
بەو پێیەی توانا و ئەرکی مێژوویی چینی سەرمایەدار و خاوەن سەروەت لە کوردستان و لە ئاکامدا حزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان، بۆ دیموکراتیزە کردنی کۆمەڵگا و نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی لەمێژە کۆتایی هاتووە. هەروەک ئەزموونی هەتا ئێستا نیشانی داوە، دیموکراتیزە کردنی کۆمەڵگا و ڕیشەکێش کردنی هەڵاواردن و نابەرابەرییەکان لەوانە کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی، زیاتر لە هەموو کاتێکی تر لە گرەوی خەباتی چینی کرێکار و ئەو سۆسیالیستانەدایە کە لەسەر بەستێنی خەباتی ئەم چینە لەدژی نیزامی سەرمایەداری هەوڵ و چالاکییەکانیان درێژە دەدەن. چینی کرێکار لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا ناچارە بۆ باشترکردنی بارودۆخی کار و ژیانی خۆی خەبات بکات. لە جەریانی خەباتدا بە ئەزموون بۆی دەردەکەوێ کە بۆ پێشخستنی کاریگەرتری ئەم خەباتە دەبێ لە ڕێکخراوەی چینایەتی و جەماوەریی خۆیدا موتەشەکل بێت. بۆ پێکهێنانی ئەم ڕێکخراوانە پێویستی بە ئازادی سیاسی و فەزای دیموکراتیکە. واتە لە عالەمی واقعدا، خەباتی کرێکار بۆ باشترکردنی کار و بارودۆخی ژیان و ئاستی مەعیشەتی، بە خەبات بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی سیاسی و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگاوە گرێی خواردووە. واتە خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا بووەتە بەشێک لە مەوجوودییەت و پێویستیی چینی کرێکار.
بەو پێیەی کە زۆرترین دووکەڵی ستەمی نەتەوەیی دەچێتە چاوی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە و ئەم ستەمگەرییە بەربەستێکی گەورەیە لەسەر ڕێگای هاوپشتیی چینایەتییان، چینی کرێکار خوازیاری ئەوەیە کە ئەم ستەمگەرییە بەشێوەی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت. لەم ڕووەوە، بە هەر ئەندازەیەک کە دووکەڵی ستەمی نەتەوەیی بچێتە چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگاوە، بەڵام کرێکارانی هوشیاری کوردستان تەنیا بۆ خواستی چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی نەهاتوونەتە مەیدانی خەباتەوە. بەڵکوو خەبات بۆ نەمانی ستەمی نەتەوەیی لەگەڵ خەبات دژبە ستەمی چینایەتی و خەبات بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران پێگەوە پەیوەند دەدەن و بەشوێن یەکگرتوویی و هاوپشتیی چینایەتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوەکان لەئاستی سەرتاسەریدان.
کۆمەڵە لە کوردستانی ئێران بە پشت بەستن بە ستراتێژی سۆسیالیستی، کە هێنانە مەیدان و ڕێکخستنی چینی کرێکار لە دەوری بەرژەوەندی چینایەتی ئامانجی سەرەکیەتی، توانیویەتی لێبڕاوانە هەوڵی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان بۆ گۆڕینی بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کوردستان بە حەرەکەتێکی ڕێفۆرمخوازیی حکوومەتی، بەرپەرچ بداتەوە. کۆمەڵە بە پشت بەستن بەم ستراتێژییە سۆسالیستییە توانیویەتی سیاسەتی ئەحزابی ناسیۆنالیست بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی نیولیبراڵی لایەنگری ڕۆژاوا و سەڵتەنەتخوازەکان و پشت بەستنیان بە دەخاڵەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی سەرمایەداری و ئامادەییان بۆ سات و سەودا کردن لەسەر بەرژەوەندی جەماوەری کوردستان لە بەرامبەر بەدەستهێنانی ئیمتیازاتێکی بێ بایەخ، بخاتە ژێر پرسیارەوە.
