فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بارودۆخی کارەساتباری بەبارمتەگیراوانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل
سێشەممە ۰۹-۰۸-۱۴۰۲   |  31-10-2023

لەحاڵێکدا کە چارەنووسی بەبارمتەگیراوانی ئیسرائیلی و وتووێژ بۆ ئازادیی ئەوان لە ناوەندی سەرەنجی دەوڵەتی ئەمریکا و باقی دەوڵەتانی جەنایەتکاری ڕۆژئاوا و میدیاکانی سەربەواندانە و تەنانەت جەنایەتی جەنگی و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل دژبە خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە بە ئامانجی درۆیینی ئازادیی ئەم بەندکراوانە پاساو دەکرێت، کارەساتێکی مرۆیی دیکە لەناو بێدەنگی و سەرشلووغیی میدیاکاندا گوم بووە. ئەو کارەساتەی کە بەبارمتەگیراوانی فەلەستینی لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلدا لەگەڵی بەرەڕوون. لەناو ئەم ئەشکەنجەگایانەدا تەنانەت دووربینێکیشی لێ نییە تا ببیندرێ کە ئەوە تەنها خەڵکی کەرتی غەززە نین کە لە گەورەترین زیندانی سەرئاواڵەی جیهاندا بەردەوام هێرشیان دەکرێتە سەر و خانە و لانەیان بەسەریاندا وێران دەبێت و دەکوژرێن. بەڵکوو دوای هێرشی تیرۆریستیی حەماس و ڕاگەیاندنی شەڕی نەتانیاهۆ گیراوانی فەلەستینیش لە زیندانە سەربەستراوەکانی ئیسرائیلدا لە دۆخێکی کارەساتباردان. سێ ڕۆژ دوای هێرشی حەماس، هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بە بۆمبی سەوتی چ لەناو ئیسرائیل و چ لە ناوچە داگیرکراوەکانی لێواری ڕۆژئاوا هێرشیان کردە سەر زیندانەکان. بەندکراوانیان لە یەک جیا کردەوە و هەموو کەلوپەلێکیان لێ زەوت کردن و پەیوەندیی زیندانیان لەگەڵ دەرەوە پچڕاند. لە هێرش بۆسەر زیندانی “گیلبا” لە باکووری ئیسرائیل، وەزیری ئەمنیەتی ناوخۆی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێبەریی ئەم هێرشەی گرتبووە ئەستۆ. ئەگەرچی لە چەندین مانگ پێشترەوە دۆخێکی نالەبار بەسەر زیندانەکاندا زاڵ بوو بەڵام لە یازدەی ئۆکتۆبرەوە بەرقی ناو ژوورەکان قەتع کرا و لەو زیندانانەی کە بەناو بەندکراوانی مەترسیداریان تێدا ڕاگرتبوو تەنانەت ئاویشیان قەتع کرد.

بە فەرمانی بەرپرسی زیندانەکان، هیچ بەندکراوێک لە چواردەی ئۆکتۆبرەوە ڕێگەی پێنەدراوە لە ژوورەکەی پچێتە دەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاریان لێ قەدەغە کراوە. بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی زیندانەکان لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبرەوە پێنج هەزار و ٢٠٠ فەلەستینی وەک زیندانیانی ئەمنیەتی لە زیندانە جۆراوجۆرەکاندا بوون. هەزار و ٢٠٠ کەس لەم بەندکراوانە بە بێ هیچ حوکمێک لە زینداندا ڕاگیراوان و بیست و سێ کەسیان زیاتر لە سی ساڵە کە لە زینداندان. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ١٧٠ کەس لەم بەندکراوانە لەژێر تەمەنی یاسایی دان و بەتاوانی هاویشتی بەرد بەرەو سەربازانی ئیسرائیلی و یان شاروچکەنشینەکان زیندانی کراون. لە کاتی پێکهاتنی ڕاستترین دەوڵەتی ڕژیمی داگیرکەرەوە، یاسای زۆر توندتر لەوانە ڕێگری لە چاوپێکەوتن بە پارێزەر و کەسوکاری بەندکراوان بۆ ماوەی چەندین مانگ بەڕێوەچووە. لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی مارسدا لە ئاکامی مانگرتن لەخواردنی دوو هەزار بەندکراو، دەوڵەت ناچار بوو هێندێک پاشەکشە بکات. بەڵام دوو مانگ دواتر یاسای نوێ لەوانە بێبەریکردن لە هەبوونی هەرجۆرە کتێبێک بەڕێوەچوو. لەئێستادا ماوەیەکی زۆرە کە بەندکراوان لە هەرجۆرە موداوایەکی پزیشکی مەحرووم کراون. لەو نێوەشدا ژیانی بەندکراو لە بارودۆخێکی یەکجار سەخت و خراپتردان. ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە پەرەسەندنی دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر ژنان دەکەن. واقعیەت ئەوەیە کە خەباتی بەندکراوانی فەلەستینی دژبە گشت یاسا دژەئینسانییەکان لەناو زیندانەکاندا هیچ کات نەوەستاوە. بۆ ڕژیمی ئاپارتاید ئەوان نووکی هێزی خۆڕاگریی نەتەوەی فەلەستینن. تەنها ڕێگایەک کە لەماوەی ئەم ساڵانەدا بۆ بەندکراوان ماوەتەوە مانگرتن لە خواردنی بەکۆمەڵە، بۆ ئەوەی دەنگیان ببیسترێت.

