فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئەوەڵی مانگی مەی، دەرفەتێک بۆ گەڵاڵەکردنی داخوازیی ژنانی کرێکار
شەممە ۰۹-۰۲-۱۴۰۲   |  29-04-2023
ئەوەڵی مانگی مەی، دەرفەتێک بۆ گەڵاڵەکردنی داخوازیی ژنانی کرێکار

ژنان بەردەوام ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بزووتنەوەی کرێکاریدا هەبووە. ناڕەزایەتی و مانگرتنی ژنان لە کارخانەکانی ڕستن و چنین لە ئەمریکا دژبە بارودۆخی نالەباری کار و حەقدەستی لەخوارێ لە دەیەی ١٨٣٠، ناڕەزایەتیی کرێکارانی سەنعەتی پۆشاک لە ئەمریکا لە ساڵی ١٨٥٧، مانگرتنی ژنانی ڕەشپێستی ئەمریکا لە ساڵی ١٨٨٦ بۆ حەقدەستی باشتر، ناڕەزایەتیی ١٥ هەزار کەس لە ژنان لە ساڵی ١٩٠٨ لە شەقامەکانی نیۆیۆرک دژبە توندوتیژیی شوێنی کار و بۆ حەقدەست و بارودۆخی باشتری کار و مافی دەنگدان کە لەلایەن حیزبی سۆسیالیستی ئەمریکاوە سازماندرابوو و دواتر بوو بە ئیلهامبەخشی ڕۆژی جیهانیی ژن، چەند نموونەیەکی بەرچاون لە دەورونەخشی ژنان لە بزووتنەوەی کرێکاریدا.

ژنان ڕۆڵێکی گرینگیان هەبوو لە دیاریکردنی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا. ئەوەڵی مانگی مەی ١٨٨٦، کاتێک ٣٥٠ هەزار کرێکار لە ئەمریکا دەستیان دایە مانگرتنی گشتی و خوازیاری ٨ سەعات کاری ڕۆژانە بوون، لوسی پارسۆنز، ڕێبەری سۆسیالیست و هاوسەری ئالبێرت پارسۆنز، کە دواتر بە تۆمەتی هاودەستبوون لە بۆمبدانانی مەیدانەکانی مارکێتدا ئێعدام کرا، ڕۆڵێکی گرینگی لە ڕێبەری و ڕێکخستنی ئەم مانگرتنەدا هەبوو. ئەو هاوکات لەگەڵ تێکۆشان بۆ ئازادیی هاوسەرەکەی و باقیی مەحکوومان، ژیانی خۆی بۆ خەبات لەپێناو مافی کرێکاران تەرخانکرد. ژنان لە ئەمریکا لەماوەی ساڵانی کۆتایی سەدەی ١٩، کە سەردەمی گەشەی خەبات و مانگرتنی کرێکاری بوو، بە هێنانە مەیدانی خەڵک بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و بەکرێگیراوانی حکوومەت کە بۆ سەرکوتی مانگرتووان ئەجیر کرابوون، ڕۆڵێکی بەرچاویان بوو. ژنان بە نەخشی ڕێبەری لە خەبات بۆ هەشت سەعات کار لە ڕۆژی ئەوەڵی مەیەکاندا و بە خەباتیان بۆ نەمانی کاری منداڵان، پێشەنگی بزووتنەوەی کرێکاری بوون لەم قۆناغە مێژووییەدا. ڕۆڵی پێشەنگی ژنان نە تەنیا بۆ بزووتنەوەی ئازادیی ژنان و بۆ دیفاع لە مافی ژنانی کرێکار و باقیی هاوچینەکانی خۆیان لە ئەمریکا، بەڵکوو بۆ گشت چینی کرێکاری جیهان دەستکەوتێکی مێژوویی و بەنرخ بوو. یەکی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکار قەرزاری تێکۆشانی ئەم ژنانەیە، کە بەداخەوە زۆر کات باسی لێناکرێت و شاراوە ماوەتەوە.

لە ئێران ژنان لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵێکی کەمتریان لە ژنانی ئەمریکا نەبووە. کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی بەشێوەی سیستماتیک هەوڵی داوە بە بێبەریکردنی ژنان لە هەموو مافێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەوان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژنانی کۆمەڵایەتیدا لە پیاوان جیا بکاتەوە، و پێگەی ژن تا ئاستی ژنی ماڵ و ژێردەست بێنێتە خوارێ، بەڵام ژنان هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکانیان کردە مەیدانی موقاومەت و خەبات بەرانبەر بە یاسای دژبە ژنی دەسەڵات. ژنان لەماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، نەتەنیا بەرەنگاری یاسای هەڵاواردن و دژەئینسانی کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە و وەک پێشەنگی خەباتی جەماوەری وەگیانهاتوو لە ئێران، ڕۆڵی بەرجەستەیان لە گرینگرترین ڕووداو و ئاخێزەکاندا بووە، بەڵکوو تا جێگەیەک کە ئیمکانی بووە لە خەبات و ناڕەزایەتیی کرێکارانیشدا دەورونەخشیان بینیوە. سپیدە قولیان کە بە تاوانی دیفاع لە خەباتی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە لە زینداندا بەسەر دەبات، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕەزایەتیی کرێکاران، حەوت تەپەی وەک پایتەختی مانگرتنی دنیا و خۆی وەک پشتیوانی شایستەی کرێکاران بە هەموو جیهان ناساند. ئانیشا ئەسەدوڵڵاهی مامۆستای زمان، چالاکی کرێکاری و وەرگێڕی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسڕانی تاران و دەوروبەر، کە ئەم ڕۆژانە لە بێدادگاکانی ڕژیمدا بە تاوانی دیفاع لە کرێکاران دادگایی دەکرێت، نموونەیەکی تر لەم ژنە بوێرانەیە. هەروەها ژنان بە حزووری بەرچاویان لە خەباتی مامۆستایان و خانەنشینان بۆ بەدواداچوونی داخوازییەکانیان و بۆ دیفاع لە پەروەردەی بەخۆڕایی بۆ منداڵان، ڕۆڵێکی کاریگەریان بووە. مانگرتن و خەباتی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە و مانگرتنی شکۆمەندی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی بەبێ هاوپشتی و فیداکاریی ژنان و بنەماڵەی کرێکاران قابیلی تەسەور نەبوو.

