
رۆژی پێنجشەممە ٩ی خاکەلێوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە، سیستەمی ناسینەوەی ڕوخسار لە کەرتی غەززە لە دسامبری ٢٠٢٣وە کارا کراوە، کە تێکنۆلۆژیەکی تاقیکارییە بۆ ئەنجامدانی چاودێریی بەکۆمەڵ و ناسینەوەی ڕووخساری فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی ئەوان.
ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، سەرەتا ئەم سیستەمە بۆ گەڕان بەدوای بارمتەکاندا بەکارهاتووە کە لە ٧ی ئۆکیۆبری ٢٠٢٣دا ڕفێندرابوون، بەڵام دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی سپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ئیسرائیل زیاتر دەستی کرد بە بەکارهێنانی ئەو سیستەمە بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بەو کارەوە هەیە.
ڕۆژی (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند ڕۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومان کرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٤٠ کەسیشی بە بارمتە دەستگیر کرد کە هەتا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ بارمتەیان ئازاد کراون.