فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

باروودۆخی سیاسیی ئێران و ئەرکەکانی ئێمە، ڕاپۆرتی پلۆنۆمی ١١ی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – بەشی شەشەم
شەممە ۲۴-۰۷-۱۴۰۰   |  16-10-2021

کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٢ بەشی بەرینی باسە سیاسییەکانی خۆی بە لێکدانەوەی باروودۆخی سیاسیی ئێران تەرخان کرد و لە درێژەی ئەم باسەدا تەئکیدی کرد کە: لەو جێگەوە کە قەیرانی ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕیشەی لە قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداریی ئێران دایە، بەستنی قەراردادی ٢٥ ساڵە لەگەڵ چین، پەیوەست بوون بە پەیمانی شانگهای و گەڕانەوەی ڕژیم بۆسەر ڕێکەوتنی بەرجام و لابردنی گەمارۆکان، ئەگەرچی دەتوانێ کرانەوەیەک لە بەربەستە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیدا پێکبێنێت، بەڵام گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ژیانی خەڵکدا پێکناهێنێت. کەوابوو بەلەبەرچاوگرتنی بەستێنە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگا، مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و ئاخێزەکان درێژەیان دەبێت و بەشێوەیەکی جیانەکراوە دەبنە بەشێک لە واقعییەتی کۆمەڵگای ئێران. ئەم تایبەتمەندیانە پێمان دەڵێن کە ئێران لە سەروبەندی شۆڕش و چوونەناو قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە دایە. لەو جێگەوە کە شۆڕش گونجاوترین ڕێگای بەدەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکارە، قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە بۆ کۆمۆنیستەکان یەکجار گرینگە چونکە لەم قۆناغەدا چینی کرێکار دەرفەتێکی بۆ دەخوڵقێ تا بەرەو گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و بوون بە هێزی دەسەڵاتداری کۆمەڵگا هەنگاو هەڵگرێت. بێگومان بە بێ دابین کردنی پێداویستییەکانی قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە، شۆڕش بابەتێکی مەحاڵە.

بەڵام چوونەناو قۆناغ و باروودۆخێکی شۆڕشگێڕانە، خۆی لەخۆیدا بەڕێوەچوونی شۆڕش و سەرکەوتنی چینی کرێکار لە گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسیدا زەمانەت ناکات. بۆ وەڕێکەوتنی شۆڕشێک کە نیزامی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی شۆڕشگێڕانە بڕووخێنێت، چینی کرێکار بە دەسەڵاتی سیاسی بگات و گۆڕانگاریی بنەماکانی سەرمایەداری بکەوێتە دەستووری کارییەوە، بێجگەلە ئەو گۆڕانکاری و بەستێنە بابەتی وکۆمەڵایەتییانەی ئاماژەیان پێدرا و  لە ئیرادەی پارت و هێزە سیاسییەکان بەدەرە، پێویستە چینی کرێکار واتە بزوێنەری سەرەکیی شۆڕش بە ڕادەی پێویست ڕێکخراو و بەهێز بێت تا بتوانێ ئەرکی مێژوویی خۆی بە سەرەنجام بگەیەنێت. تەنیا هەر ئەوەندە بەس نییە کە چینی دەسەڵاتدار نەتوانێ بەشێوەی پێشوو درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات و هەژاری و نەهامەتیی چینە خواردەستەکان گەیشتبێتە ئاستێکی لەتاقەت بەدەر و کرێکاران بەرەو گۆڕەپانی کردەوەی مێژوویی سەربەخۆ دژبە باروودۆخی زاڵ کێشرابن، بەڵکوو بێجگەلە ئەم پێش مەرجانە، چینی کرێکار پێویستە توانای ئەنجامدانی ئەرکە مێژووییەکەشی لە خۆیدا پێکهێنابێ. چینی کرێکار بە بێ ڕێکخراوبوونی لەناو ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەری، لەجۆری شۆراکان و حیزبی سیاسیی کۆمۆنیستیی خۆی و پێکهێنانی ڕێکخراوی وەک کۆمیتەی کارخامە و کۆمیتەی مانگرتنەکان کە مانگرتن و خەباتی ئێستای کرێکاران هیدایەت و ڕێبەری بکات، ناتواێ زەرفیەتەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی بەکار بێنێت. لەم قۆناغەدا، یارمەتی گەیاندن بە شکڵ گرتنی شۆرا کرێکاریەکان لە کارخانە و شوێنەکانی کار و شۆرای گەڕەکەکان کە هەم دەتوانێ وەک ئۆرگانی خەبات و هەم لە کاتی پێویستدا وەک ئۆرگانی موددەعیی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەری کۆمەڵگا دەرکەوێت، یەکجار گرینگە.

