فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئینتەرنێتی چینایەتی، ئامرازی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی و قووڵکردنەوەی نایەکسانی لە سەرمایەداریی ئیسلامیدا
یەکشەممە ۲۰-۰۲-۱۴۰۵   |  10-05-2026

پێوەستبوونی تەواو و سەقامگیر و بێ‌هەڵاواردن بە ئینتەرنێتی جیهانییەوە، مافی بنەڕەتیی کرێکاران، زەحمەتکێشان و تەواوی خەڵکی ئێرانە. با بۆ بەرگریکردن لەم مافە بنەڕەتییە و لە دژی ئینتەرنێتی چینایەتی، یەکگرتووانە دەست بدەینە ناڕەزایەتی و خەبات.

زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ بەسەر پچڕانی سەرتاسەریی ئینتەرنێت لە ئێراندا تێدەپەڕێت. پچڕانی ئینتەرنێت لە ١٠ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ەوە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بووەتە قەیرانێکی پێکهاتەیی کە دەرهاویشتەکانی سێبەری خستووەتە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیی کۆمەڵگای ئێران. کۆماری ئیسلامی بە پچڕانی ئینتەرنێت ئێستا لە هەوڵدایە گەڵاڵەیەک کە پێشتر بە ناوەکانی «ئینتەرنێتی سپی»، «سیمکارتی سپی» یان «ئینتەرنێتی تایبەت» دەناسرا، بە ناوگەلێکی نوێترەوە وەک «ئینتەرنێت پرۆ»، «ئینتەرنێتی سەقامگیر» و لە ڕاستیدا «ئینتەرنێتی چینایەتی» هەنگاو بە هەنگاو جێگیر بکات. «ئینتەرنێت پرۆ» خزمەتگوزارییەکە کە پاش سەلماندنی ناسنامە و پەسەندکردنی شیاویی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمەوە، دەدرێتە هەندێک لە کاروکاسبییە مۆڵەتدراوەکان و مۆرەکانی حکومەت. بەپێی ئەم گەڵاڵە چینایەتییە، کاربەدەستانی حکومەت، منداڵەکانیان و مۆرە و سیخوڕەکانیان بێوەستان و بێ کێشە بە جیهانەوە دەبەسترێنەوە، بەڵام زۆرینەی خەڵک یان دەبێت لەم مافە بنەڕەتییە واتە دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە زانیارییەکان بێبەش بکرێن، یانیش بۆ چەند ساتێک پێوەستبوون بە ئینتەرنێتەوە، لە ناچاریدا باجێکی قورس و کەرامەت‌شکێن بدەن.

لەم هەلومەرجەدا، بڕینی ئینتەرنێت لە لایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە بووەتە ئامرازێک بۆ جیاکاریی کۆمەڵایەتی و کۆنترۆڵی سیاسی. دەرئەنجامی ئەم ڕەوتە، بێبەشکردن و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگایە بە ڕەوتی ئازادی زانیارییەکان، لاوازکردنی ئابووریی دیجیتاڵ و پەرەسەندنی گۆشەگیریی کۆمەڵایەتییە. وتەکانی سەرۆکی سەندیکای کاروکاسبییە مەجازییەکان سەبارەت بە دابەزینی ٤٠ بۆ ٥٠ لەسەدی فرۆش، دەرکردنی کرێکاران و مایەپووچبوونی بەرفراوانی کاروکاسبییە بچووکەکان، تەنیا بەشێک لە ڕەهەندەکانی ئەم قەیرانە ئاشکرا دەکات؛ لێرەدا ئینتەرنێت لە سەکۆیەکی گەشەی ئابوورییەوە، ماهییەتی خۆی گۆڕیوە بۆ میکانیزمێک بۆ توندترکردنی کەشی سەرکوت و سەپاندنی دیسپلینی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بڕین و سنووردارکردنی ئینتەرنێت، لە هەمووان زیاتر قورساییەکەی دەخرێتە سەر شانی چینە بندەستەکان و توێژە زیانپێکەوتووەکانی ئابووریی دیجیتاڵ. فرۆشگاکانی ئۆنلاین، فریلانسەرەکان، شۆفێرانی پلاتفۆرمە ئینتەرنێتییەکان، بەرهەمهێنەرانی ناوەڕۆک و هەزاران کاروکاسبیی ورد، گرێدراوی دەستڕاگەیشتنی سەقامگیرن بە ئینتەرنێتی جیهانی. تێکچوونە بەرفراوانەکان و فیلتەرینگی توند، لە کردەوەدا زنجیرەی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و پێوەندی لەگەڵ کڕیارانی پەک خستووە و زۆربەی ئەم کارانەی گەیاندووەتە لێواری لەناوچوون.

