سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٩ی گوڵان، حوکمی ئێعدامی “پەروین مووسەوی” هاووڵاتیی تەمەن ٥٠ ساڵی خەڵکی شاری مەراغە، هاوکات لەگەڵ چوار بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی “مەنسوور ناسری” تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، “یووسف سەعیدی چێهرە” تەمەن ٣٢ ساڵ، “ڕامین لەوەندی” تەمەن ٢٧ ساڵ و “پەرویز قاسمی” تەمەن ٣٥ ساڵ هەرسێکیان خەڵکی ورمێ لە زیندانی ناوەندی ئەمشارە بەکردەوە دەرهات.
ئەم پێنج بەندکراوە پێشتر کە لە چەندین دۆسیەی جیادا، بە تۆمەتی “پەیوندیدار بە مادەی هۆشبەرەکان حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گوڵان، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە. جێگای ئاماژەیە، مەنسوور ناسری پێنج ساڵ لەمەوبەر، ڕامین لەوەندی، پەروین مووسەوی و یووسف سەعیدی چێهرە و پەرویز قاسمی هەرکام چوار ساڵ لەمەوبەر، دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندراوە.