لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٥٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەسێدارە دراون. مانگی پێشووتریش ١٤٢ بەندکراو لەسێدارە دراون و ئاماری لەسێدارەدراوانی مانگی ژوئەن بە بەراورد لەگەڵ مانگی مەی، ٩٠ حاڵەت واتە ٦٣٪ کەمی کردووە.بە پێی ئامارەکان لە ماوەی مانگی ژوئەنی ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٥٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ڕژیم لەسێدارە دراون، هەروەها بەندکراوێک لە بەندەری دەیلەم و لە شوێنێکی گشتیدا لە سێدارە دراوە.لە کۆی گشتیی ئەو بەندکراوانەی کە لەسێدارە دراون، ١٤ کەسیان واتە ٢٧٪ی کۆی گشتی لەسێدارەدراوان بەندکراوی بەلووچ بوون، هەروەها لانیکەم ٥ کەسیان واتە ١٠٪ لەسێدارەدراوان بەندکراوی کورد بوون کە کەسێکیان بە ناوی هێمن مستەفایی بەندکراوێکی سیاسی بووە و لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە سێدارە دراون.