
ڕۆژی ٢١ی ڕێبەندان، لە کاتێکدا تەنیا مانگێک بەسەر کارەساتی کۆمەڵکوژییەکەی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ بە دەستی جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی تێپەڕ دەبوو، عەلی خامنەیی لە پەناگەی خۆیەوە، زەلیلانە داوای لە خەڵک کرد کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران دژی ڕژێمی دیکتاتۆریی پاشایەتی، بۆ لایەنگری لە کۆماری ئیسلامی بڕژێنە سەر شەقامەکان و بەشداری لە ڕێپێوانە فەرمایشییەکەیدا بکەن.
ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئەمساڵ بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە ڕێپێوانە حکوومییەکەیدا تەواوی ئامێرە پڕۆپاگەندەییەکانی خستبووە گەڕ؛ ئیدارەکان، قوتابخانە و زانکۆکانیان داخست؛ هەڕەشەیان لە بازاڕییان و کاسبکاران کرد کە دەبێ لە ڕێپێوانەکەدا ئامادە بن، هێزە بەکرێگیراو و سەرکوتگەرەکانی سپا، بەسیج، ئیتلاعات، ئەرتەش و پۆلیسیان ناچار بە بەشداری کرد، خەڵکی گوندەکان و گەڕەکە پەراوێزخراوەکانی شارەکانیان بە پاسی بێ بەرامبەر هێنایە سەر شەقامەکان، تەنانەت بەوپەڕی بێشەرمییەوە هەڕەشەیان لە بنەماڵەی گیانبەختکردوانی کۆمەڵکوژییەکەی ئەم دواییە کرد کە دەبێ بەشدار بن، ئەگەرنا ڕۆڵە و کەسوکارە زیندانییەکانیشیان لە سێدارە دەدەن. ئەم هەموو بێچاوڕوویی و ڕیاکارییەی ڕژیم بۆ هێنانە مەیدانی خەڵک لەم بۆنەیەدا، تەنیا بۆ ئەوە بوو تا بە خەیاڵی خاوی خۆیان نیشانی بدەن کە خەڵکی ئێران لەگەڵ دەسەڵاتی ئیسلامین و بەم چەشنە مەشروعیەتی درۆینەی خۆیان بە دەوڵەتانی دیکە نیشان بدەن.
ئەم شانۆگەرییە گاڵتەجاڕانەیە لە کاتێکدا بوو کە مانگی پێشوو، ملیۆنان کەس لە خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دەست هەژاری، برسێتی، هەڵاوسان، گرانی و جیاکاری و نادادپەروەری، بۆ ماوەی دوو هەفتە لە سەدان شاری ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دەنگێکی دلێر و بە دروشمگەلێکی وەک “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “مەرگ بۆ خامنەیی”، “مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی”، جارێکی دیکە ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامییان ناوێت و بەڵگەی ناڕەوایەتیی دەسەڵاتی ئیسلامییان بە جیهان نیشان دا.
سەرەڕای ئەمانە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، عەلی خامنەیی بەوپەڕی بێشەرمییەوە لە پەناگەکەی خۆیەوە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیی دیکەی ئاراستەی خەڵکی ئێران کرد. ناوبراو ئەمجارە لە بەرگی ناسیۆنالیستێکی ئێرانیدا دەرکەوت و فریوکارانە گوتی: “دوێنێ گەلی ئازیز فەتحێکی گەورەیان کرد، ئێوە ئێرانتان سەربەرز کرد، پشتیوانیتان لە کۆماری ئیسلامی کرد، ئەو دوژمنانەی بەدوای تەسلیمبوونی گەلی ئێرانەوەن نائومێدتان کرد، وڵاتتان لە دەستێوەردانی بێگانە ڕزگار کرد؛ ئەو بێگانانەی بەدرێژایی هەموو ئەم ساڵانە ویستوویانە دۆخەکە بۆ ڕابردوو بگێڕنەوە. بەڵام گەلی ئێران ڕاوەستا و ئەمە سیمبوولی خۆڕاگریی گەلی ئێران بوو لە بەرامبەر دەستێوەردانی بێگانەدا. دەبێ هەموومان هەوڵ بدەین پەیوەندی و یەکگرتوویی نەتەوەیی بپارێزین. یەکگرتوویی نەتەوەیی زۆر بەبایەخە. ئێوە ئەو دوژمنانەی بەدوای تەسلیمبوونی گەلی ئێرانەوەن نائومێدتان کرد. خودا پاداشتی ئەوە بە گەلی ئێران دەداتەوە. من سپاسی هەموو گەلی ئێران دەکەم و دروودی زۆر دەنێرم بۆ یەک بە یەکی ئەو کەسانەی دوێنێ لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارییان کرد. دەسەڵات و هێزی نەتەوەیی پێش ئەوەی پەیوەندی بە مووشەک و فڕۆکەوە هەبێت، پەیوەستە بە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلانەوە”.
