لە ماوەی یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم هەشت بەندکراو لە زیندانەکانی ڕژیم لە ورمێ و کەرەج، ئێعدام کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، سزای سێدارەی لانیکەم پێنج بەندکراو کە ناوی کەسێکیان بەناوی “حسێن محەممەدی” ٥٢ ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری بۆکان زانراوه و پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا. هاوکات سزای سێدارەی چوار بەندکراوی دیکە هەر بەو تۆمەتە جێبەجێکراوە کە ناویان هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە نهزانراوه. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حسێن محەممەدی، ١٤ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەرکرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕەزبەر، لانیکەم سێ بەندکراو بە هەمان تۆمەت لە زیندانی ناوەندی کەرەج بە ناوەکانی “نەزیرمحەممەد تاجیک”، “نوورمحەممەد بەربەری” خەڵکی ئەفغانستان و “شەهاب ئێلهامی”، ئێعدام کراون. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو هەشت هاووڵاتیه هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری ڕژیم بڵاو نەکراوەتەوە.