ئەو مۆتەکەیەی کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە ١٥ی مانگی ئاگۆست بەرابەر لەگەڵ بیست و چواری مانگی گەلاوێژ وەڕاست گەڕا، جێگای ئەو هێزانەی گرتەوە کە لەژێرناوی دیموکراسی، لەژێرناوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریسم و لەژێرناوی ئازادیی ژن بیست ساڵی تەواو ئەم کۆمەڵگایەیان وێرانکرد. دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەماوەی بیست ساڵدا دەسەڵاتە دەستساز و بێناوەرۆکەکانیان یەک لە دوای هێنانە سەر کار و سەرەنجام دەسەڵاتیان ڕادەستی ئەوانە کرد کە گۆیا بۆ لەناوبردنیان چووبوون. هێستاش دوای تێپەڕینی دوو ساڵ وێنەی ئەو لاوانەی کە خۆیان بە فڕۆکەکانی ناتۆوە هەڵاوەسیبوو تا بەڵکوو لە تیغی تاڵەبان ڕزگاریان بێ، وەکوو دیمەنی ترسناک لە زەینی خەڵکدا ماوەتەوە. دوو ساڵی تەواوە کە ملیۆنان کەس لەم خەڵکە لە ترس و هەراسدا بەسەر دەبەن.
لە شەڕی هێزەکانی ناتۆ دژبە تاڵەبان نزیک بە هەشتسەد هەزار کەس بوون بە قوربان. لە هەموو ئەم قۆناغە بیست ساڵەیەدا تەنها توێژێکی بچووک لە دەستنیشاندەکان بە ئیتاعەتکردنیان لە ئیمپریالیستەکان گیرفانیان پڕ کرد. پازدە ساڵ دوای هێرش بۆسەر ئەفغانستان زیاتر لە پەنجاو چوار لەسەدی خەڵکی ئەفغانستان لە هەمان هەژاری و بارودۆخێکی فەلاکەتباردا دەژیان کە بەر لە ڕووخانی تاڵەبان تێیدابوون. ئەمەش لە حاڵێکدابوو کە ئیمپریالیسمی ئەمریکا زیاتر لە ٢٠٠٠ ملیارد و ئیمپریالیسمی ئاڵمان زیاتر لە ٥٠ ملیارد دۆلاری بۆ ئەم شەڕە خەرج کردبوو و بەو حاڵەشەوە تەنانەت نەیانتوانی ڕێکخراوێکی ئابووریی ناتەواویش پێکبێنن. ئابوورییەک کە لە ساتەوەختی ڕۆیشتنی هێزە ئیمپریالیستەکاندا، لەسەدا ٤٣ی بەرهەمی گشتیی لە یارمەتی سەربازی و یارمەتی مرۆیی و هاوکاری گەشەپێدان پێکهاتبوو. لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتنی تاڵەبان ئەمجارەیان گەمارۆکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاواش گوشاریان خستە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک. هەر ئەوانەی بەنهێنی لەگەڵ تاڵەبان کۆبوونەوە و سەرەنجام پەیمانی ڕادەستکردنی دووبارەی دەسەڵاتیان لەگەڵ بەستن، حازر نەبوو ئەوان وەک دەوڵەت بەڕەسمی بناسن. تەنانەت حەوت ملیارد دۆلار پاشکەوتی ئەفغانستان لە ئەمریکا و دوو ملیارد و سەد ملیۆن دۆلار لە وڵاتانی ئەورووپاییشیان زەوتکرد. بەهۆی گەمارۆکان تەنانەت ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانیش ناتوانن یارمەتیی ماڵی بۆ ئەفغانستان بنێرن. بەم حاڵەشەوە بێشەرمانە باس لە ئەمنیەتی سیاسی، و گەشەی ئابووری دەکەن. بەڵام واقعییاتی زەمینی پەردە لەسەر کارەساتێک لادەدەن کە هەموو بوارەکانی ژیانی ئەم کۆمەڵگایەی گرتووەتەوە.
