کۆمەڵگای ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە لە جۆش و خرۆش دایە و پانتایی ناڕەزایەتی و مانگرتن و ڕاپەڕینە سەرانسەرییەکان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات تا گۆڕانکاری گەورە و بنچینەیی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا پێک بێنێت. لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و سەنعەتەوە بگرە تا مانگرتنی سەرانسەریی مامۆستایان لە مەدرەسەکان و لەسەر شەقام، حزووری بەردەوامی خانەنشینکراوان لە شەقامەکان، مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی کرێکارانی پەیمانیی نەوت، “ڕاپەڕینی تینووەکان” لە ئەهواز و چەند شاری دیکە”، “ڕاپەڕینی ئاو” لە ئیسفەهان، ناڕەزایەتیی ژنان دژبە هەڵاواردنی جنسییەتی و نابەرابەری و زۆرێک لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دیکە لە گۆشە و کەناری کۆمەڵگە، بەگشتی فەزای ئێرانیان بەرەو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بردووە. هەروەها ئاخێزە سەرانسەری و جەماوەرییەکانی بێبەشانی شار لە قۆناغە جۆراوجۆرەکان، لە ناڕەزایەتیی مانگی بەفرانباری ٩٦ و ئاخێزی سەرانسەریی خەزەڵوەری ٩٨ەوە تا شەپۆلی ئێستای ڕاپەڕینی هەژاران لە زۆرێک لە شارەکان، کۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو باروودۆخێکی شۆڕشگێڕانە پاڵ پێوەناوە. سەرەڕای ئەم ئاڵوگۆڕانە، بزووتنەوە و ئاخێزە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگە هێشتا پەیوەنددراو و هەماهەنگ نین و کەموزۆر لە پڕژوبڵاویدا بەسەر دەبەن.
لەئێستادا پرسیارێک کە لە بەرامبەر چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان دایە، ئەوەیە کە چۆن دەکرێ ئاڵقەی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنانەدا پێک بێت تا جەریانە لێکبڵاوەکانی تووڕەیی و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی وێک بکەونەوە و ببنە ڕووبارێکی خرۆشان و بەهێز و بەرەو مەسیرێکی ئامانجدار و ڕوون هیدایەت بکرێن. ئەگەر گەشەی چەندایەتیی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بە پانایی ئێران لە حاڵی پەرەسەندن دایە، ئەگەر شوێنی کار و ژیان و کەشوهەوای گشتی و شەقامەکان بوونەتە دیمەنی خۆڕاگری و خەباتی شکۆداری کرێکاران و بێبەشان و ئازادیخوازان، ئەگەر زۆربەی کۆمەڵگە خوازیاری کۆتایی هێنان بەم باروودۆخە و ڕزگاری لە چنگ ڕژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامین، ڕێگایەک بێجگەلە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگیی سەرانسەری لەنێواون کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو و وەگیانهاتوو بوونی نییە. لەڕاستیدا ئەگەر بەشێوەی جیددی هەوڵ نەدرێت بۆ پێکهێنانی تۆڕەکانی پەیوەندی لەنێوان ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی ئێستا و زاڵبوون بەسەر پڕژوبڵاوی و ناهەماهەنگی، هەم ئیمکانی سەرکوتیان لەلایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە ئاسانتر دەبێت و هەم چوونە ناو پێگەیەکی شۆرشگێڕانە و هەنگاوهەڵگرتن بەرەو گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی وەدوا دەکەوێت. ئەگەر بە بێ ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتی، بە بێ هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی سەرانسەریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بە بێ یەکیەتیی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان بچینە ناو قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە، ئەزموونی تاڵ و کارەساتباری شۆڕشی ٥٧ دووپات دەبێتەوە و شۆڕشی کرێکاران و ستەملێکراوان دەبێتە وێرانەیەک بۆ داهێنەرانی شۆڕش و لە جیاتییان، ڕەوتە کۆنەپەرست و بۆرژواییەکان دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن.
