بەپێی ڕاپۆرتەکان، حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراوی خەڵکی زاهێدان کە پێشتر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و لە لایەن دادگاوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار، لە زیندانی ناوەندی بیرجەند حوکپمەکەیان بەکردەوە دەرهات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، “شیرئەحمەد سەنجەرانی” ٣٤ ساڵ تەمەن لە چوار ساڵ لەمەوبەر و “ئەمانوڵڵا سەنجەرانی” ٥٠ ساڵ تەمەن لە دوو ساڵ لەمەوبەر، لە لایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوون. هاوکات لەگەڵ ئێعدامی ئەم دوو بەندکراوە، چوار بەندکراوی دیکە کە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە ناویان نەزاندراوە، لە زیندانی ناوەندی بیرجەند ئێعدام کراون. جێگای ئاماژەیە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم شەش بەندکراوە لە لایەن میدیاکانی ڕژیمەوە بەتایبەت میدیاکانی دەسەڵاتی دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.