ئاکامی بیست ساڵ داگیرکاری و ئێستاش دوو ساڵ دەسەڵاتی تاڵەبان بووەتە ئەوەیکە بەپێی ڕاگەیاندنی “بەرنامەی خۆراکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان” بیست و هەشت ملیۆن و سێسەد هەزار کەس لە دانیشتووانی چل ملیۆنیی ئەفغانستان پێویستیان بە یارمەتیی ئەم ڕێکخراوەیە. بیست ملیۆن کەس لە کەمیی خۆراک ڕەنج دەبەن و زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بەرەوڕووی مەترسیی برسیەتین کە سێ ملیۆن و دووسەد هەزار کەسیان منداڵن. بانگەوازی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ئەفغانستان بە بڕی چوار ملیارد و شەشسەد هەزار دۆلار لە چواری مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەنها چوار لەسەدی ئەم بڕە پارەیەی وڵام وەرگرتەوە. بەوتەی بەرپرسانی “بەرنامەی یارمەتیی گەشەپێدانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان” بنەماڵەکان هەرچی بوویانە بۆ مانەوەی خۆیان فرۆشتوویانە و لەئێستادا کار گەیشتووەتە جێیەک کە کوڕەکانیان بۆ کرێکاری بنێرن و کچە کەم تەمەنەکانیان ناچار بە هاوسەرگیری بکەن. لە حاڵێکدا کە باس لە ئەمنیەتی سیاسی دەکرێ، هەر لەم ماوەیەدا لانیکەم هەزار و پێنجسەد کەس لە خەڵک بەدەستی لات و چەقۆکێشانی تاڵەبان کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار کەس برینداربوون. کەس لە ئاماری کەسانێک کە زیندانی دەکرێن ئاگادار نییە. ئەم بەندکراوانە بەرەوڕووی هەموو ئەو وەحشیگەرییانە دەبنەوە کە لە زیندانە خۆفناکەکانی ڕەوتە ئیسلامییەکاندا بابەتێکی ئاساییە. کەس لە ژمارەی ئەوانەی وا لە جەحەنەمی تاڵەبان هەڵاتوون، ئاوارەبوون و یان لە کاتی هەڵاتندا قوربانی بوون، ئاگادار نییە. ئەمە هەمان ئەمنیەتێکە کە زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگای لە هەموو مافە ئینسانییەکان بێبەری کردووە. وێنەی ئەو کچانە کە لە پشت دەروازەکانی مەکتەبەکانەوە بەرەو ماڵێ دەگەڕانەوە ناخی هەموو مرۆڤێکی بەویژدانی هەژاند. ئەوانەی وا بەهۆی تەبلیغاتی میدیاکانی ئیمپریالیستی بەو باوەڕە گەیشتبوون کە گۆیا تاڵەبان گۆڕاوە، زۆری نەخایاند تا لەم خۆشباوەڕییە بێنە دەر.
تاڵەبان خاوەنی هەر ئەو جەوهەرەیە کە پێشینیانیان لە کۆماری ئیسلامی تەنها چەند مانگ دوای هاتنە سەر کاریان یەکەمین هێرشەکانیان بۆسەر ژنان سازماندا. ئەلقاعیدە و تاقمە ڕەنگاوڕەنگەکانی موجاهد لە ئەفغانستان بەجۆرێکی تر هەڵسووکەوت ناکەن. داعش لە سووریە و عێراق و بوکوحەرام و ئەلشەباب لە سوودان و سوومالی غەیری ئەوەیان نەکردووە. خەڵکی عێراق جەنایاتی وەحشیانی داعش دژبە ژنانی ئێزەدییان فەرامۆش نەکردووە. ئێستاش لە ئەفغانستان بۆ جارێکی تر مێژووی پڕ لە توندوتیژی و هێرش بۆسەر ژنان دووپات دەبێتەوە. ژنان لە ئەفغانستان پێشتریش تەوەحوشی تاڵەبانیان بینیبوو و هیچ دەلیلێکی نەبوو کە لایان وابێ تاڵەبانی دووبارە بەدەسەڵات گەیشتوو گۆڕاوە. وتەبێژی تاڵەبان دروست لە کاتی وتووێژ لەگەڵ ئیمپریالیسمی ئەمریکا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە: „ئێمە بەو مافانەی کە ئیسلام بۆ ژنانی دیاریکردووە پێبەندین. ئێمە لەگەڵ مافەکانی ژن بەپێی یاسا ئیسلامییەکان موافقین”. هەڵبەت ژنان لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە تێیاندا خوێنڕێژانی ئیسلامی بەدەسەڵات گەیشتوون، لەگەڵ ئەم یاسا ئیسلامییانە ئاشنان.
ئێستا دوای تێپەڕینی دوو ساڵ لە دەسەڵاتی وەحشیانی تاڵەبان ئەوەیکە گرینگە دەرسەکانی داگیرکاریی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان و دەرسەکانی دەسەڵاتی ڕەوتە ئیسلامییەکانە. خەڵکی ئەفغانستان و بە هەمان ئەندازە خەڵکی ئەم ناوچەیە لە جیهان پێویستە بزانن کە خۆشباوەڕی بە زلهێزە ئیمپریالیستەکان بەقەد خۆشباوەڕی بە دەسەڵاتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان فەلاکەتبار و مەترسیدارە. خەڵکی ئەفغانستان و بە هەمان ئەندازە خەڵکی ناوچەکە پێویستە بزانن کە ڕێگایەک بێجگەلە پشت بەستن بە هێزی جەماوەر بۆ ڕزگاربوون لە شەڕ و وێرانکاریی هێزە ئیمپریالیستەکان و تاقمە جەهادییەکان بوونی نییە. بێگومان ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژینا” لە ئێران خەباتێکی شکۆمەندە بۆ کۆتایی هێنان بە بەرزەخێک کە بەسەر ئەم ناوچەیەدا زاڵە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە