فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئەفریقا، گۆڕەپانی کێبەرکێ و کێشمەکێشی زلهێزەکانی سەرمایەداری
چوارشەممە ۱۷-۰۹-۱۴۰۰   |  08-12-2021

وتەکانی “شی جین پینگ” لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە “فۆرۆمی هاوکاریی چین و ئەمریکا” لە “داکار” پایتەختی وڵاتی ئەفریقایی “سێنێگاڵ” بۆ جارێکی دیکە بەرەوڕووی کاردانەوەی زلهێزە ڕەقیبەکانی بووەوە. لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٠ەوە ئەوە هەشتەمین کۆبوونەوەی لەم جۆرەیە کە بەڕێوەدەچێت. بەڵام بەپێچەوانەی ئەوکات کە چین بەشوێن دۆزینەوەی جێ پێیەک بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆڵۆنیالیستەکانی پێشوو و ئەمریکا بوو، ئێستا دەمێکە بووەتە گەورەترین شەریکی ماڵیی ئەفریقا و گەورەترین سەرمایەگوزار لە ژێرخانی سەرەکیی ئەم وڵاتانە. لەئێستادا ئەوە  زلهێزە ڕەقیبەکانن کە دەبێ لەگەڵ چین کێبەرکێ بکەن. ئەم کۆبوونەوەیە دەرفەتێک بوو تا “شی جین پینگ” ڕایگەیەنێ کە بێجگەلە سەرمایەگوزارییە گەورەکان لە ژێرخانی ئەم وڵاتانە، ٦٠٠ ملیۆن ڤاکسێنی کۆرۆناشی بەخۆڕایی خستووەتە ئیختیار وڵاتانی ئەفریقاییەوە و ٤٠٠ ملیۆنی دیکە بەشێوەی هاوبەش بەرهەم دێت.

ئەمریکا لە هاوینی ئەمساڵدا بە ڕاگەیاندنی “کەمپەینی هاوبەشی نووژنکردنەوە و ڕەونەقی ئەفریقا”، چوونی دووبارەی خۆی بۆ ئەم قاڕەیە ڕاگەیاند. ئامانجی گەڵاڵەکە قووڵکردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقایی و قەرەبووکردنەوەی دواکەوتوویی لە بەراورد لەگەڵ چین ڕاگەیاندبوو. پەتای کۆرۆنا و هەزیمەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە دوو نۆرەدا دەرفەتی ئەوەی نەدابوو کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەفریقا سەفەر بکات و سەرەنجام دوو حەوتوو لەمەوبەر بۆ سێ وڵاتی ئەفریقایی سەفەری کرد. ئەم بەرپرسەی ئەمریکا هەوڵی دا تا بە میواندارەکانی خۆی بڵێت کە سیاسەتە ئابوورییەکانی چین ئەوان بەرەو قەرزداریی بێسنوور دەبات. بایدێن دوو حەوتوو لەمەوبەر لە جەرەیانی کۆنفڕانسی کەشوهەوای گلاسکۆ لە پێوەند لەگەڵ چین، باسی لە گەڵاڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەژێرناوی “گەڕانەوە بۆ درووستکردنی جیهانێکی باشتر” کردبوو. دەتوانین بڵێین کە لانیکەم لەم بوارەدا بایدێن، بە هێندێک جیاوازییەوە، هەمان سیاسەتی سەرۆک کۆماری پێشووی خۆی واتە ترامپ بەڕێوەدەبات کە ستراتێژییەکەی ڕاگرتنی نفووزی چین بەهەر قیمەتێک بوو. لە پتر لە سێ ساڵ لەمەوبەرەوە شەڕێکی بازرگانیی بەتەواو مانا لە نێوان ئەمریکا و چیندا دەستیپێکردووە. هەر ئەوکات وەزیری خەزێنەی ئەمریکا لە یەکەمین هەنگاودا ماڵیاتی گومرکیی ١٦ ملیارد دۆلاریی بەسەر کاڵای هاوردەکراوی چین ڕاگەیاند. چینیش لە بەرامبەردا نەتەنیا ئەم ڕێگایەی گرتەبەر بەڵکوو لە “ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی” سکاڵای لەدژی تۆمار کرد. لە درێژەدا هەر دووک لا ماڵیاتی  ٢٠٠ ملیارد دۆلارییان  لەدژی یەکتر خستە دەستووری کارەوە. درێژەی ئەم شەڕە ئابوورییە، بەسەرەنجدان بە قەبارەی کاڵای موعامەلەکراو لە نێوان ئەم دوو وڵاتە واتە ١٣٤ ملیارد دۆلار کاڵای هەناردەی چینی و ٥٢٠ ملیارد دۆلار کاڵای هەناردەی ئەمریکایی بۆ چین، بە زیانی چین بوو.

