بەرەبەیانی پێنجشەممە ١٤ی بەفرانبار، سزای لە سێدارەدانی “سەعید مۆرادیان”، لاوی بەندکراوی خەڵکی شاری کەنگاوەر لە زیندانی ناوەندی شاری هەمەدان جێبەجێکرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە ٣ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە” دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری هەمەدان سزای لە سێدارە دانی بەسەردا سەپێنرابوو. جێگای ئاماژەیە، تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لە سێدارەدانی سەعید مۆرادیان لە میدیاکانی ڕژیم بە تایبەتی میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە. هەر وەها سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١١ی بەفرانبار، پێنج بەندکراو بە ناوەکانی “داریوش شوکرزادە ، مەسعود رۆستەمی خەڵکی کەرەند غەرب ، ئەفشین محەممەدی تەمەن ٣٧ ساڵ ، مەنوچێهر عوقابی و ناوخاس مەلەکی” هەر دوو خەڵکی ئیسلام ئاوای غەرب پاش ١٠ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندی کەرەج لە سێدارە دران. لەم پێوەندەدا، ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ڕژیم نوسیبوویی کە ئەم پێنج بەندکراوە بە تۆمەتی “دزی بە زەبری چەک و پێکهێنانی گروپی چەکدار بۆ تێکدانی ئاسایشی ڕێگاکان و ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و زیان گەیاندن بە داراییەکانی خەڵک ” لە لایەن دادگای شۆڕشی کەرەجەوە سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێنراوە. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، لە ماوەی چوار ڕۆژی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیی، سزای لە سێدارەدانی لانیکەم ١٢ بەندکراو کە ٧ کەسیان کورد بوون لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ کراوە.