ڕۆژنامەی بریتانیایی فایننشاڵ تایمز، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی گەشە و هاوکاریی ئابووری، ئێران خێراترین گەشەی کۆچکردنی لە نێوان وڵاتانی ئەندام لەم ڕێکخراوەیەدا بۆ ساڵی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٢ هەبووە.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ڕێژەی داواکاری بۆ وەرگرتنی پەنابەری لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠٢٢ بەنیسبەت ساڵی ٢٠٢١، بە ڕێژەی ٤٤ لەسەد بەرز بووەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا مامۆستایەکی پێشووی زانکۆی سەنعەتی شەریف باسی لە کۆچکردنی کەسانی رۆشنبیر کردووە و نووسیوتی : ئەمەی کە ئێستا دەیبینین لە کۆچی خوێندکار و رۆشنبیران دەرچووە و هەڵاتنی بەکۆمەڵە. ناوبراو بە پشتبەستن بە ئاماری بڵاوکراوی “فایننشاڵ تایمز” باسی لەوە کردووە کە بەپێی ئەم داتایانە ئێران پلەی یەکەمی هەڵاتنی رۆشنبیرانی لە ئاستی جیهاندا هەیە.
جیا لە بەردەوامیی سەرکوت و نەبوونی ئازادی، بارودۆخی دژوار و نالەباری ئابووری یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی کۆچکردن لە ئێرانە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە ڕژیم ساڵانە بە میلیۆنان دۆلار سەرفی میلیشیا و دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا دەکات.