بزووتنەوەیەکی شکۆمەند لە بەرامبەر چاوی هەمووماندا لەئارادایە. هاوکات بیروڕای گشتی و مرۆڤایەتیی پێشکەوتنخواز لەئاستی جیهانیدا بە دڵێکی پڕ لە هیوا و لە هەمان کاتدا بە نیگەرانییەوە دەڕواننە ڕەوتی ڕووداوەکان. ئاڕەزایەتی و خۆڕاگریی جێی ستایش لە گۆشە و کەناری ئێران دەبینن. ژنان و پیاوانێکی لاو کە بوێرانە شەقامەکانیان کردووەتە مەیدانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان. خوێندکارانێک کە بەرپرسانی دەوڵەتییان لە زانکۆکان ڕاوناوە، میلەی زانکۆکان دەشکێنن و بە ڕیزی ناڕازییانی سەر شەقام پەیوەست دەبن. خوێندکاران لە زۆربەی زانکۆکان نۆڕمەکانیان تێکداوە و لەبەر چاوی حەراسەت لە ساڵۆنەکانی غەزاخۆری کچ و کوڕ پێکەوە حزووریان هەیە و هێزەکانی حەراسەت ناوێرن لێیان نزیک بنەوە. خوێندکارانی مەدرسەکان وێنەی سەرانی ڕێژیم دێننە خوارێ، ڕووسەرییەکانیان بە زەویدا دەدەن و بە هەمان شور و شەوقی نەوجەوانییەوە لە شەقامەکان درووشم دەڵێنەوە. ئەم دیاردانە ئەگەرچی بەڕواڵەت چکۆلەن، بەڵام لەڕاستیدا دیمەنگەلێک لە هێرش بۆ سەر سیاسەتی دژەژن و هەڵاواردنی ڕەگەزی و هێرش بۆ سەر یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی حکوومەتی ئیسلامی نیشان دەدەن. ناوەندی نووسەرانی ئێران، پەلاماری دڕندانەی ڕێژیم بۆ سەر خوێندکاران، بە تاوانێکی لەبیرنەکراو لە مێژووی ئەم وڵاتە ناودەبات. مامۆستایان بۆ ڕۆژانی یەکەم و دووهەمی خەزەڵوەر مانگرتنی سەرانسەرییان ڕاگەیاندووە. مانگرتن و ناڕەزایەتیی شەقام بووەتە بابەتێکی ئاسایی لە کۆمەڵگەدا. “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر”، “ژن، ژیان، ئازادی”، “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، تەنیا بەشێک لەو درووشمانەن کە خەڵکی بەشێوەیەکی بەهێز پێکەوە پەیوەند داوە و هێز و متمانەبەخۆییان پێ دەبەخشێت. ئەو هەمووە بوێری و خۆڕاگرییە بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی سەرمایەداریی هاری مەزهەبی بەشێکی یەکجار بەنرخە لە مێژووی نەسلێک کە زۆربەیان دوو دەیە دوای بەدەسەڵات گەیشتنی دژەشۆڕشی ئیسلامی لە دایک بوون.
لە دەستپێکی هەفتەی شەشەمی ئەم ئاخێزەدا، خەڵک هەروا لە جۆش و خرۆش و گوڕوتینی شۆڕشگێڕانەدا بەسەر دەبەن. سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانەی کە ڕێژیم لە بواری گەیاندنی هەواڵدا پێکی هێناوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و شەڕ و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لە زۆرێک لە شارەکان هەروا درێژەی هەیە. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لەماوەی پێنج هەفتەی ڕابردوودا زۆر سەنگەری گرتووەتەوە کە تا دۆینێ وێنەدەچوو بگیرێنەوە. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانە نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بۆ پێشڕەویی خۆی پێویستی بە ڕێکخستنە. ئیرادەی شۆڕشگێڕانەمان پێویستە ڕێک بخەین. چۆن دەتوانین لە جەرگەی ئەم ناڕەزایەتییانەدا، شۆرای کرێکاران لە کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، سەدان و هەزاران شۆرای گەڕەک، شۆرای خوێندکاران و شۆرای ژنان پێک بێنین.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا نەسلێک لە چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و سەنعەتدا پەروەردە بوون و هاتوونەتە مەیدان کە خاوەنی ئەزموونی بەنرخن لە بواری پێکهێنانی کۆمیتەکانی مانگرتن، بەڕێوەبردنی مەجمەعی عموومی و ڕێکخستنی مانگرتنی شکۆمەندی کرێکاری. ئەم هەڵسووڕاو و ڕێبەرە کرێکارییانە بە پشت بەستن بە ئەزموون و بە هاوسەنگییەکی تازەی هێز کە لە کۆمەڵگەدا خوڵقاوە دەتوانن لە پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکاندا دەستپێشخەر بن. لە جەرەیانی ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و بەتایبەت لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەی ئێستادا لاوان بە بوێرییەکی بێوینەوە شەقامەکانیان گرتووەتەوە و فێربوون کە چۆن خەبات و ناڕەزایەتی لەسەر شەقام بە گرتنەبەری تاکتیکی جۆراوجۆر سازمان بدەن. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئەم تۆڕە لە لاوانی گەڕەکە جۆراوجۆرەکانی شارەکان کە پێکەوە لە پەیوەندی دان، ببنە بەردی بناغەی شۆرای گەڕەکەکان. ئەم شۆرایانە لە بارودۆخی ئێستادا دەتوانن وەک ئۆرگانی ڕێکخستن و ڕێبەریی خەباتی جەماوەری ڕۆڵ ببینن و لەگەڵ لاوازتر بوونی زیاتری ڕێژیمی ئیسلامی و لەگەڵ هەر بۆشایییەک کە لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی گەڕەک و شاردا پێک دێت وەک ئۆرگانی ئیدارە و مودیریەتی کۆمەڵگە دەورونەخشیان بێت.
لەبیرمان نەچێتەوە کە ئەگەر حکوومەتی ئیسلامی لە پێناو شکستپێهێنانی ئێمەدا بە توندی سەرکوت دەکات، زلهێزە ئیمپریالیستەکان بە پشت بەستن بە هێزە ئۆپۆزسیۆنە بۆرژواییەکان، لە هیچ هەوڵێک بۆ شکستپێهێنانی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە و گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر سەری جەماوەرەوە دەریغ ناکەن. ئەوان تەنانەت بێشەرمانە هەوڵ دەدەن بە زەوتکردن و دووپاتکردنەوەی هێندێک لە درووشمەکانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە، لە ناوەرۆکی پێشڕەو و پێشکەوتنخوازانە بەتاڵیان بکەن. لەم ڕووەوە پێویستە وشیارانە هەنگاو هەڵگرین و بە ڕێکخستنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خۆمان و بە ڕوونترکردنەوەی هەرچی زیاتری مانای سەرکەوتن، پیلانی دوژمنانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە تێکبشکێنین.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران