بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی “حال وش” کە هەواڵەکانی تایبەت بە سیستان و بەلوچستان ڕووماڵ دەکات، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی خەرمانان، لانیکەم شەش بەندکراو لەوانە دوو بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان، لە زیندانی ناوەندی زاهێدان ئێعدام کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سێ کەس لەم شەش کەس بە ناوەکانی “سەعید حەسەن زێهی، فەرزاد سنچوولی و کەسێکی دیکە بە ناسناوی ڕوودینی” ڕاگەیەندراوە کە بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” لەم زیندانە ئێعدام کراون. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە شۆناسی ئەو بەندکراوانەی دیکە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. حال وەش هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەم شەش بەندکراوە لە ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانەوە لەبەندی گشتییەوە گواسترابوونەوە بۆ بەندی قەرەنتینە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان کردبوو. بەپێی داتاکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا، ٤٠٢ کەس لە زیندانەکانی رژیم ئێعدام کراون.