لەم نێوەندەدا، ئەو گرووپانەی کە نزیکن لە پێکهاتەی دەسەڵات و ئەو کۆمپانیایانەی کە سوودمەندن لە ئیمتیازە تایبەتەکانی حکومەت، هێشتاش دەستیان بە ئامرازەکان و ژێرخانەکانی پێوەندیگرتن دەگات. دەرەنجامەکەی، دروستبوونی جۆرێک لە قۆرخکاریی دیجیتاڵییە کە تێیدا کێبڕکێی ئازاد جێگەی خۆی دەداتە تۆڕێک لە ئیمتیازاتی ئەمنی و سیاسی. ئەم ڕەوتە، درزی چینایەتیی قووڵتر کردووەتەوە و بەشێکی گەورە لە هێزی کاری دیجیتاڵی لەگەڵ بێکاری، کەمبوونەوەی داهات و نائارامیی بژێوی بەرەوڕوو کردووەتەوە. گەڵاڵەی ئینتەرنێتی چینایەتی، دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە ئینتەرنێتی جیهانی دەکاتە ئیمتیازێکی سنووردار بۆ گرووپە تایبەتەکان؛ ئەو گرووپانەی کە لەژێر ناوی «پیشەیی»، «پسپۆڕانە» یان «پەسەندکراو»ی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێم دەناسرێن و توانای وەرگرتنی ئینتەرنێتی بێ‌سنووریان هەیە. لە بەرانبەردا، زۆرینەی کۆمەڵگا ناچارن ئینتەرنێتێکی سنووردار، فیلتەرکراو و کۆنترۆڵکراو بەکار بهێنن. ئەم هەڵاواردنە، جۆرێکە لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی لەسەر بنەمای نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە زانست، زانیاری و دەرفەتە ئابوورییەکان. لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئینتەرنێت تەنیا ئامرازی پێوەندیگرتن نییە، تەنیا بەشێک نییە لە مافە بنەڕەتییەکانی خەڵک بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، بەڵکوو ژێرخانی پەروەردە، کار، بازرگانی، لێکۆڵینەوە و بەشداریکردنی کۆمەڵایەتییە. سنووردارکردنی، لە کردەوەدا بە واتای پێشێلکردنی ئەم مافە بنەڕەتییە و بەرتەسککردنەوەی دەرفەتی گەشەکردن و بەشداریکردنی بەشێکی زۆری کۆمەڵگایە. ئابووریی دیجیتاڵ لە کرۆکیدا گرێدراوی پێوەندیی جیهانییە. کاروکاسبییەکان بۆ گەشەپێدانی بازاڕ، ڕاکێشانی کڕیار، هاوکاریی نێودەوڵەتی و دەستڕاگەیشتن بە تەکنۆلۆژیا، پێویستیان بە ئینتەرنێتی جیهانییە. سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت، لە ڕاستیدا یەکێک لە ژێرخانە ئابوورییەکان دەداتە بەر زەبری خۆی. لەم هەلومەرجەدا، تەنیا ئەو دامەزراوانە دەمێننەوە کە بەهۆی نزیکییان لە دەسەڵاتی سیاسییەوە، توانای تێپەڕینیان لەو کۆتوبەندانە هەیە.