بۆ خۆبەدوورگرتن لە تراژێدیا مێژووییەکان و بۆ ئامادەبوونی هەرچی زیاتری کرێکاران و ڕەنجبەران بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، پێویستە هەنگاو بە هەنگاو بیر لە یەکگرتوویی و ڕێکخراوەی سۆسیالیستی و سازماندانی شۆرایی و جەمعی بکەینەوە. پێشڕەوان و چالاکانی کۆمەڵایەتی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە ڕۆڵێکی سەرەکی و چارەنووسساز لە هەماهەنگ کردن و پەیوەنددانی بزووتنەوە و ئاخێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەبینن. لەبیرمان نەچێتەوە کە مانگرتنی بەرین و سەرانسەریی “کرێکارانی پەیمانیی نەوت لە پاڵاوگە و پێترۆشیمی و وزەخانەکان”ی ئێران بە بێ حزووری کۆمەڵێکی بەرین لە ڕێبەران و پێشڕەوانی کرێکاری بەڕێوە نەدەچوو. بەشێک لە هەڵسووڕاوان لەناو ڕێکخراوی سەرانسەریی “شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت”دا ڕێکخراون و لەگەڵ کرێکارانی ئەم سەنعەتە گرینگە لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیک و نزیک دان و دەتوانن مانگرتنی سەرانسەری پێک بێنن. بێگومان مانگرتنی سەرانسەریی شۆفیر کامیۆنەکان لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بە بێ بوونی چالاکان و سازماندەران و ڕێکخراوی “شۆرای هەماهەنگیی شۆفیرانی سەرانسەری وڵات”، بەکردەوە دەرنەدەهات. هەروەها مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەردەوامی کرێکاران لە حەوت تەپە و فوولادی ئەهواز و لە زۆرێک لە ناوەندە کرێکارییەکانی دیکە بە بێ ڕێکخراوی سەربەخۆ و شۆرایی کرێکاران و بە بێ پێشڕەوان و چالاکانی کرێکاری نەیاندەیتوانی ئەم ئاستە لە خۆڕاگری و پایەداری بنوێنن و بەشێک لە خواستەکانیان بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتی دەسەڵاتداردا بسەپێنن. بزووتنەوەی چینایەتیی مامۆستایانی ئازادیخواز چۆن دەیتوانی هاوشێوەی زنجیرێک بە بەرینایی جوگرافیای ئێران ڕێک بخرێت، ئەگەر تۆڕێکی پەیوەنددراو لە چالاکانی ئەم بوارە لەئاستی سەرانسەری و مەحەلیدا بوونی نەبووایە. ئەگەر ڕێکخراوێکی سەربەخۆی وەک “شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران” نەبووایە کە ناوەندی هەماهەنگی و ئاڵقەی پەیوەندی نێوان ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان لە مەدرەسەکانی شار و دێیە، بێگومان مامۆستایان نەیاندەتوانی وەها مانگرتن و ناڕەزایەتییەکی شکۆدار و جێگای شانازی بخوڵقێنن و ئەم ئاستە لە پەیکاری چینایەتی و هاوپشتیی سەرانسەری نیشان بدەن.
