بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانبار، سزای سێدارەی “کەیومەرس غوڵامی” بەندکراوی تەمەن ٤١ ساڵی خەڵکی سەرواڵەی سەر بە پارێزگای ئیلام و “محەممەد حسێن گەڕاوەند” بەندکراوی خەڵکی کۆیەشتی لۆرستان لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا.
ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانبار لە بەشی دووی هۆڵی ١ی زیندانی قزڵحسار بەمەبەستی جێبەجێ کردنی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە. محەممەد حسێن گەڕاوەند و کەیومەرس غوڵامی پێشتر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوه سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. جێگای ئاماژەیە، هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ڕاپۆرتی لەسێدارەدرانی ئەم دوو بەندکراوە لە میدیا فەرمییەکانی ڕژیم بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.