
سەرلە بەیانیی چوارشەممە ۲۶ی خەرمانانی ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراو بە ناوەکانی “نەدیم ئەشرەفزادە” تەمەن ۳۸ ساڵ و خەڵکی چابەهار و “عەبدولقادر سەرگوڵزایی”، تەمەن ۳۶ ساڵ و خەڵکی زاهیدان له زیندانی ناوەندیی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.
نەدیم ئەشرەفزادە لە هەشت ساڵ لەمەوبەر و عەبدولقادر سەرگوڵزایی لە ۱۰ ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بەناوی “عەلی ئیسماعیلی” خەڵکی نوراوا و بەندکراوێکی دیکە بەناوی “ڕەحمان سەرلەک” کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
هەروەها لە هەمان ڕۆژ، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بەناوی “مۆحسین یەگانە” کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە زیندانی ناوەندیی سمنان جێبەجێ کرا. لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە ۲۴ی خەرمانانی ١٤٠٤، بەندکراوێک بەناوی سابیر کووشافەر، خەڵکی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا. هەروەها، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ۳۰ی گەلاوێژی ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بەناوی “عەلی ئەوسەت ئەکبەری”، تەمەن ۵۰ ساڵ و خەڵکی گوندی «شاخدار»ی سەر بە شارۆچکەی ئابگەرمی شاری بوویین زەهرا، لە زیندانی ناوەندیی بویین زەهرا لە پارێزگای قەزوین جێبەجێ کراوە. ئەو بەندکراوە حەوت ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” لە ئەنجامی کێشەیەکی موڵکیدا دەستبەسەر کرابوو و حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو.