ئێعدامی دوو بەندکراو لە زیندانی ناوەندی کەرەج
یەکشەممە ۲۴-۱۰-۱۴۰۲   |  14-01-2024
بەپێی ڕاپۆرەکان، بەرەبەیانی روژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانبار، سزای لە سێدارە دانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی “هادی نەزەری” و “عەلی میری” هەر دوو خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، لە زیندانی قزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو بەندکراوە دوو ساڵ لەمەوبەر لە شاری کەرەج لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە” سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لە سێدارە دانی ئەم دوو بەندکراوە لە میدیاکانی ڕژیم بەتایبەتی میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەرییەوە بڵاونەکراوەتەوە.