دوای ڕێککەوتنی ئۆسلۆ لە ساڵی ١٩٩٨ کاتێک مەعلووم بوو کە ڕژیمی داگیرکەر بەپێچەوانەی دەقی ڕێککەوتنەکە بەندکراوان ئازاد ناکات، بەندکراوانی فەلەستینی گەلێک جار مانگرتن لە خواردنی درێژماوەیان ئەنجامدا. ساڵی ٢٠٠٠، لە کۆی هەزار و شەشسەد بەندکراو هەزار کەسیان یەک مانگی تەواو لە ناڕەزایەتی بە هەڵسووکەوتی وەحشیانەی زیندانوانان، ڕێگری لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاریان و بێبەریکردنیان لە موداوای پزیشکی مانیان لە خواردن گرت. ساڵی ٢٠١٢ هەزار و ٨٠٠ کەس لە بەندکراوان بۆ ماوەی دوو مانگ بەئامانجی چوونەدەر لە ژووری تاکەکەسی مانیان لە خواردن گرت. ساڵی ٢٠١٦ ژمارەیەک لە بەندکراوان دوای ٩٠ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە زیندان ئازاد کران. ئەم کەسانە لە جەریانی خۆپیشاندان بە خواستی ڕادەستکردنەوەی تەرمی کوژراوەکان لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیل و بەندکراوانێک کە لە زیندانەکاندا فەوتیان کردبوو، دەستبەسەرکرابوون. هێستاش دەوڵەتی ئیسرائیل لە ڕادەستکردنی تەرمی زۆرێک لەم کەسانە بە بنەماڵەکانیان خۆدەبوێرێت. یەک ساڵ دواتری بۆ جارێکی تر هەزار و ٥٠٠ بەندکراو بە خواستی باشترکردنی بارودۆخی زیندانەکان مانیان لە خواردن گرت. سەرەتای مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵ هەزار و سێسەد بەندکراو بۆ ئازادیی بەندکراوانێک کە لە گرتووخانە کاتییەکاندا بە بێ هیچ حوکمێک ڕاگیراون، مانیان گرت.

نەتانیاهۆ ١٦ی ئۆکتۆبر لە ڕۆژی کرانەوەی وەرزی زستانیی پارلەماندا وتی: “شەڕی ئەمڕۆ شەڕێکە لە نێوان منداڵانی ڕووناکایی و منداڵانی تاریکیدا. شەڕێکە لە نێوان مرۆڤایەتی و یاسای جەنگەڵ”. ئەم وتەیە ئەوپەڕی ڕق و نەفرەت نانەوەی هێزێکی داگیرکەر و ڕاسیستە دژبە خەڵکی فەلەستین. هەربۆیە تێگەیشتن لەوەیکە چی بەسەر بەندکراوانی فەلەستینی دێت زۆر سەخت نییە.

لە هەمان کاتدا کە بیروڕای گشتی ئاگاداری دیمەنەکانی بۆردومانی غەززە و چارەنووسی بەبارمتەگیراوانی ئیسرائیلییە، حکومەتی ئیسرائیل نزیکەی دوو مانگە هێرشەکانی لە لێواری ڕۆژئاوا بۆسەر شارەکانی “حەبرۆن”، “ڕامۆڵڵا”، “نابلوس” و “بەیت لەحەم” بەردەوام چڕتر کردووەتەوە و بەهۆیەوە هەتا ئێستا سەدان کەس کوژراون و برینداربوون.

هەموو داتا و زانیارییەکان نیشانی دەدەن کە هاوکات لەگەڵ تاوانی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هێرش دژبە فەلەستینییەکان لەناو زیندانەکان و لە هەموو بەرەکاندا پەرەی سەندووە. جینۆسایدێکی ئاشکرا لەئارادایە. ڕەنگبێ ڕژیمی داگیرکەر بتوانێ بە هێرش بۆسەر غەززە حەمامی خوێن بخاتە ڕێ و هەزاران کەس خەڵتانی خوێن بکات، بەڵام بێگومان ناتوانێ ئیرادەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤایەتیی ئازادیخواز لەپێناو ڕزگاری، لەژێر وێرانەکانی ئەم تاوانە جەنگییانەدا بنێژێت.