ئەزموونی ساڵانی ڕابردووش نیشانی داوە کە کۆتوبەندە ئینتەرنێتییەکان بەگشتی بە بیانووی بارودۆخی قەیراناوییەوە دەست پێدەکەن، بەڵام پاش کۆتاییهاتنی قەیرانەکەش بەردەوام دەبن. ئەم دۆخە، ئینتەرنێتی لە ژێرخانێکی گشتییەوە گۆڕیوە بۆ ئامرازێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی. دەرهاویشتەی سنووردارکردنی ئینتەرنێت تەنیا ئابووری نییە. لە قۆناغەکانی ناڕەزایەتی و ئاڵۆزییە سیاسییەکاندا، بڕینی پێوەندییەکان ڕۆڵێکی گرنگی لە سەرکوتدا گێڕاوە. کاتێک دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت پەک دەخرێت، دەرفەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵ، وێنە و گێڕانەوە سەربەخۆکانیش لەناو دەچێت. لە وەها کەشێکدا، دەستبەسەرکردنەکان، توندوتیژییە سەرشەقامەکان و لەسێدارەدانەکان لە بێدەنگیی میدیاییدا ڕوو دەدەن و کۆمەڵگا لە دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە سەربەخۆکان بێبەش دەکرێت. لە ساڵانی دواییدا، ئەزموونی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکان نیشانی داوە کە هەر شەپۆلێکی نوێی سەرکوت، هاوکات بووە لەگەڵ بڕین یان سنووردارکردنی توندی ئینتەرنێت. پاش ڕاپەڕینەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨، لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە بڕینی ئینتەرنێت یارمەتیدەر بووە بۆ شاراوەمانەوەی کوشتاری زیاتر لە ٣٠٠ کەس. لە بەفرانباری ١٤٠٤یشدا، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و بەتایبەتی لە ڕۆژەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا، ڕژێمی ئیسلامی ئینتەرنێتی بەتەواوی بڕی تاوەکوو ڕەهەندە سامناکەکانی کۆمەڵکوژیی خۆپیشاندەران بشارێتەوە.

هەروەها بڕینی ئینتەرنێت، دەرفەتی خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، پێوەندیگرتنی نێوان ناڕازییان، چالاکیی میدیا سەربەخۆکان و تەنانەت هەواڵپرسینی خێزانیش پەک دەخات. ئەم گۆشەگیرییە، هەستی بێ‌پەنایی و ترس لە کۆمەڵگادا بڵاو دەکاتەوە و تێچووی ناڕەزایەتی و چالاکڤانی بەرز دەکاتەوە. حکومەت بە کۆنترۆڵکردنی ڕەوتی زانیارییەکان، هەوڵ دەدات گێڕانەوەی فەرمیی (حکومەتی) بکاتە تاکە گێڕانەوەی بەردەست. بەڵام لە هەمان کاتدا، هەر ئەم سیاسەتانە کەلێنی نێوان کۆمەڵگا و پێکهاتەی دەسەڵاتیان قووڵتر کردووەتەوە و قەیرانی ڕەوایی سیاسیی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییان توندتر کردووەتەوە.

دەستڕاگەیشتنی گشتی بە ئینتەرنێت، ئەمڕۆ زیاتر لە جاران بووەتە پرسێکی گرێدراو بە مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان و ئازادیی ڕادەربڕین. بێبەشکردنی زۆرینەی خەڵک لە ئینتەرنێتی ئازاد، بە واتای خنکاندنیان و سڕینەوەیانە لە دەرفەتە پەروەردەیی، ئابووری و سیاسییەکان. پێوەستبوونی تەواو و سەقامگیر و بێ‌هەڵاواردن بە ئینتەرنێتی جیهانییەوە، مافی بنەڕەتیی کرێکاران، زەحمەتکێشان و سەرجەم خەڵکی ئێرانە. با بۆ بەرگریکردن لەم مافە بنەڕەتییە و لە دژی ئینتەرنێتی چینایەتی، یەکگرتووانە دەست بدەینە ناڕەزایەتی و خەبات. کرێکاران، زەحمەتکێشان و جەماوەری ستەمدیدەی ئێران، ئەم سیاسەتە چینایەتی و قێزەونە تێکدەشکێنن و بە چۆکیدا دەهێنن.