ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانبار، هرتزی هالیوی، فەرماندەی ئەرتەشی فاشیستی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “شەڕ لە دژی حەماس بۆ چەند مانگێکی دیکە بەردوام دەبێت و ئێمە بە ڕێگەی جیاوازەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی کە دەستکەوتەکانمان بپارێزین”.
ناوبراو وتوویەتی: “هیچ ڕێگەیەکی کورت نییە کاتێک کە باس لە هەوڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەکرێت، جگە لە سەرسەختی و ئیرادە لە شەڕەکەدا”.
بە وتەی ئەم فەرماندەیە، ئەرتەشی ئیسرائیل، سەرنجی خستووەتە سەر باشووری لێواری غەززە و ژمارەیەکی زۆر چەکداری حەماسیشی بەدیل گرتووە.
ئەوە لەحاڵێکدایە وڵاتی میسر بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە لە هەوڵی جێبەجێکردنی پلانێکی گەورە بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلی و خارجیەکاندایە.
لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە کە هەریەک لە گرووپی حەماس و جیهادی ئیسلامی دەستپێشخەرییەکەی میسریان ڕەت کردووەتەوە.
دوو مانگ و نیوە شەڕی گرووپە میلیشیاکانی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و بەپێی ئاماری تەندروستیی لێواری غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئەو ناوچەیە، نزیک ٢١ هەزار فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و ٢٠٠ کەس کوژراون.