بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە ٨ی خەزەڵوەر، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی “جەلال وەحدەتی”، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی ئەلیگوودەرز و “خەلیل محەممەدی”، خەڵکی شاری هەرسین، لە زیندانی ناوەندیی خوڕەماوا جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم دوو هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو. شایانی باسە، سەرەڕای پێشنیاری دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی جەلال وەحدەتی، بەڵام ئەم پیشنیارە لەلایەن کۆمیسیۆنی تایبەتی دادوەرییەوە ڕەت کراوەتەوە. ڕۆژی ڕابردوو ئەو دوو بەندکراوە لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی پارسیلۆن گواسترابوونەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە، تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە لە هەواڵدەری و ڕایگەیاندنەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەزگای دادوەریی ڕژیم بڵاو نەکراوەتەوە.