سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی گوڵان، سزای سێدارەی “ئەنوەر خزری” بەندکراوی عەقیدەتی و خەڵکی مەهاباد لە حاڵێکدا کە پازدەهەمین ساڵی بەندکرانی بە بێ هەبوونی مافی مەرەخەسی تێپەر دەکرد، لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەنوەر خزری ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوویەوە و بنەماڵەکەی بە مەبەستی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵی لە مەهابادەوە چووبوونە کەرەج، بەڵام نەیانتوانیوە دوایین دیدار ئەنجام بدەن. جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی پاییز و زستانی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی چوار کەسی دیکە لە هاودۆسیەییەکانی ئەنوەر خزری بە ناوەکانی فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابەستە، داوود عەبدوڵڵاهی و ئەیووب کەریمی هەر لەو زیندانە جێبەجێ کراوە. ئەو بەندکراوانە بەتۆمەتی دۆسیەی کوژرانی “عەبدولڕەحیم تینا”، لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “کردەوەی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی”، “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت”، “ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان” و “افساد فی الارض” حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.