ڕۆژی سێشەممە ١٦ی جۆزەردان، وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ١٣ کەس و ڕێکخراوی وەکوو بەشێک لە تیمێکی دابینکاری پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی لە چین و هۆنگ کۆنگ کە بە پشتیوانییکردن لە بەرنامەی مووشەکی و سەربازیی ڕژیمی ئیسلامی تاوانبارن، خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
لە بەشێک لە بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکادا هاتووە کە ئەو تیمە بەردەوام کەرەستەی پێویستی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکیان لە وڵاتانی ئورووپایی کڕیوە و ڕەوانەی ئێرانیان کردووە و بەردەوام پشتیوانییان لە وەزارەتی بەرگریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کردووە.
یەکێک لەو کەسانەی کە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادا ناوی هاتووە، “داوود دامغانی” سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیە و یەکێک لەو کەسانەیە کە لە چین و لە ڕێگەی کۆمپانیا چینییەکانەوە ئەو کەرەستە سەربازییانە دابین دەکات و دەینێرێتەوە بۆ ئێران.
ئەو کۆمپانیایانەی کە گەمارۆیان خراوەتە سەر بریتین لە: کۆمپانیای پیشەیی “شیجینگ کوینگ و شێن وێنشینگ” لە چین و کۆمپانیای “لینگ پرۆکس” لە هۆنگ کۆنگ و کۆمپانیای گەیاندن و گواستنەوەی “بلوو کاڵم” لە ئێران.
هەروەها کۆمپانیای “شەوە درەوشاوەکانی پکەن” و قاسم حەقیقەت خەڵکی ئێران و دانیشتووی چین وەکوو بەرپرسی ئەو کۆمپانیایە خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.