
سەرلە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بەناوی “عێرفان ئازادی” کە پێستر بە تۆمەتی “کوشتن” دەستبەسەر کرابوو، لە زیندانی ناوەندیی کاشمەر، بەکردەوە دەرهات.
هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بە ناوی “محەممەدڕەزا حسێنی” لە زیندانی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” دەستبەسەر کرابوو. هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بە ناوی “فەردین خانی” کە پێشتر بە تۆمەتی “کوشتن” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، لە زیندانی بێهبەهان لە پارێزگای خووزستان جێبەجێ کرا. لەلایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان بە ناوی “فەرشید جەمیاری” لە زیندانی ناوەندیی قەزوێن جێبەجێ کراوە. ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.