پدرام موعینی خوێندکاری قۆناغی دوکتۆرای بواری کۆمەڵناسیی سیاسیی زانکۆی زانستە توێژینەوەییەکانی تاران و چالاکی مەدەنیی و دانیشتووی شاری بانە، لە ماوەی ٨ ڕۆژی ڕابردوودا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی کراوە و بەردەوام لەژێر گوشاردایە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پێدرام مۆعینی لە دوای ئەوەیکە دەستبەسەر کراوە، تا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە و تەنیا یەک جار ڕێگەی پی دراوە کە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بکات. ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردان، لە شاری بانە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری سنە گواسترایەوە.