
سەرلە بەیانیی دووشەممە ۲۲ی گوڵانی ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی سێ بەندکراو بریتی لە یەک ژن بە ناسنامەی “مەحبووبە خسرۆنژاد”، هاووڵاتییەکی تورکمان بەناوی سەفا قەرەداشی، تەمەن ۲۶ ساڵ و خەڵکی ئاق قەڵای سەر بە پارێزگای گوڵستان و فیرووز (عێرفان) عەلیاری تەمەن ۲۸ ساڵ و خەڵکی گورگان لە زیندانی ئەمیرئابادی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەحبووبە خسرۆنژاد پێنج ساڵ لەمەوبەر و فیرووز عەلیاری و سەفا قەرەداشی هەردوو لە چوار ساڵ لەمەوبەرەوە، لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” دەستبەسەر و حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو. لە لایەکی دیکەوە، حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراو بەناوەکانی “کورۆش جەلیلی” تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی کرماشان و “مێهران نەسری زەڕ” تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی سنە، بەشێوەی نهێنی و بێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئەم دوو بەندکراوە سێ ساڵ لەمەوبەر لە دۆسیەی جیاواز بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” دەستبەسەر و دواتر حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات لە زیندانی ناوەندیی ئیسفەهان، بەندکراوێک بەناوی “مەحموود حوجەت زادە” تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی توربەت حەیدەریە سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی کە سێ ساڵ لەمەوبەر دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان” حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو، لەسێدارە دراوە. لە هەمان ڕۆژدا بەندکراوێکی دیکە بەناوی جەلیل عەزیزی کە پێشتر بە هەمان تۆمەت حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو لە زیندانی ناوەندیی ئەراک سەر بە پارێزگای مەرکەزی جێبەجێ کراوە.
لە لایەکی دیکەشەوە بە جێبەجێکرانی حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بەناوی “پەیام موختاری” خەڵکی مەراغە، ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە ڕۆژی سێشەممە ۱۶ی گوڵان لە زیندانی ناوەندیی تەورێز گەیشتە دوو کەس. پێشتر لەو ڕۆژەدا هەواڵی لەسێدارەدرانی حەسەن ساعی بڵاوکرابوویەوە.