- لەم ڕووەوە کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی کۆمۆنیستی و یەکێک لە ستوونەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان هەروا لێبڕوانە و بە ڕوونی، بنبەست و بێتوانایی ئەحزاب و هێزە ناسیۆنالیستەکان بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی کە ڕیشەی لە ئاڵوگۆڕە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندایە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی کوردستان شیدەکاتەوە. ئیدیعای ئەحزابی ناسیۆنالیست بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی ڕاستگۆیانە نییە و لە پشت قسەکانیان لەمبارەوە، بەرژەوەندی ئابووری و بەشخوازیی لە دەسەڵاتی سیاسی لەسەروەی ئیرادەی جەماوەر شاراوەیە.
- کۆمەڵە بەردەوام لەسەر ئەو واقعییەتە تەئکید دەکات کە هێزی بزوێنەری هەر ئاڵوگۆڕێکی دیموکراتیک لە کۆمەڵگا و لەوانە کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوەیی لەسەر شانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئینسانە چەپ و ڕادیکاڵ و ئازادیخوازەکانە کە بەشێوەی عەینی لە ڕیزی خەباتی ئەم چینەدان. کۆمەڵە لە هەمان کاتدا هاوپەیمانی و یەکگرتوویی خەباتکارانەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران بە ئاسانترین و کەم ژانەسەرترین ڕێگا بۆ کۆتاییهێنانی ستەمی نەتەوەیی و وەدیهێنانی ئامانج و داخوازیی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەزانێت.
- کۆمەڵە بەلەبەرچاوگرتنی سرووشتی چینایەتی و کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتە ئیمپریالیست و سەرمایەدارییەکانی جیهان و ناوچەکە و دەستوەردانیان لە ناوەندەکانی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵێک کە لە وێرانیی شارەکان، کوشتار و ئاوارە و بێ سەرپەنا کردنی خەڵکی ستەمدیدەی ئەم ناوچەیە هەیانبووە، هەرجۆرە ئومێد بەستن و دەست بە داوێن بوونی ئەحزاب و لایەنە ناسیۆنالیست و ئیسلامییەکان بە دەخاڵەتی ئەمریکا و ئیسرائیل وە باقیی دەسەڵاتە کۆنەپەرستە سەرمایەدارییەکان وە چوونە ناو هاوپەیمانیی سیاسی لەم ڕاستایەدا، بەدژی بەرژەوەند و قازانجی خەڵکی کوردستان دەزانێ و بۆ ڕێگری لە ئاکامە زیانبارەکانی لەسەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کوردستان، چالاکانە و بەرپرسانە تێدەکۆشێت.
- کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی ئەنترناسیۆنالیست، لە بزووتنەوەی کرێکاری، سۆسیالیستی و ئازادیخوازی لە سەرتاسەری جیهان پشتیوانی دەکات و حمایەتی جیددی لە خەباتی جەماوەر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و ڕزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی بە ئەرکی خۆی دەزانێ.
- کۆمەڵە هاوکات لەگەڵ تەئکید لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان، لەسەر دەسەڵاتداریەتی شۆرایی خەڵکی کوردستان پێداگری دەکات. تەنیا بە بەشداریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەموو تاکەکانی خەڵکی کوردستان لە ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگیی کۆمەڵگادایە کە پرسی نەتەوایەتی بەشێوەی دیموکراتیک و لەڕاستای بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان چارەسەر دەبێت و کۆتایی بە ستەمی نەتەوایەتی دێت.
- کۆمەڵە وێڕای تەئکید لەسەر هاوپشتی و هاوچارەنووسیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی سەرتاسەری ئێران لە خەبات دژبە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، هەروا لێبڕوانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو یاسا و ناوەندەکانی سەمبۆل یان پارێزەری ستەمی نەتەوایەتی تێدەکۆشێت. وە دابین کردنی هەلومەرجێکی ئازاد و دیموکراتیک کە خەڵکی کوردستان بتوانن ئازادانە سەبارەت بە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان بە واتای ئازادیی جیابوونەوە لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بڕیار بدەن، بە ئەرکی خۆی دەزانێت. ئەگەر سەرەڕای دابین کردنی بەکردەوە و ڕاستەقینەی بارودۆخ و پێداویستییەکانی سەرەوە، خەڵکی کوردستان ئازادانە بڕیار بدەن کە لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا دەمێننەوە، لەو حاڵەتەدا مافی بەرابەری خەڵکی کوردستان لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئیداریی کۆمەڵگا دەبێ دابین و زەمانەت بکرێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە