فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئەمریکا چەند ناوەندێکی چینی و ڕووسی خستە لیستی ڕەشه‌وه
پێنجشەممە ۲۳-۰۱-۱۴۰۳   |  11-04-2024

ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە یازدە ناوەندی نوێ، لەوانە ٩ کۆمپانیای ڕووسی و چینی بەهۆی پەیوەندییان بە بەرنامە پەهپادییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە، و هەروەها دابینکردنی ئامێری تایبەت بە ژیری دەستکرد کە لە ئەرتەشی چین بەکار دەهێنرێن بە لیستی ڕەشی هەناردەکردنی وەزارەتی بازرگانی وڵاتەکەی زیاد کردووە.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتێرز؛ کۆمپانیایەکی چینی بەهۆی پاڵپشتیکردن لە ئەرتەشی ڕووسیە لە کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و کۆمپانیایەکی دیکەی چینیش وەک بەشێک لە تۆڕی دابینکردنی پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ کۆمپانیایەکی ئێرانی خراونەتە نێو لیستی ڕەشی هەناردەکردنی ئەمریکاوە.
ڕۆژنامەیەکی ئامریکایی لەو پێوەندییەدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو پارچانە بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهێد، کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها لە شەڕی ڕووسیه دژی ئۆکراین کەڵکیان لێ وەردەگرێ بەکار دێن.
ئەو ڕۆژنامە ئەمریکاییە لە بەشێکی دیکەدا ڕایگەیاندووە کە کەسێک بە ناوی مێهدی خەلەج ئەمیرحوسێنی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و کۆمپانیایەک بە ناوی خەلەج لەو وڵاتە بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی بە هۆی هەناردەکردن یان هەوڵدان بۆ هەناردەکردنی کەلوپەلی ئەمریکایی لە ڕێگەی ئیماراتەوە بەو لیستە زیاد کراوە.