خامنەیی لەم پەیامەدا بەردەوام ناوی ئێران، گەلی ئێران، یەکگرتوویی نەتەوەیی، بێگانە و وشەی هاوشێوەی بەکار دێنا و هیچ هەواڵێک لە بەکارهێنانی دەستەواژەکانی “ئوممەتی ئیسلام” و “ئێرانی ئیسلامی” و “نیزامی ئیسلامی” و هیتر نەبوو. بەکارهێنانی ئاوا لەحن و وشەگەلێک، لە هەمان کاتدا کە یەکجار ڕیاکارانە بوو، نیشانەی نیگەرانیی قوڵی ناوبراو بوو لە ڕووخانی دەسەڵاتی ئیسلامی. ئەم پیاوە سووک و بکوژە لە کاتێکدا پەیامێکی ئاوا ئاراستەی خەڵک دەکات کە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار هەر لەم شەقامانەدا، داخوازی و داواکارییە سروشتی و ڕەواکانی کرێکاران و “خەڵکە ئازیزەکەی ئێرانی!” بە گولـلەی هێزە بەکرێگیراوەکانی وەڵام دایەوە و هەزاران کەس لە منداڵان و لاوانی کوشت. زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس لە خەڵکی ناڕازی و بێلایەنی دەستبەسەر و زیندانی کردووە. ئامانجی خامنەیی لە پەیامێکی ئاوا دووڕوویانە، لە بنەڕەتدا سڕینەوەی ئەسڵی مەسەلەکە و ئەو کۆمەڵکوژی و کوشتارە سامناکە بوو کە بە فەرمانی خۆی ئەنجام درابوو، تا لە زەینی کۆمەڵگا پاکی بکاتەوە. بەڵام خەیاڵی خاوە! چونکە ڕق و بێزاریی خەڵکی ئێران لە دەسەڵاتی ئیسلامی تەنیا پەیوەست نییە بەم کۆمەڵکوژییە جەنایەتکارانەیە، بەڵکوو ڕیشەی لە زیاتر لە چوار دەیە هەژاری و برسێتی، جیاکاری و نادادپەروەری، سەرکوت و کوشت و کوشتاردا هەیە.
ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کە ڕووبەڕووی قەیرانی هەمەلایەنەی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و قەیرانی مەشروعیەت و ناکارامەیی بۆتەوە، لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، بە خۆلێگێلکردن لە ئاست هەر جوڵەیەکی ناڕەزایەتیی جەماوەری، هەر مانگرتن و ناڕەزایەتییەکی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگای بە تۆمەتی بێبنەما و بەستنەوەیان بە دوژمن و بە ئەمریکا و ئیسرائیل وەڵام داوەتەوە و بە کوشتار و زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە سەرکوتی کردوون. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا تەنانەت دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی سەرانی باڵی “ڕیفۆرمخواز”، کە خۆیان شەریکی تاوان و هاوکاری خامنەیی و سپای پاسداران بوون لە جەنایەتەکانیاندا و لەم دواییەدا پێشنیارگەلێکیان بۆ چارەسەری قەیرانەکان لەپێناو پاراستن و مانەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی خستبووە ڕوو. ئەم دەستبەسەرکردنانەش نیشانەیەکی دیکەیە لە ترس و تۆقانی خامنەیی و ڕێبەریی دەسەڵاتی سپای پاسداران کە کابووسی ڕووخانی ڕژێمە گەندەڵە ئیسلامییەکەیان لەسەر سەری خۆیان دەبینن.
بەڵام ئەم کابووسە دەبێتە ڕاستی. قەیرانەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی بونیادیتر و قوڵتر لەوەن کە ڕژێم بتوانێت بە پەنابردن بۆ سەرکوت و کوشتار، یان بە ڕۆیشتنە سەر مێزی دانوستان و سازش و تەسلیمبوون بە ئەمریکا چارەسەریان بکات. شەپۆلی مەزنی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکان لە ٨ ساڵی ڕابردوودا دەریخستووە کە کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بەشمەینەت چیتر ناتوانن ئەو هەژاری و نەهامەتییەی کە بەرهەمی قەیران و بنبەست و گەندەڵیی دەسەڵاتی ئیسلامییە، تەحەمول بکەن. سەرەنجام کارخانە و شەقام بەیەک دەگەن. مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران لە یەکێتی و هاوپشتی لەگەڵ ناڕەزایەتیی ژنانی ئازادیخواز، مامۆستایانی تێکۆشەر، خوێندکاران، خانەنشینان، پەرستاران و دادخوازان و… تا ڕووخانی یەکجاریی دەسەڵاتی هاری ئیسلامی درێژەی دەبێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە