بەپێی ڕاپۆرتەکان، پێش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، “ئامیار فەتحوڵڵایی” خوێندکاری خەڵکی شاری قوروە دوای پەیوەندی تەلەفۆنی یەکێک لە فەرمانبەرانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەمشارە بەناوی پێدرام حەسەنی، لەژێر ناوی “بەدواداچوون بۆ بارودۆخی خوێندن” ڕۆشتووەتە ئەو ئیدارەیە و دوای دەستبەسەر کران و لێدان و کوتانی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواستراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مێرمنداڵە دەوروبەری کاتژمێر ٩ تا نزیک ٣ی دوانیوەڕۆ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی قوروە دەستبەسەر بووە و بەسەختی ئەشکەنجە دراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئامیار فەتحوڵڵایی، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ دژ بەخۆی ئەشکەنجەدراوە و گورچیلە و کەمەری بەسەختی تووشی زیانکەوتن بووە. هێزەکانی ئیتلاعات بە ئامیاریان وتووە کە دەبێت دان بەوەدا بنێت کە لەلایەن خاڵییەوە چالاکی سیاسی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەیکە” کردەوەی تیرۆریستی” ناویان بردووە هاندراوە و قبووڵی کردووە.ئەو مێرمنداڵە دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەرکرانی کاتی و ئەشکەنجەدران، بە بارودۆخێکی زۆر دژواری دەروونی و جەستەیی و هەروەها وەرگرتنی مۆبایلەکەی ئازادبووە و ناردوویانەتەوە ماڵی بنەماڵەکەی.