ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە دەوڵەتانی جیهان کرد کە ماڵیاتی تایبەت بخەنە سەر کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و گاز. ئەو لە حامیانی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و گاز ڕەخنەی گرت و وتی: “ئەوە غەیرە ئەخلاقییە کە کۆنسێرنەکانی نەوت و گاز لە قەیرانی وزە بە قیمەتی هەژارترکردنی خەڵک و کۆمەڵگاکان بە قازانجی زیاتر دەگەن و زەرەر و زیانی قورسیش لە ژینگە دەدەن”. ئەو لە درێژەدا وتی کە “داوا لە هەموو دەوڵەتەکان دەکەم کە لەم ناوەندانە ماڵیاتی زۆر وەربگرن و لەم ڕۆژە دژوارانەدا ئەم سەرچاوە ماڵییانە بۆ پشتیوانی لە بێبەشترین کەسەکان بەکاربێنن”. بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەمان حاڵدا ڕوو بە خەڵکی جیهان ڕایگەیاند: “داوا لە خەڵکی سەرتاسەری حیهان دەکەم کە ڕوو بە ناوەندە سەنعەتییەکانی بەکارهێنەری سووتەمەنی فۆسیلی و پشتیوانانی ماڵییان ڕایگەیەنن کە ئەم تەماعە بێسنوورەیان، بەر لە هەمووان زەربە لە هەژارترین مرۆڤەکان دەدات و سەرەنجام ماڵی هاوبەشی هەموومان وێران دەکات”. ئەو چەند حەفتە لەمەوبەریش وێڕای ئاماژە بە شەڕی ئۆکراین لە تویتێکدا نووسیی: “کەسانێک کە قازانجیان لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی فۆسیلی دایە ئێستا بەشێوەیەکی ڕیاکارانە لە شەڕی ئۆکراین کەڵک وەردەگرن تا داهاتوویەکی پڕ لە کەربۆن بخوڵقێنن”.
وتەکانی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بەو ئامارانەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوت و گازەوە ڕاگەیەندرابوو. بەپێی ئامارەکان، ئەم شیرکەتانە ملیاردها دۆلاریان بە سوودی خۆیان زیاد کردووە. شیرکەتەکانی وزەی شێل، تۆتال و ڕێپسۆل، بیلانێکی بێوێنەیان بۆ سێ مانگەی دووهەمی ساڵ دایە دەر. بەدەلیلی چوونەسەرەوەی قیمەتی نەوت بەخاتری شەڕی ئۆکراین، ملیاردها دۆلار سوود بەنەسیبی ئەم شیرکەتانە بووە. کۆمیانیاکانی وزەی ئەورووپا بەهۆی قیمەتی لەسەرێی نەوت و گازی سەرچاوەگرتوو لە شەڕی ئۆکراین بە قازانجی بەرین گەیشتوون. لەم پێوەندەدا گرووپی وزەی “ئار، دەبڵیوو، ئێی”ی ئاڵمان، شەوی پێنجشەممە ٥ی مانگی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە پێشبینیی خۆی بۆ ئەمساڵ لەبواری ماڵییەوە یەکجار پۆزیتیڤ هەڵدەسەنگێنێت و ئەم کۆمپانیایە چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە قازانجی ئەمساڵی پێنج ملیارد و نیو زیاد بکات. داهاتی غوولی وزەی بریتانیا، “شێل”، لەماوەی سێ مانگی ئاوریل و ژوئەندا، ١٧ ملیارد و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. سوودی شیرکەتی نەوتی “تۆتاڵ”ی فەڕانسەش هەر لەو ماوەیەدا پێنج ملیارد و حەوسەد ملیۆن دۆلار بووە. ئەم شیرکەتە ڕۆژی پێنجشەمممە ٦ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە هێرشی نیزامیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین هەروا لەسەر بازاڕی وزە کاریگەریی هەیە. لەم پێوەندەدا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بەشێوەی مامناوەند گەیشتووەتە سەد و دە دۆلار. نرخی بەرهەمەکانی پاڵاوگەش ڕێکۆردی مێژوویی لێداوە. لەم زەمینەیەدا “تۆتاڵ” مودەعییە کە بە “بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت و گاز یارمەتیدەری ئەمنییەتی وزە بووە”. قازانجی کۆمپانیای “رێپسول”ی سپانیا لە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو هەر لەو مەودا زەمانییەدا دوو بەرابەر بووە و گەیشتووەتە دوو ملیارد و پێنجسەد و چل ملیۆن یۆرۆ.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باروودۆخێکدا ئەم قسانە دەکات کە جیهان هێستا لە دواهاتەکانی کۆرۆنا نەجاتی نەببوو کە شەڕی بەینی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین بە هەموو ئاکامە وێرانگەرەکانیەوە سێبەری بەسەر کۆمەڵگەی جیهانیدا کێشا. ملیاردها دۆلار کەوتە خزمەت کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ تا بە ناردنی چەک بۆ ئۆکراین زەمینەی فەرسایشی بوونی شەڕی نیابەتیی ناتۆ لە ئۆکراین دابین بکەن. بۆمبارانی شارەکانی ئۆکراین، ئاوارەبوونی ملیۆنها کەس لە دانیشتووانی ئەم وڵاتە و تەبلیغاتی شەووڕۆژیی ئەندامانی پەیمانی ناتۆ تەنیا وێنەیەکی ئەم شەڕە بوو، وێنەکەی تری درێژە و ئاکامەکانی بوون کە بەشێکی بەرین لە خەڵکی جیهانی بەرەوڕووی قەیرانی مەعیشەت کردەوە. نەتەنیا نرخی سووتەمەنی نزیکەی لەسەدا سەد زیادیان کرد بەڵکوو نرخی پێداویستییەکانی تریش بەشێوەیەکی بەرچاو چوونە سەرێ.
