ڕۆژی چوارشەممە ٦ی گوڵان، بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دەنگی نوێی ئۆکراین، وەزیری ئابووریی ئۆکراین ڕایگەیاند: ئێمە گەمارۆگەلێکی نوێ بەسەر کۆماری ئیسلامیدا دەسەپێنین.
وەزیری ئابووریی ئۆکراین هۆکاری سەپاندنی ئەو گەمارۆوە نوێیەی وڵاتەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە گەمارۆکانی پێشتر لەلایەن ئۆکراین و وڵاتانی ترەوە بۆ سەر ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە ڕاستەوخۆ لە دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە دەستیان هەبووە زۆر کاریگەر نەبووە و بۆیە ئۆکراین ڕاستەوخۆ گەمارۆ دەخاتە سەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.
بەپێی ئەو گەمارۆیە، گواستنەوەی داراییەکانی ئێرانییانی نیشتەجێی وڵاتی ئۆکراین بۆ دەرەوەی ئۆکراین قەدەغەیە و هاووڵاتییانی ئێرانیی نیشتەجێ لە ئۆکراین ناتوانن داراییەکانیان بۆ ئێران بگوازنەوە.
ئەو گەمارۆوە پێشنیارکراوانە پاش پەسەندکردنی لەلایەن شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی ئۆکراین و هەروەها پەسەندکردنی سەرۆککۆماری ئۆکراین دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی “واڵ ستریت ژۆرناڵ”، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ٦ مانگی ڕابردوودا سێسەد هەزار گولـلە تۆپ و یەک میلیۆن فیشەکی چەکی سووکی ڕەوانەی ڕووسیە کردووە.
هەروەها کۆماری ئیسلامی بەوە تاوانبارە کە بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ ئۆکراین، دڕۆن ڕەوانەی ڕووسیە دەکات.