فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

”ئەگەر حەقدەست زیاد نەکرێ، ناڕەزایەتییەکانمان بەرینتر بەڕێوە دەبەین”
یەکشەممە ۰۶-۰۳-۱۴۰۳   |  26-05-2024

لەگەڵ پەرەستاندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوو، ڕۆژی سێشەممە یەکی مانگی جۆزەردان “شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت” وێڕای پشتیوانی لە مانگرتنی کرێکارانی پڕۆژەیی بە خواستی زیادکردنی حەقدەست، داوای لە هەموو کرێکاران کرد کە بەشێوەی بەرین لەم مانگرتن و حەرەکەتە ئیعتڕازییەدا بەشداری بکەن. ئەم شۆرایە ڕایگەیاند: ”هەروەک پێشتر ڕامانگەیاندبوو زیادکردنی حەقدەست خواستی یەکەمی ئێمە کرێکارانی پڕۆژەیی نەوتە بۆ گرێبەستەکانی ئەمساڵ. بەلەبەرچاوگرتنی چوونەسەری لەڕادەبەدەری تەوەرۆم، چاوەڕوانیی لانیکەمی ئێمە زیادکردنی ٤٥ لەسەدیی حەقدەستە لە هەموو ئاستەکاندا. هەروەها ئێمە کرێکاران لەئاست گێڕانەوەی ماڵیاتی نجوومی لە حەقدەستی مانگی گوڵانمان ناڕازین. ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەگەر حەقدەست زیاد نەکرێ ناڕەزایەتییەکانمان بەرینتر بەڕێوە دەبەین”. لابردنی یەکجاریی سەقفی حقووق، ئیسلاحی کەفی حقووق، لابردنی بەربەستەکانی حەقی سەنەواتی خانەنشینی، گەڕاندنەوەی ماڵیاتی زیادەی دوو دەیەی ڕابردوو و لەسەر کار لابردنی بەرپرسانی گەندەڵ و ناکارامە، خواستەکانی تری ئێمەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی مانگی گوڵان، بە بێ بایەخدان بە مەرگی ڕەئیسی و هاوڕێکانی لە ڕۆژی پێشوو، ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی پڕۆژەیی سەنعەتی نەوت و گاز بە نەچوونە سەر کار و تەرکی کەمپەکان و گەڕانەوە بۆ شوێنی ژیانیان، مانگرتن و ناڕەزایەتییان لەدژی بەڕۆژنەبوونەوەی حەقدەستەکانیان لەمساڵدا دەستپێکرد. کرێکارانی بەشە جۆراوجۆرەکانی عەسەلوویە لە ناڕەزایەتی بە زیادنەکردنی حەقدەستەکانیان و تەنانەت قەبووڵ نەکردنی پەسندکراوی “شۆرای باڵای کار”ی ڕژیم واتە بردنەسەری ٣٥ لەسەدی حەقدەست لەلایەن خاوەنکاران، بەم مانگرتنە پەیوەست بوون. لەم ڕۆژەدا کرێکارانی بەشەکانی “داربەستی بەندی شیرکەتی گۆستەرش سەنعەتی پادانا” ، کرێکارانی “بەرق و ئەبزاری دەقیقی شیرکەتی ستارەی تاراز لە سایتی یەکی بووشێهر، کرێکارانی “بەرق و ئەبزاری دەقیقی شیرکەتی جەهان پارس مسی سەرچشمە”، کرێکارانی “پێترۆشیمیی دێهلۆڕان”، کرێکارانی “ڕەنگ و عایقی شیرکەتی سازەی پاد لە سایتی یەکی بووشێهر” لە ناڕەزایەتی بە وەزعیەتی فەلاکەتباری مەعیشەت و بە خواستی زیادکردنی دەستبەجێی حەقدەست دەستیان دایە مانگرتن.

ڕۆژی سێشەممە یەکی مانگی جۆزەردان مانگرتن پەرەیستاند و چەندین بەشی دیکە لە کرێکارانی پەیمانیی نەوت لە عەسەلوویە لەوانە کرێکارانی پێترۆپاڵایشی کەنگان، کرێکارانی شیرکەتی ئازموون فلزی پێترۆشیمیی بووشێهر سایتی یەک، کرێکارانی بەرق و ئەبزاری دەقیقی شیرکەتی نیرووئارای پێترۆشیمی بووشێهر سایتی یەک، کرێکارانی شیرکەتی تیو ئێنێڕژیی پاڵاوگەی پیشگامان و کرێکارنی شیرکەتی بەهین فەرارادی پاڵاوگەی پیشگامان بە خواستی زیادکردنی حەقدەست و لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی حەقدەستی مانگەکانی پێشوو بەم مانگرتنە پەیوەست بوون.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە دوو حەفتە لەمەوبەرەوە هەموو ڕۆژێ ناڕەزایەتی و مانگرتن لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچووە. ڕۆژی شەممە ٢٢ی مانگی گوڵان کرێکارانی ئەرکانی سالسی نەوت و گاز، بۆ چەندومین جار بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ناوەندی سەرۆک کۆماری و وەزارەتی نەوت، لەئاست بێ وڵام مانەوەی داخوازییەکانیان لەوانە بردنەسەری بڕی حەقدەست و پەسندکردنی تەرحی ساماندەهی دەستیان دایە ناڕەزایەتی. پێویستە بوترێ کە هێستاش حەقدەستی کرێکارانی ئەرکانی سالس کە دوو لەسەر سێی کرێکارنی سەنعەتی نەوت و گاز پێکدێنن و ڕۆژانە دە تا دوازدە سەعات کاری سەخت ئەنجام دەدەن، یەک لەسەر سێی حەقدەستی کرێکارانی ڕەسمییە. لە حکوومەتی دژەکرێکاری کۆماری ئیسلامیدا بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی خسووسی سازی و پەرەپێدانی چەوساندنەوەی هێزی کار، شێوازی دامەزراندنی کرێکاران، جیاواز و پڕ لە هەڵاواردنە. کرێکارانی ئەرکانی سالس بەو دەستەیە لە کرێکاران دەوترێ کە نە ڕەسمی (واتە ئەرکانی ئەوەڵ) و نە پەیمانی (واتە ئەرکانی دووهەم)ن، بەڵکوو ئەو دەستەیە لە کرێکارانن کە کاتێکی دیاریکراو بۆ دامەزراندنی ڕەسمییان لەبەرچاو نەگیراوە.

