هەشت کۆڵبەری لاوی خەڵکی شاری جوانڕۆ لە گرتەڤیدیۆیەکدا کە ڕۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانبار، بڵاویان کردووەتەوە ڕایانگەیاندووە: هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ئەو کۆڵبەرانەیان دەستبەسەر کردووە و پاش ئەوەی بێڕێزییان پێیان کردووه و ئەشکەنجەیانیان داوە، لە سنووری تەوێڵە و لە دۆخێکی نالەباردا بەجێیانیان هێشتوون.
بە وتەی ئەو کۆڵبەرانە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق کە بەپێی ڕێککەوتنی نوێ، بە جێگەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر کراون، سەری ئەو کوڵبەرانەیان تاشیوە و ماوەی ڕۆژێکیش بەبێ نان و ئاو دەستبەسەریان کردوون. ناوی ئەو کۆڵبەرانە: “موبین، پەیام، سەرکەوت، ئارش، شۆڕش، سەلاحەدین، جەماڵ و یووسف” زانراوە و هەروەها لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقەوە دەست بەسەر موبایلەکانیاندا گیراوە.