تا ئەو جێگایەی کە بۆ یەکیەتیی ئەۆرووپا دەگەڕێتەوە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا “فۆن دێر لاین” ڕۆژی چوارشەممە پڕۆژەی ئەم کۆمیسیۆنەی لەژێرناوی “دەروازەی جیهانی” ڕاگەیاند. ئەم پڕۆژەیە لە لایەن فڕاکسیۆنەکانی دیمۆکرات مەسیحییەکان، سۆسیال دیمۆکراتەکان و سەوزەکان پشتیوانیی لێکرا. بە پێی ئەم گەڵاڵەیە یەکیەتیی ئەورووپا بوودجەیەکی ٣٠٠ ملیارد یۆرۆیی بۆ پێنج ساڵی داهاتوو بە مەبەستی نووژنکردنەوەی ژێرخانەکانی وڵاتانی دەورووبەر تەرخان دەکات. ئەم گەڵاڵەیە بەوتەی داڕێژەرانی وڵامێکە بە پڕۆژەی “ڕێگای هاوریشم” و ئامانجەکەی ڕێگری لە پەرەسەندنی نفووزی ئابووری و سیاسیی چینە. بەوتەی سەرۆکی ئەم کۆمیسیۆنە نەتەنیا کۆمیسیۆن بەڵکوو هەموو ٢٧ وڵاتە ئەورووپاییەکە لە پشت گەڵاڵەی “دەروازەی جیهانی”  ڕاوەستاون. خانمی “فۆن دێر لاین” لە وتەکانی خۆیدا وێڕای دەعوەت لە سەرمایە خسووسییەکان و دانی زەمانەت پێیان، پەیوەست بوونی ئەوانی بەم گەڵاڵەیە، “ئاڵتێرناتیڤێکی ڕاستەقینە” بەرامبەر بە “ڕێگای هاوریشم” ناولێنا.

بۆ سەدان ساڵ ئەفریقا قارەی ئەو مرۆڤانە بوو کە بەهۆی بە کۆیلەکێشانی ملیۆنییان، سەرزەوییە نەناسراوەکان دەدۆزرانەوە. بورژوازی بە کۆیلەکردنی ئەوان دوایین سەنگەرەکانی جیهانی پێش سەنعەتی بوونی گرتەوە و ئەوانی وەک قوربانیی شەڕەکانی خۆی بەکار دەهێنا. بەشێکی بەرین لە مێژووی کۆلۆنیالیسم مێژووی خوێناویی مرۆڤی ئەفریقایی بوو. دەیان ساڵی وەخت دەویست تا لە شەڕە خوێناوییەکاندا، خەڵکی ئەم قارەیە بتوانن زەوییەکانی خۆیان لەدەست داگیرکەران  و تاڵانکەران دەرباز بکەن.  ئاپارتاید پتر لە هەموو شوێنێکی دنیا مۆری ئینسانی ئەو قاڕەیەی پێوە بوو. بەڵام ئێستاش کە ئێستایە لە هەزارەی سێهەمیشدا دیسان ئەفریقاییەکان لە پێشکەوتووترین کۆمەڵگاکانی سەرمایەداریشدا دەکرێنە ئامانجی توندترین هێرشە ڕاسیستییەکان. ئەگەرچی بەزەبری خەباتی مرۆڤی ئەفریقایی و بەشێکی زۆر لە مرۆڤایەتیی پێشکەوتوو کۆلۆنییەکان لەناوچوون، بەڵام قارەی ئەفریقا بەردەوام گۆڕەپانی گەندەڵترین دیکتاتۆرەکان، گۆڕەپانی وەحشیگەریی ڕەوتە تیرۆریستە مەزهەبییەکان، گۆڕەپانی شەڕی قەومی و گۆڕەپانی کێبەرکێیی بلۆکبەندیی ئیمپریالیستەکانە. ئەمریکا، چین و یەکیەتیی ئەورووپا ئەکتەری سەرەکیی ئەم کێبەرکێیانەن. لەم کێشمەکێشانەدا لە هەموو ئامرازێک کەڵک وەردەگیرێت. ئەگەر چین لە مانۆری نیزامیی ئەمریکا و هێندێک جار ناتۆ لە ئاوە سنوورییەکانی خۆی ناڕازییە و هاواری بەخاتری دەستتێوەردانەکانی ڕۆژئاوا لە هۆنگ کۆنگ و تایوان بەرز بووەتەوە، لەوبەری دیکەوە ئەمریکاش نیگەرانیی قووڵی خۆی لەئاست پێشڕەویی چین لە هەموو بوارەکاندا لەم قاڕەیە ناشارێتەوە. 

