
سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی “بابەک شەهبازی” تەمەن ٤٤ ساڵ، لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج بەکردەوە دەرهات.
شایانی باسە، ناوبراو بە تۆمەتی “سیخۆڕی بۆ ئیسڕائیل لەڕێگەی دەستڕاگەیشتن بە دەیتاسەنتەرەکان” بە ئێعدام مەحکووم کرابوو. ئەمە لەحاڵێکدایە کە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی ئەم بەندکراوە پڕبووە لە ناروونی، دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە و پێشێل کرانی پێوەرەکانی پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان، حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراو بە ناوەکانی “عەبدولسەمەد سالارزێهی” ٤٢ ساڵ تەمەن و خەڵکی شارستانی هیرمەند و “عەبدولمەجید بەراهوویی” ٤١ ساڵ تەمەن و خەڵکی زاهێدان، بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” لە زیندانی ناوەندیی بیرجەند بەکردەوە دەرهاتووە.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی “پەرویز یووسف زێهی” خەڵکی زاهێدان و دانیشتووی ساری بە هەمان تۆمەت، لە زیندانی ناوەندیی گناباد بەکردەوە دەرهات.
هەر لەم پێوەندەدا، سەرلە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بەناوی “ڕەزا سارانی” تەمەن ٥١ ساڵ و خەڵکی زابۆل کە بە تۆمەتی “بازەرگانی کردن بە مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، لە زیندانی ناوەندیی کاشمەر لە خۆراسانی ڕەزەوی بەکردەوە دەرهات.