بەرزبوونەوەی قیمەتەکان بەڵام ئاکامی یەکسانی نییە. لەلایەکەوە ملیۆنان کەس لە خەڵکی جیهان بەخاتری بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، سووتەمەنی، دانەوێڵە و کوودی شیمیایی بەهۆی شەڕی ئۆکراین بەرەوڕووی هەژاری و قاتی بوونەتەوە و ئاکامی ڕاستەوخۆی ئەم باروودۆخە پەرەسەندنی بێوێنەی برسییەتی و کۆچکردنە لەئاستی جیهاندا. هەڵبەت زەرەرمەندانی ئەم باروودۆخە تەنیا لە وڵاتانی غەیرە ئەورووپایی نین. ئێستا تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریش ملیۆنان مرۆڤ کە لە خوارترین هێرەمی کۆمەڵگەدان بە سەختی دەتوانن ئاکامەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکان تەحەمول بکەن. هەر لەئێستاوە لەزۆرێک لەم وڵانانە ئاماری کەسانێک کە لە هێڵی هەژاری نزیک دەبنەوە، بەردەواوم دەڕواتە سەرێ. لە حاڵێکدا کە دەوڵەتانی سەرمایەداری داوا لە خەڵک دەکەن کە گاز کەمتر بەکار بینن و خەڵک بۆ زستانێکی سارد ئامادە دەکەن، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک و نەوت و گاز براوەکانی ئەم باروودۆخەن و بەردەوام بە قازانجی زیاتر دەگەن.
کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئەورووپا ڕایگەیاند کە وڵاتانی ئەندام لە مانگی ئووتی ئەمساڵەوە تا مانگی مارسی ساڵی داهاتوو دەبێت ڕێژەی بەرکاهێنانی وزە پانزدە لەسەد کەم بکەنەوە. دەوڵەتی سپانیا بەلەبەرچاوگرتنی ئەم بڕیارەی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئەورووپا ڕایگەیاند کە بینا و ناوەندە گشتییەکان و فرۆشگاکان پێویستە لە زستاندا زیاتر لە ١٩ پلە گەرمتر نەبن و لە مانگەکانی هاوینیشدا پلەی گەرمای ئەم بینایانە لە ٢٧ دەرەجە کەمتر نەبێت. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە پلەکانی گەرما لە سپانیا و وڵاتانی ئەورووپایی زۆر جار چل دەرەجە تێدەپەڕێنێت و کەسیش نازانێت کە بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەواوە، لە زستاندا ئەم وڵاتانە چەندە سارد دەبن. لە ئاڵمان دەوڵەت داوای لە خەڵک کردووە کە لە زستاندا ماوەی دووش گرتن و پلەی گەرمیی ئاو بێننە خوارێ و خەڵک هەر لەئێستاوە خۆی بۆ چوونەسەرەوەی قیمەتی گاز لە زستاندا ئامادە کردووە و دەبێ بیر لە دابینکردنی پاشەکەوتێک بۆ چوونەسەرەوی نرخی سووتەمەنی بکەنەوە.
لەم باروودۆخەدا دەوڵەتەکان بەڕواڵەت باسی بردنەسەرەوەی ماڵیاتی کۆمپانیا گەورەکانیان هێناوەتە گۆڕێ کە دەستبەجێ لەگەڵ موقاومەتی بەڕێوەبەران و قازانجبەرانی ئەم کۆمپانیایانە بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەوان هەر لەئێستاوە هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە لە ئەگەری جێبەجێبوونی ئەم کارەدا، چاوەڕوانی بێکاربوونی ملیۆنان کرێکار بن. ئەگەر لە جەرگەی قەیرانی کۆرۆنادا ملیۆنان کەس لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش پیشەی خۆیان لەدەست دا و بوونە قوربانییانی سەرەکیی ئەم پەتایە، ئێستاش دەبێت هەر ئەم جەماوەرە تێچووی ئاکامەکانی شەڕی ئۆکراین بدەن. بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە جەماوەری کار و زەحمەت هەنگاو بە هەنگاو دێنە مەیدان و حازر نین دواهاتی قەیرانێک وەئەستۆگرن کە خۆیان لە خوڵقاندنیدا هیچ دەورونەخشێکیان نەبووە. ڕاپەڕین لە سریلانکا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مانگرتنی کرێکارانی سێ بەندەری سەرەکیی ئاڵمان، مانگرتنی کرێکارانی ڕێگەی ئاسنی بریتانیا پاش دوایین مانگرتنیان واتە سی ساڵ لەمەوبەر، مانگرتنی دوو ڕۆژەی کرێکارانی شیرکەتی فڕۆکەوانیی لوفت هانزا و مانگرتنی کرێکارانی مەدرەسەکان و کلینیکی زانکۆکانی ئەیالەتی “نۆرد راین وێستفالێن”ی ئاڵمان تەنیا بەشێکی چکۆلەیە لەم خەبات و ناڕەزایەتییانە. لەخۆڕا نییە کە تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریش لەلایەن ژوورەکانی فکری چینی دەسەڵاتدارەوە باس لە مەترسیی “شۆرشی کۆمەڵایەتی” دەکرێت. کۆمۆنیست و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان تەنیا بە بەشداریی چالاکانەیان لە بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاران و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژبە سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری، دەتوانن یارمەتیدەری بابەتی ڕێکخستن و ڕێبەریی ئەم بزووتنەوانە بن و بە پشت بەستن بەم بزووتنەوانە دەوڵەتانی سەرمایەداری و ڕەوتە ڕاسیست و فاشیستەکان ببەنە ژێر پرسیارەوە.