بزووتنەوەی ژنان ئەگەرچی ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی جەماوەری و کرێکاریدا، بەڵام هێستاش لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری پەیوەندییەکی قایم و ئۆرگانیکی نییە. ڕێژەی کەمی حزووری ژنان لە بازاڕی کاری ڕەسمی و غەیری ڕەسمی و سەرکوتی سیستماتیک، لە بەربەستە سەرەکییەکانی ڕێکخستن و سازماندانی ژنان لە شوێنەکانی کار بوون. ئەو جەماوەرە بەرینەی ژنان کە دیلی بێ مزدی کاری ناو ماڵن و لە بیمەی بێکاری و لە زۆرێک لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و دەرمانییەکان بێبەرین، کاری سازماندانی ژنانی دژوار کردووە.

کۆماری ئیسلامی بە داسەپاندنی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری بەسەر زۆربەی کرێکارانی ئێران، بە ئەسیرکردنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لەناو ماڵ و بە بێبەریکردنیان لە دامەزراندن و بیمەی بێکاری، بە وەحشیانەترین شێوە چینی کرێکاری ئێران دەچەوسێنێتەوە. لە هەمان حاڵدا بە دوورخستنەوەی ژنانی کرێکار لە شوێنی کار، بە مەحرومکردنیان لە بەشداری لە خەباتی سازماندراوی کرێکاران، بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانی لە نیوە هێزی خۆی لەپێناو خەباتی ڕێکخراو بێبەری کردووە. ئەزموونی سەرکەوتووی خەباتی مامۆستایان و خانەنشینان، کە تێیدا ژن و پیاو شان بە شانی یەکتر لە حاڵی سازماندانی ئیعتڕازات دان و پێکەوە لەم ئیعتڕازاتەدا بۆ خواستەکانیان خەبات دەکەن، نیشانی دەدات کە پەیوەنددانی خەبات و هێزی ژنان و پیاوان لەگەڵ یەک دەتوانێ کاریگەرتر بێت. لەم ڕووەوە پێویستە ئەم ژنانە لەگەڵ هاوچینەکانیان، هێز و ڕیزەکانیان بۆ خەبات لەپێناو بیمەی بێکاری، تەندروستی و دەرمانی بێبەرانبەر، پەروەردەی بەخۆڕایی و هەڵوەشاندنەوەی کاری منداڵان و هتد سازمان بدەن. سەرەڕای ئەوەیکە ژنان بەشێوەی بەرین ڕوویان کردووەتە خوێندنی باڵا بەڵام ڕێژەی دامەزراندنی ژنان یەکجار خوارتر لە پیاوانەوە و هەر ئەم واقعیەتەش خواستی کار یان دابینکردنی بیمەی بێکاریی کردووەتە یەکێک لە داخوازییەکانی ژنان.

ئەمساڵ ئەوەڵی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە بارودۆخێکدا بەرز ڕادەگرین کە ژنانی ئێران ئەزموونی شکۆداری ئاخێزی ژن ژیان ئازادییان هەیە و دەست لەناو دەستی کرێکاران ئاڵای داخوازییان بۆ دنیایەکی باشتر بەرز کردووەتەوە. بە پشت بەستن بەم دەستکەوتانە و بە پەیوەنددانی خەباتی ژنان و کرێکاران، دەکرێ سەنگەری زیاتر فەتح بکرێت. ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵ دەرفەتێکە کە ژنان و پیاوانی کرێکار و بێکار لە ئێران بتوانن شان بە شانی یەک لە شەقام و مەیدانەکانی شار بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەگونجێ ئەم ڕۆژە جیهانییەی خۆیان جێژن بگرن و بە گەڵاڵەکردنی داخوازییە ئابووری و سیاسییەکانیان، لەوانە خواستی بیمەی بێکاری، تەندروستی و دەرمانی بەخۆڕایی، دامەزراندنی یەکسان بۆ ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، حەقدەستی گونجاو بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی بۆ کرێکاران، کۆتایی هێنان بە هێرشی ڕژیم بۆسەر مافی ژنان و مەسموومکردنی کچان و مەدرەسەکان، ئازادیی زیندانییانی سیاسی و هیتر، لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتی چینی کرێکار هەڵبدەنەوە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co