لانیکەم حەوت بەندکراو کە بەشێکیان پێشتر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار” و “گەندەڵی لەسەر ئەڕز لە ڕێگەی دابین کردن و بڵاوکردنەوەی مەشرووباتی ژەهراویی” بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، لە زیندانەکانی قزڵحسار و ناوەندیێ کەرەج ئێعدام کران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەر، حوکمی ئێعدامی دوو زیندانی بە ناوەکانی “محەممەد کووشکی” تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی کۆهدەشت و هەروەها “باباخان جەعفەری” ٦٥ ساڵ و خەڵکی نوورئابادی لۆرستان، لە زیندانی قزڵحساری کەرەج بە کردەوە دەرهات. هاوکات حوکمی ئێعدامی بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان کە ناوبانگی بڵاونەکراوەتەوە، لەم زیندانە بەکردەوە دەرهاتووە. ئەم سێ بەندکراوە، بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوون. لە لایەکی دیکەوە، حوکمی ئێعدامی چوار بەندکراو کە بە تۆمەتی “گەندەڵی لەسەر ئەڕز لە ڕێگەی دابین کردن و بڵاوکردنەوەی مەشرووباتی ژەهراویی” دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج بە کردەوە دەرهات.