ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە جەنایەتێکی دیکەدا بەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٩ی مانگی گوڵانی ١٤٠٢ تۆمەتبارانی پەروەندەی ناسراو بە “خانەی ئیسفەهان” (ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی و سەعید یەعقوبی) ئێعدام کرد. دەزگای قەزایی ڕژیم ئەم سێ کەسە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئیسفەهانی بە تۆمەتی موحاربە لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەک لە شوێنی گشتی، پێکهێنان و ئیدارەی دەستە و گرووپی تاوانکار بە مەبەستی شێواندنی ئەمنیەتی وڵات و کۆبوونەوە و تەبانی دژبە ئەمنیەتی ناوخۆ بە سزای ئێعدام مەحکووم کردبوو. ئێعدامی ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە لە حاڵێکدایە کە فیلمی ئیعترافاتیان لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بەئامانجی چاوترسێنکردنی خەڵک پێشتر لە میدیاکانی حکوومەتەوە بڵاوکرابووەوە. کۆماری ئیسلامی بە درێژایی دەسەڵاتی، ئیعترافاتی تەلەڤیزیۆنی لەژێر ئەشکەنجەدا وەک ئامرازێک بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا و پاساوکردنی ئەم حوکمە دژە ئینسانییانە بەکار هێناوە. هەر کام لە تۆمەتباران بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوون. مەجید کازمی لە فایلێکی سەوتیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە وتبووی کە لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەدا ئیعترافی ئیجباریی لێ وەرگیراوە و بەردەوام ئەشکەنجە دراوە. ئەو لەم فایلە سەوتییەدا وتبووی کە بازجوەکان هەڕەشەیان لێ کردبوو کە براکەی ئێعدام دەکەن و دایک و باوکی ئازار دەدەن. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران چەند بەڵگەگەلێک لە پەروەندەی “خانەی ئیسفەهان” بەدەست هاتوون کە ناڕوونیی لە سەلماندنی تاوان، پێشێلکردنی مافی تۆمەتباران لە پڕۆسەی بەدواداچوونی حوکمی ئێعدامیان نیشان دەدات. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زۆربەی ئەو بەڵگانەی کە لەم پەروەندەیەدا کراونەتە پێوەری دەرکردنی حوکمەکەیان، ئیعترافی ئیجباریی ئەم سێ کەسە بووە کە لەژێر ئەشکەەنجەی جەستەیی و دەروونیدا لێیان وەرگیراوە. ڕژیمی هاری ئیسلامی تەنیا لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی گوڵاندا ١٣ کەس و لە یەک مانگی ڕابردوودا نزیکەی ١٠٠ کەسی لە شارەکانی ئێران لە سێدارە داوە.
ئێعدامی ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی و سەعید یەعقوبی کردەوەیەکی جەنایەتکارانەیە کە جەماوەری تێکۆشەر و مافخوازی سەرانسەری ئێرانی کردووەتە ئامانج تا لەم ڕێگەوە چاوترسێنیان بکات و ناچار بە بێدەنگی بن. ڕژیم بەو پەروەندانەی کە لەڕێگەی بێ ڕەحمانەترین و توندترین ئەشکەنجە پێکی هێناون، دەیهەوێ بەر بە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاران و ناڕەزایەتیی مامۆستایان و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا بگرێت. ڕژیمی ئیسلامی کە لە شەقام و لە شوێنی گشتی لە بەرابەر ژنانی بێ حیجابدا شکستی خواردووە و بە هێرشی بەردەوامی کیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان نەیتوانیوە چاوترسێنیان بکات، بە ئێعدامکردنی زیندانیانی بێ دیفاع بەنیازە ئەم شکستانەی جوبران کاتەوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێندێک جار بۆ تۆڵەکردنەوە هێندێک جار بۆ ئەوەیکە دەسەڵاتی بەڕووی خەڵکدا بکێشێت، ژمارەیەک لە ڕۆڵەکانی خەڵک بە مەرگ مەحکووم دەکات تا چەند سەباحێکی تر بە تەمەنی نگریسی زیاد بکات. ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و تەنانەت ئەحکامی جەزایی قوربانییانی نەزمی ئاوەژووی سەرمایەداری لە ئێران، بەر لەوەیکە نیشانەی هێز و توانای ڕژیم بێت، کردەوەیەکی پێشگیرانە و نیشانەی داماوی و لاوازیی دەسەڵاتە. ئەم قەتڵە دەوڵەتییانە کردەوەیەکی سەرشۆڕانەن لە جەرگەی ڕەوتی داڕمانی ئابووری، بنبەستی ئیدئۆلۆژیک، درێژەی ئێعتڕازی گشتی و شکستی سیاسەتەکانی ڕژیم لەپێناو بوون بە دەسەڵاتی باڵای ناوچەکە، بەئامانجی ڕێگریکردن لە ڕەوتی لێکترازان و لێکهەڵوەشانی هێزە سەرکوتگەرەکانی.
ئەم ڕژیمە لە ئەزموونی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان ئەم دەرسە فێر بووە کە بەم جەنایەتانە ناتوانێ تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ئەو خەڵکە وەگیانهاتووە دامرکێنێت کە بێجگەلە مافی سیاسی و کۆمەڵایەتییان، نانی شەویشیان بە بارمتە گیراوە. بەڵام بەم حاڵەوە سەرکوت و جەنایەت تەنیا بژاردەی ڕژیمە بۆ درێژەی دەسەڵاتی. ڕژیمی ئیسلامی ئەگەرچی دەزانێت لەسەر چ دەریایەک لە نەفرەت و بێزاریی گشتی حکوومەت دەکات، بەڵام بەدرەوام بە ئیدامەی جەنایەتەکانی تۆڕەیی و نەفرەتی خەڵک دژبە خۆی زیاتر پەرەپێدەدات.
کۆماری ئیسلامی دەبێ بزانێ کە بەم ئێعدامانە ئینزجار و بێزاریی قووڵی خەڵکی خەباتکاری سەرانسەری ئێران هەڵدەخڕێنێت. خەڵکی تێکۆشەری ئێران ڕێگە نادەن ڕژیم، ڕۆڵە و جگەرگۆشەکانیان بخاتە زیندان و ئەشکەنجەیان بدات و جەستەی بێگیانیان تەحویل بداتەوە. کۆماری ئیسلامی ئەگەر خەیاڵ دەکات کە بە ئێعدامی ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی و سەعید یەعقوبی دەتوانێ ڕێگای جەنایاتی زیاتر هەموار بکات، دەبێ باش بزانێت کە خەڵکی ئێران هەمان دەرسی پێدەدەن کە لە ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و لە کاردانەوە بەم جەنایەتانە، پێیان نیشان داوە.
بێگومان کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی ئێران لەم ڕۆژانەدا ئەم قەتڵە دەوڵەتییانە مەحکووم دەکەن و بە دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری زیندانیان و قوربانیانی ئەم کوشتارە و بە دەربڕینی نەفرەت و بێزاری لەم تاوانە، عەزمی خۆیان بۆ خەبات لەپێناو ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرمایەداریی هاری مەزهەبی قایمتر دەکەن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە