فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاڵمان لە کاردانەوە بە سزای سێدارەی جەمشید شارمەهد، دوو کارمەندی باڵوێزخانەی ئێرانی دەر کرد
پێنجشەممە ۰۴-۱۲-۱۴۰۱   |  23-02-2023

دادگای ڕژیم لە تاران، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمە، بە تۆمەتی “موفسیدی سەر زەوی”، سزای سێدارەی بەسەر جەمشید شارمەهد هاووڵاتیی ئێرانی- ئاڵمانیی سەپاند. ئاڵمانیش لە کاردانەوەدا، دوو کارمەندی باڵوێزخانەی ڕژیمی دەرکرد.

“ئانالنا بێربۆک”، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕەشەمە لە بەیاننامەیەکدا و لە کاردانەوە بە سزای سێدارەی جەمشید شارمەهد، دوو کارمەندی باڵوێزخانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئاڵمان بە ئاژاوەگێڕ و پێشێلکاری مافی مرۆڤ ناو برد و بڕیاری دەرکردنی ئەو دوو کارمەندەی دەر کرد و وتی: دەبێ بە خێراترین کات خاكی ئاڵمان بەجێ بهێڵن.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان، بە توندی سزای سێدارەی “جەمشید شارمەهد” لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیەوە مەحکووم کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی خێرای ئەو سزایەی کرد.

دەزگای قەزایی ڕژیم بە تۆمەتی ئەوەی کە “جەمشید شارمەهد” لە هێرشی تێرۆریستی ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی بۆ سەر مزگەوتێکی شیراز، کە لەو هێرشەدا ١٤ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون، دەورونەخشی هەبووە، سزای سێدارەی بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.