فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئێعدامی چوار بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی تەورێز
سێشەممە ۰۱-۰۸-۱۴۰۳   |  22-10-2024

بەپێی زانیارییەکان، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، حوکمی ئێعدامی چوار بەندکراو بەناوەکانی “نەستەرەن فیرووزی”، محەممەد (ناوبانگ نادیار)، “سیامەک مۆلایی” تەمەن ٤٥ ساڵ و “حەسەن یووسفی” کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە زیندانی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کراوە.
هاوکات حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بەناوی “محەممەدئەمین نوورئەفکەن” کە لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە” دەستبەسەر کرابوو و حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو، جێبەجێ کراوە.
نەستەرەن فیرووزی و “محەممەد” ناوبانگ نادیار، دوو سال لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوژینی نەستەرەن فیرووزی، و سیامەک مۆلایی و حەسەن یووسفی لە چوار ساڵ لەمەوبەرەوە لە دۆسیەیەکی هاوبەش بە هەمان تۆئمەت، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەر، حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراوی دیکەی خەڵکی تەورێز بەناوەکانی “جەواد ئیبراهیمی” تەمەن ٣٥ ساڵ و “بێهزاد غەفاری” تەمەن ٤٠ ساڵ کە سێ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا دەستبەسەر کرابوون، جێبەجێ کراوە. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە حوکمی ئێعدامی لانیکەم ٧٦ بەندکراوی پارێزگ تورک نشینەکان بریتی لە ٧ ژن لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ کراوە.