
بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ۱۶ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی “شەهاب عەباسی” تەمەن ۵۲ ساڵ و خەڵکی گوندی «کای» سەر بە شارۆچکەی سیلوانەی ورمێ، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو دوو ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
هەروەها، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر، حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراوی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی “عەلی کەریمی” تەمەن ٤٢ ساڵ و “عەلی ئاستان” تەمەن ٢٥ ساڵ، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کراوە. شایانی باسە، عەلی کەریمی پێنج ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” لە شەڕێکی بەکۆمەڵی گوندی «بان ڕیوەند» لە ناوچەی سەرفیرۆزئابادی کرماشان دەستبەسەر و عەلی ئاستان ساڵێک لەمەوبەر بە تۆمەتی “کوشتنی دوو کەس بە ناوەکانی سادق عاتفی و قوربان ئەعزەمی” لە گەرەکی «شەهرەکی مەسکەن» لە کرماشان دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە، بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.