مادام کە بزووتنەوەی کرێکاریی لە بەشە جۆراوجۆرەکان و باقیی بزووتنەوە پێشڕەو و ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵێکی بەرینیان لە ڕێبەران و چالاکانی بوێر و ڕادیکاڵ پەروەردە کردووە و ئەوانیان لە جەرگەی خەباتی پڕ لە هەوراز و نشێویاندا بارهێناوە، مادام کە مانگرتن و ناڕەزایەتیی بووەتە بەشێکی جیانەکراوە لە مافخوازیی کرێکاران و بێبەشان، کاتی ئەوە هاتووە کە پێشڕەوان و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بزووتنەوەی ڕزگاریبەخشی ژنان، خوێندکاران، ژینگەپارێزان، بزووتنەوەی بێبەشانی شار و گەلێک بواری دیکە، چالاکی و خەباتیان هەماهەنگ بکەن و لەگەڵ لقە جۆراوجۆرەکانی خەبات پەیوەندییان هەبێت. دیارە باروودۆخی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا جیاوازە و هەرکامیان خاڵی ئەرێنیی خۆیانیان هەیە و هاوکاتیش لەگەڵ بەربەستی تایبەت بەخۆیان بەرەوڕوون. بەڵام مادام درێژەی سیاسەتی ئابووریی ڕیازەتی و نیۆلیبرالی و داسەپاندنی هەژاری و نابەرابەری، ژیان و گوزەرانی زۆربەی خەڵکی سەخت و تاقەت پڕووکێن کردووە و کاردی گەیاندووەتە ئێسقان، مادام کە خۆڕاگری و خەبات دژبە باروودۆخی نالەباری ئابووری، هەژاری و نابەرابەری و دیکتاتۆری و بێعەداڵەتی لە پانتایی کۆمەڵگەی ئێراندا لەئارا دایە، مادام کە گۆڕینی باروودۆخی زاڵ بووەتە خواستی گشتی و سەرانسەری، پێویستە ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی شێوازێکی هاوکات و هاوئاهەنگی سەراسەریی بەخۆی بگرێت تا گەشەی چەندایەتیی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان چەند هەنگاو بەرەو پێشەوە بەرێت و باروودۆخی خەبات لەبواری چۆنایەتیشەوە تا ئاستی قۆناغی شۆڕشگێڕانە بەهێز بکات.
مادام کە مانگرتن و ناڕەزایەیی کرێکاری و کۆمەڵایەتی بەردەوام و پڕگوڕوتینە، چ باشتر کە ئەم خەباتە بەشێوەی هاوکات و یەکدەنگ و هەماهەنگ سازمان بدرێت و لە ڕیزێکی واحید و یەکگرتوودا، شوێنی کار و شەقام ببێتە مەیدانی مافخوازی و پەیکاری چینایەتی و سیاسی. ئەگەر بەو واقعییەتە گەیشتووین کە کاتی پەیوەنددان و هەماهەنگ کردنی هەموو ناڕەزایەتییەکانی ئێستا هاتووە، چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و بەکردەوەدەرهێنانی ئەم ئەرکە گرینگە سیاسی و خەباتکارانەیە دەکەوێتە سەرشانی چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم تێکۆشەرانە بە هەڵسەنگاندنی درووست و بیرلێکراوەی باروودۆخی ئێستا و بە ناسینی وەزعییەتی ئەم بزووتنەوانە لە بەشە جۆراوجۆرەکان، پێویستە دەست بدەنە داهێنان و لەپێناو یەکگرتن و هاوکاری سەرانسەریی ئەم خەباتە هەنگاو هەڵگرن.
پەیوەند خواردنی ئەم بزووتنەوانە لەگەڵ یەکتر و گرێدانیان لەگەڵ ئاخێزە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام دژبە گرانی و هەژاری و برسییەتی، هاوسەنگیی هێزی خەباتکارانە و چینایەتیی ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاوتر بەقازانجی کۆمەڵگە و بە زیانی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی دەگۆڕێت. تەنیا لەم ڕێگەوەیە کە پێداویستییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی پڕخرۆشی کرێکاران و بێبەشان ئامادە دەبێت و بۆ ڕاپەڕین بەرەو ئاڵوگۆڕی مەزن لەپێناو شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی، ئامادەمان دەکات. لەم ڕێگا پڕ لە هەوراز و نشێو و لەم پەیکارە چینایەتییەدا، حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بەسەرەنجام گەیاندنی ئەم ئەرکە مێژووییە وەئەستۆیە، پێویستە بیر لە یەکڕیزی و ڕێکخراوی چینایەتی و سەرانسەری، ئاراستەدان بە خەباتی بەرەڕوو، بەهێزکردنی گوتاری سۆسیالیستی و شۆڕشگێڕانە و هیدایەتی ئاخێزەکانی شۆڕشی سبەینێ بکەینەوە.