لەم قۆناغەدا پێویستە بە بەشداریی چالاکانە لە خەبات و بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران هەوڵ بدرێت کە لە نێوان خواستی ڕۆژانەی کرێکاران و ستراتێژی سۆسیالیستیی شۆڕش، پردێک درووست بکرێت. دەبێ بە کرێکاران نیشان بدرێت کە بۆ گەیشتن بەم خواستانە و گەیشتن بە ژیانێکی خۆشبژێو و ئینسانی پێویستە لە ڕژیمی سیاسی و نیزامی چینایەتیی زاڵ تێپەڕین و فەتحی دەسەڵاتی سیاسی لەئاستی کۆمەڵگا و بێدەسەڵات کردنی سەرمایەداران بخرێتە دەستووری کارەوە. چونکە پێشمەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی شۆڕش گەیشتووەتە قۆناغێک لە پێگەیشتنی خۆی کە هیچ جێگایەک بۆ باسی ڕێفۆرم و باشتر کردنی باروودۆخی ژیانی جەماوەر لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نەماوەتەوە.

لەم قۆناغە لە خەباتدا پێکهاتنی ڕێبەرییەکی سیاسیی سەرتاسەری کە کرێکاران و جەماوەری خەڵک متمانەی پێبکەن یەکجار گرینگە. بە بێ پێکهاتنی ئەم ڕێبەرییە، پێشڕەوی و سەرکەوتنی شۆڕش مومکین نییە. بەڵام ڕێبەریی سیاسی خەباتی جەماوەری و شۆڕش لە پڕۆسەی ئەم مانگرتنە کرێکاریانە و بزووتنەوە ناڕەزایەتییانە و لە پڕۆسەی پێگەیشتنی خەبات و شۆڕشدا شکڵ دەگرێت. کەوابوو لە ڕوانگەی شکڵ گرتنی ڕێبەریی سیاسیشەوە، پەرەپێدان بە مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و حزووری چالاکانە یەکجار گرینگ و ستراتێژیکە. ئەم ڕێبەرییە دەتوانێ لە پەیوەست بوونی هەموو ئەم هەوڵانەی کە لە ئارادایە شکڵ بگرێت. لەئێستادا شایەدی هاتنە مەیدانی کۆمەڵێک لە ڕێبەرانی کرێکارین کە توانای بەرزیان لە بابەتی ڕێبەریدا لەخۆ نیشان داوە. پەیوەندی و هاوکاری ئەم ڕێبەرانە و جێکەوتنی بابەتی هاوکاری کردن دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێکەوە پەیوەنددانی مانگرتنەکانی ئێستا و دابین کردنی ڕێبەریی سەرانسەریدا هەبێت. لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵی بەرین لە لایەن حیزب و هێزە کۆمۆنیستەکان لەپێناو تێکەڵاوبوون لەگەڵ بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتی لەئاست کۆمەڵگادا لە ئارادایە و وێکخستنەوەی ئەم هەوڵانە دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە پڕکردنەوەی بۆشایی ڕێبەری سیاسیدا.

لە باروودۆخی ئێستادا پێکهێنانی بەستێن بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی سیاسی و جەماوەری کە چینی کرێکار لە میحوەری دابێت و بەرهەمی پەیوەندی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی سەرشەقام و مانگرتنی کرێکاری لە کارخانە بێت، یەکجار گرینگە. لە پێشڕەوی لەم مەسیرەدایە کە دەتوانین هێزی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی زەمینگیر بکەین. هەمووی ئەمانە پێداویستییەکانی پێکهێنانی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامین کە بە دەخاڵەتی هێزە کۆمۆنیستەکان لە پڕۆسەی مانگرتن و ناڕەزایەتی و خەباتی ئێستادا دابین دەکرێن. هەربۆیە پەرەپێدان بە مانگرتنە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتییەکانی ئێستا و گرینگی دان بە سەرکەوتنی هەر تاک ناڕەزایەتیەکی کرێکاری، زەروورییە. بردنەسەرەوەی هەزینەی سیاسیی سەرکوت بۆ کۆماری ئیسلامی، گرینگە. پێویستە مانایەکی ڕوون لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و سەرکەوتنی شۆڕش بکەینە تێگەیشتنی گشتی. پێویستە ئەرکی سەرەکیی ئێمە هێزە کۆمۆنیستەکان یارمەتیدان بەم ڕەوتانە بێت و هاوکارییەکانمان لە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەم بوارەدا پەرەپێبدەین.