتر لە ٢٠ هەزار هێزی سەربازی بۆ سەر سنوور و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و توندوتیژی، بارودۆخێکی ئەوپەڕی نامرۆڤانەیان بەسەر ئاوارەکاندا سەپاند. ئەمەش دەرئەنجامی ئەو شەڕە ساردە بوو کە گەرم ببوو. هەر ئەو کات ڕێکخراوەکانی بەرگری لە پەناخوازان ڕاپۆرتی دڵتەزێنیان سەبارەت بە هەڵسوکەوتی پاسەوانانی سنووری لەهستان لەگەڵ پەناخوازان بڵاوکردەوە. ئەم ڕێکخراوانە ڕایانگەیاند کە پاسەوانانی سنووری لەهستان بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەسانەی کە لە تەلی دڕکاوی نزیک بوونەتەوە. وە ئەوانەش کە بە شکاندنی تەلی دڕکاوی چوونەتە ناو خاکی لەهستان لەلایەن هێزەکانی سنوورەوە لێیان دراوە و ڕەوانەی دەرەوەی سنوورەکان کراون. لەو هەلومەرجەدا هەموو حکومەتەکانی ئورووپا دەیانزانی کە گەڕاندنەوەی پەنابەران بەبێ بەدواداچوونی داواکارییەکەیان، لەگەڵ بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی ژنێڤ بۆ پەنابەران ناتەبایە و وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئورووپا لەوانە لەهستان ئەم ڕێککەوتنەیان واژۆ کردبوو. ئێستا، جارێکی دیکە سەرۆک کۆماری لەهستان دەیەوێت وێنە دڵتەزێنەکانی دوو ساڵ لەمەوبەر لە سنوورەکاندا بژێنێتەوە و سەرۆکانی یەکیەتی ئورووپاش لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی ١٨ی ئۆکتۆبەردا پشتگیریان لە بڕیارە نوێیەکەی سەرۆک کۆماری لەهستان کرد.
ڕۆژی هەینی ٢٧ی مانگی ڕەزبەر یەکێک لە دەستووری کارەکانی کۆبوونەوەی سەرانی یەکیەتیی ئورووپا قەیرانی پەنابەری بوو. هەموویان خوازیاری سیاسەتی سنووردارکردنەوەی چوونی پەنابەران بۆ قەڵای ئورووپا بوون. سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئوروپا ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو بەسەرەنجدان بە باس و بڕیارەکانی ژمارەیەک لە ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بە ڕەوتی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی نایاسایی ڕایگەیاند کە “پێشنووسی یاسا بەم زووانە پێشکەشی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا دەکرێت. ئەو لە نامەیەکدا ڕوو بە ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە ئەم پێشنیارە “بەڵێنی هاوکاریی ڕوونە بۆ گەڕاندنەوەی کەسەکان تا پڕۆسەکە ئاسانتر بەڕێوەبچێت.” هەموو ئەم بڕیارانە لە کاتێکدایە کە هەموارکردنی یاسای نوێی پەنابەرێتی یەکیەتی ئورووپا لە بەهاری ئەمساڵدا پەسەند کرا، بەڵام پێدەچێت ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕوانگەی یەکیەتیی ئورووپاوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بەس نەبووبێت. بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی پاراستنی سنووری دەرەوەی یەکیەتی ئورووپا کە بە کەشتی لە دەریای مەدیتەرانەدا گەشت دەکات، ژمارەی پەناخوازان بە ئاشکرا لە کەمبوونەوەدایە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە لە نۆ مانگی یەکەمی ئەساڵدا ئەم کەمبوونەوەیە بەرابەر لەگەڵ ٤٢% بووە. بەڵام ئەم کەمبوونەوەیە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنانەیە کە یەکیەتی ئورووپا لەگەڵ وڵاتانی وەک تونس و لیبی واژۆی کردووە.
واقعییەت ئەوەیە کە سەرانی یەکیەتی ئورووپا ساڵانێکە چاویان بەسەر ئەو کارەساتانەدا بەستووە کە لە سنوورەکان یان لەو وڵاتانەدا ڕوودەدات کە لایەنی ڕێککەوتنی یەکیەتی ئورووپان بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی پەنابەران بۆ ئورووپا. بۆ ئەوان پاراستنی قەڵای ئورووپا زۆر لە ژیان و مەرگی ئەو ملیۆنان ئینسانە گرینگترە کە لەژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی هەر ئەم دەوڵەتانەدا وڵاتی خۆیان جێهێشتووە. لە هەموو ئەم وڵاتانە بۆ نموونە لە سووریە، مالی و ئۆکراین ئەوە ئینسانەکانن کە دەبێ ببنە قوربانی تا شەڕ و ململانێ و کێبەرکێی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان بەرەوپێش بچێت و یان کۆمەڵگا بۆ هێرشی هێزە تیرۆریستەکانی ئیسلامی سیاسی ئامادە بکەن. تەنیا مرۆڤایەتیی پێشڕەو، ئازادیخواز و یەکسانیخوازە کە دەبێ بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆی لەدژی ئەم شەڕ و کێشمەکێشانە هاوار بکات.