ڕۆژی ٢٣ی مانگی گوڵان کۆمەڵێکی بەرین لە کرێکاران بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان دەستیان دایە ناڕەزایەتی و مانگرتن. کرێکارانی پێترۆشیمی مۆکران لە شیرکەتی “ئاوای جەهانبین پارسیان” لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی سێ مانگ حەقدەست بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپاکرد. لە هەمان ڕۆژدا کرێکارانی خانەنشینکراوی سەنعەتی فوولاد و خانەنشینکراوانی تەئمینی ئیجتماعیش لە زۆرێک لە شارەکان لەوانە تاران، ئەهواز، دامغان، شاهڕوود، قائمشار، ئەراک، کرماشان و شووش کۆبوونەوەی یەکشەممەکانی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و بە وتنەوەی چەندین دروشم ڕێپێوانیان ئەنجامدا. کرێکارانی خانەنشینکراو لە ئیسفەهانیش وێڕای وتنەوەی چەندین دروشم لە بەرامبەر سندووقی خانەنشینیی ئەمشارە کۆبوونەوە و لەئاست دزی و تاڵانکردنی پارەی ئەم سندووقە لەلایەن بەرپرسانی ڕژیم تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی مانگی گوڵان خانەنشینانی شیرکەتی موخابرات لە ناڕەزایەتی بە وەدینەهاتنی خواستەکانیان لە چەندین شار لە بەرامبەر شیرکەتی موخابرات بە وتنەوەی دروشمی وەک “بەرپرسی بێ لیاقەت شیرکەتی تاڵان کردووە”، “مەعیشەت و خاروبار دەبێ بەڕۆژ بکرێتەوە”، “بیمەی تەکمیلی دەبێ ئیسلاح بکرێت” دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ڕێپێوانیان بەڕێوەبرد. هەر لەو ڕۆژەدا پەرستاران و پێرسۆنێلی دەرمانیی شاری “فەسا” لە بەرامبەر فەرمانداری کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپاکرد و نیسبەت بە ئیجرای قانوونی تەعرەفەگوزاری خەدەماتی پەرستاری و ئیزافەکاری ئیجباری بە حەقدەستی کەم، ناڕەزایەتییان دەربڕی. ڕۆژی ٢٩ی گوڵانیش زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کرێکاری شیرکەتی پایەندان ئێکسیر سەنعەت و شیرکەتی “ئای پی ئێم ئای” لە فازی ١٤ی کەنگان دەستیان دایە مانگرتن. ڕۆژی ٣٠ی مانگی گوڵان کرێکارانی ڕەسمیی شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕە لە خارک لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خۆیان بۆ بەدواداچوونی خواستەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

مانگرتنی ڕێکخراو و سەرتاسەریی کرێکاری ئامرازی بەهێزە لەناو دەستی چینی کرێکار کە بە کەڵک وەرگرتن لێی نەتەنیا دەتوانێ هەموو مافەکانی خۆی لە گەڕووی ڕێبەرانی حکوومەتی ئیسلامی و سەرمایەداران و خاوەنکارانی زەرووسفەت دەرکێشێ، بەڵکوو دەشتوانێ هەر بەم ئامرازە دەسەڵاتی سەرمایە بە هەر شکڵ و ڕەنگێکەوە ڕیشەکێش بکات. ڕێبەران و سەرانی دز و گەندەڵی حکوومەتی دژەکرێکاری ئیسلامی تەنیا لە نەبوونی حزووری ڕێکخراوی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش توانیویانە هەتا ئێستا درێژە بە دەسەڵاتی نگریسیان بدەن. مانگرتنی هاوئاهەنگ و سەرتاسەریی کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بە ئامانجی تێپەڕین لە نیزامی سەرمایەداری و بە ئاسۆی سۆسیالیستی دەتوانێ هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان بەشێوەی هاوئاهەنگ وەحەرەکەت بخات. تەنها لەو ڕێگەوەیە دەکرێ ماشێنی سەرکوت و کوشتاری حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداران زەمینگیر بکرێت و ئاسۆی ڕوونی ژیانێکی ئازاد و خۆشگوزەران و ئینسانی بەڕووی کۆمەڵگەدا بکرێتەوە.