بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەماوەی ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە رێکەوتی ٦ و ٧ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بۆکان و کەنگاوەر، بە شێوەی شاراوە لە زیندانەکانی بەندەرعەباس و هەمەدان ئێعدام کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی “کەریم ئەمینی خا” کە پێشتر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بەفرانبار، حوکمەکەی لە زیندانی ناوەندی بەندەرعەباس بەکردەوە دەرهات. لە لایەکی دیکەوە، سەرلە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی خەڵکی کەنگاوەر بە ناوی “ڕامین فەقیری” تەمەن ٣٧ ساڵ، بەهەمان تۆمەت لە زیندانی ناوەندی هەمەدان ئێعدام کرا. جێگای ئاماژەیە، تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم دوو بەندکراوە لە لایەن ناوەندە فەرمییەکانی ڕژیمەوە ڕانەگەیەندراوە.