هاووڵاتییەک بە ناوی تاریق ڕەحیمپوور، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی گوندی “ئەوێهەنگ”ی سەر بە ناوچەی ژاورەۆری سنە و دانیشتووی ئەو شارە، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە و بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکەی.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیکی بنەماڵەی ڕەحیمپوور، سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی ٢٠ ڕۆژی دەستبەسەربوونی کاتیی ئەو هاووڵاتییە، تا ئێستا هیچ هەوڵێکی جددی بۆ ئازادکردنی ناوبراو نەگیراوەتە بەر.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند: سەردانی دایکی تەمەن ٨٢ ساڵ و دوو منداڵ و هاوژین و برای تاریق ڕەحیمپوور بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە مەبەستی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ تاریق، هیچ ئاکامێکی نەبووە و ئەو ناوەندە ڕێگەیان پێ نەداون. جگە لەوەش لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی دەستبەسەربوونی ئەو هاووڵاتییە، تەنانەت لە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەشی بێبەری کراوە.
بەرلەنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەرمانان هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر دووکانی تاریق ڕەحیمپوور لە شاری سنە و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەریان کرد.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.