لەڕاستیدا ئەم کێبەرکێیانە و دواهاتەکانی، بشێوی و نائارامییەکانی ئێستای جیهان زیاتر پەرەپێدەدەن. ئیمپریالیسمی ئەمریکا بە چنگ  و ددان بەنیازە گەڕانەوە بۆ ڕۆڵی هێژمۆنیکی خۆی ماددییەت ببەخشێت. زۆرێک لە سەرانی یەکیەتیی ئەورووپا ساڵەهایە لەسەر ئەو باوەڕەن کە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا بپچڕێنن. بەتایبەت بەسەرەنجدان بە ئەزموونی هاتنەسەر کاری ترامپ و “ئەمریکا ئەوەڵ”ی ناوبراو و شەڕی تەجاریی ئەو دژبە هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا، ئەم بابەتەی بەهێزتر کردووە. ئەم نیزامە ئەگەر لەم بەشە لە جیهانی سەرمایەداری بەشێوەی نجوومی سەرمایە لەناو دەستی ژمارەیەکی کەمدا کەڵەکە دەکات، لە وڵاتانی تر ئاکامەکەی داڕمانی ئابووریی ئەم کۆمەڵگایانەیە. هیچ قەڵایەک نەیدەتوانێ لە بەرامبەر ئەم هێرشە وەحشیانەیەی نیۆلیبرالیسمدا بەرگە بگرێت و هەربۆیە ئەم بەشە لە جیهان بوو بە کارگەی ئارەق ڕشتنی نەزمی نیۆلیبڕالی. هەر ئەوەندە بەسە تا سەرەنج بدەینە کارگەکانی ڕستن و چنین لە هێند و بەنگلادێش، واتە شوێنێک کە ملیۆنان ئینسان تێیدا دەکرێنە کۆیلە، هەر ئەوەندە بەسە تا بڕوانینە ڕەوانەکرانی بەرهەمی کشت و کاڵی سووبسیدکراوی ئەرووپایی بۆ قاڕەی ئەفریقا و لەناوچوونی کشت و کاڵی ئەم قاڕەیە و لاڤاوی کۆچکردن و پەرەسەندنی پەرواوپزنشینی شارە گەورەکان، تا گشت ئەم حەقیقەتەمان بۆ ڕوون بێتەوە. 

لەڕاستیدا ئاکامی سیاسەتی دەوڵەتانی سەرمایەداری چ کاتێک کە دەست دەدەنە شەڕی بازرگانی و کێبەرکێ لەگەڵ یەکتر و چ ئەو کاتەی کە شەڕی نیابەتی ڕێکدەخەن، دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتەوە چاوی ملیۆنان ئینسان لە سەرتاسەری جیهان. نیزامی ئێستا لێکهەڵوەشاو و پرتووکاوە، پێویستە بیر لە لە نیزامێک بکرێتەوە کە مزگێنیدەری ڕزگاریی مرۆڤ بێت.