سەرلە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز، لانیکەم سێ بەندکراو لە زیندانەکانی شیراز و زاهێدان، ئێعدام کران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوی “جەمیل” کە پێشتر بە تۆمەتی “پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە لە زیندانی ناوەندی شیراز ئێعدام کرا. لەهەمان ڕۆژدا، دوو بەندکراوی خەڵکی زابۆل بە ناوەکانی “موسافر ڕەزگەر” ٢٩ ساڵ تەمەن و “خەیروڵڵا نەهتانی” ٣٨ ساڵ تەمەن، بەهەمان تۆمەت لە زیندانی ناوەندی زاهێدان ئێعدام کران. لە لایەکی دیکە ڕاپۆرتەکان باس لە ئێعدامی هاووڵاتییەک بە ناوی “سەعید ئەکبەری” تەمەن ٢٧ ساڵ لە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز لە زیندانی ناوەندی شیراز دەکەن. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، حوکمی ئێعدامی “موجتەبا مەلەکپوور” تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی داراب سەر بە پارێزگای فارس، لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز بەکردەوە دەرهات. جێگای ئاماژەیە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیاکانی ڕژیم بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.