فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

باری قورسی قەیرانی ئاو لەسەر شانی ژنانی زەحمەتکێش
یەکشەممە ۰۸-۰۶-۱۴۰۵   |  30-08-2026

قەیرانی ئاو زۆرجار بە زمان و بیانووی وشکەساڵی، کەم‌ئاوی و گۆڕانکارییە ئاووهەواییەکان پاساو دەدرێت؛ وەک بڵێی تەنیا لەگەڵ دیاردەیەکی سروشتی و دابڕاو لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوڕووین. بەڵام بۆ ژنێکی گوندنشین لە “دەشتیاری” یان بۆ کچێک کە لەبری قوتابخانە، خەریکی هەڵگرتنی دەبە ئاوە بۆ ماڵەوە، قەیرانی ئاو پێش هەر شتێک پرسێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتییە. لە شوێنێکدا کە ژێرخانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بوونی نییە، تێچووی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان دەخرێتە ئەستۆی خێزان، و لەنێو پێکهاتەی دابەشکاریی کاری ئێستادا، بەشێکی گەورەی ئەم باجە ژنان دەیدەن. خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشانی دەدەن کە ژنان و کچانی جیهان لەو ناوچانەی کە دەستیان بە ئاوی گونجاو ڕاناگات، ڕۆژانە نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن کاتژمێر بۆ هێنان و کۆکردنەوەی ئاو تەرخان دەکەن؛ واتە هەر ڕۆژە و چەندین کاتژمێر تەرخان دەکرێت بۆ کارێک کە دەبوو بەشێک بێت لە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی ئاوگەیاندن. لە سەدا ٧٠ی ئەو بنەماڵانەی لە تۆڕی ئاوگەیاندن بێبەرین، بەرپرسیارێتیی دابینکردنی ئاو لەسەر شانی ژنانە. کچانی ژێر ١٥ ساڵیش نزیکەی دوو هێندەی کوڕانی هاوتەمەنی خۆیان سەرقاڵی ئاوکێشانن.

ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە قەیرانی ئاو هەر لە تەمەنی منداڵییەوە گرێ دراوە بە دابەشکاریی ڕەگەزیی کارەوە. کچان کاتی کەمتریان بۆ قوتابخانە و پشوودان دەبێت و زووتر پەلکێشی نێو کاری ناوماڵی بێ‌کرێ و تاقەتپڕووکێن دەکرێن. کەواتە، ستەمی ڕەگەزی تەنیا لە هەڵاواردنی یاسایی یان فەرهەنگیدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکوو لە زەوتکردنی کات، توانای جەستەیی و دەرفەتەکانی پەروەردەی ژنانیشدا خۆی دەنوێنێت. ئاوکێشان، چێشتلێنان، چاودێریکردنی منداڵان و بەساڵاچووان و بەڕێوەبردنی ناوماڵ، بەشێکن لە کاری “بەرهەمهێنانەوەی ژیان”؛ کارێک کە ژیان و هێزی کار بەرهەم دەهێنێتەوە، بەڵام زۆربەی کات بەبێ کرێ ئەنجام دەدرێت. هەر کاتژمێرێک کە ژنێک لە ڕیزی تانکەرێک یان لە ڕێگەی گۆمەئاوەکاندا بەسەری دەبات، بەشێکە لەو باجەی کە لەبری دابینکردنی ژێرخانی گشتی، خراوەتە سەر کات و توانای جەستەیی ئەو.

سیستان و بەلوچستان نموونەیەکی ئاشکرای ئەم نایەکسانییەیە. لە ناوچەی “دەشتیاری” لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەم پارێزگایە، زیاتر لە ٦٠ لەسەدی گوندەکان هێشتاش لە ژێرخانی ئاوگەیاندن بێبەشن. خەڵکی ئەم گوندانە، بەتایبەت ژنان و منداڵان، ناچارن ئاو لە “هوتەک” (گۆماوەکان)، ڕووبارەکان، سەرچاوە ناتەندروستەکان یان تانکەرە گەڕۆکەکانەوە دابین بکەن. هوتەک، یان هەمان چاڵ و گۆماوی دەستکرد یان سروشتی کە ئاوی بارانە وەرزییەکانی تێدا کۆدەبێتەوە، لە هەلومەرجی نەبوونی تۆڕی ئاوگەیاندندا دەبێتە سەرچاوەی مانەوە و ژیان، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت ببێتە شوێنی بەرکەوتنی مرۆڤ و ئاژەڵ، پیسبوونی میکرۆبی و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس. لە مانگە گەرمەکانی ساڵدا کە پلەی گەرما دەگاتە سەرووی ٤٠ پلەی سانتیگراد، هاتوچۆکردن بۆ سەر ئەم سەرچاوانە سەخت و مەترسیدارە. ژنان لەم ڕێگە دوورەدەستانەدا بەرەوڕووی نائەمنی و ئازار و ئەزیەت دەبنەوە و منداڵانیش لەژێر مەترسیی خنکان و نەخۆشییەکانی ئاوی پیسدان.

کاتێک ئاواییەکان دوای دەیان ساڵ هێشتاش تۆڕی ئاوگەیاندنیان نییە، کێشەکە تەنیا کەمبوونی ئیمکاناتی تەکنیکی نییە؛ بەڵکوو شێوازی لەپێشینەدانانی سەرچاوە گشتییەکانیش دەبێت بخرێتە ژێر پرسیارەوە. بڕیاردان لەسەر ئەوەی چ پڕۆژەیەک، لە چ ناوچەیەک و بۆ چ جۆرە بەکاربردنێک لە ئەولەوییەتدایە، بەشێکە لە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییە زاڵەکان. وشکەساڵی و گۆڕانکارییە ئاووهەواییەکان حاشاهەڵنەگرن، بەڵام بەتەنیا هۆکاری قەیرانی ئاو نین. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی قەیرانی ئاو، بوونی مافیای خاوەن‌نفووزی ئاوە لەنێو پێکهاتەی حکومەتی ئیسلامیدا. ئەم مافیایە بە قۆرخکردنی پڕۆژە زەبەلاحە سەدان ملیۆن دۆلارییەکانی گواستنەوەی ئاو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی لێکەوتە و کارەساتە ژینگەییەکانی جێبەجێکردنیان، نەک هەر بووەتە هۆی کەمبوونی ئاوی خواردنەوەی خەڵک، بەڵکوو بووەتە هۆی وشکبوونی ئاوی ڕووبار و تاڵاوەکان و تەنانەت بەتاڵبوونی ئاوی ژێرزەوی و ڕۆچوونی زەوی لە زۆربەی ناوچەکانی ئێراندا. پڕۆژەگەلی ناکارناسانە و وێرانکەری سپای پاسداران لە بواری ئاودا، وەک دروستکردنی بەنداو و لێدانی چەندین بیری قووڵ بە نەخشەگەلێک کە بوونەتە هۆی لەناوچوونی خاک و کەمبوونەوەی پۆششی ڕووەکی و دابەزینی ئاستی دزەکردنی ئاوی باران بۆ نێو سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی، لەژێر ناوی ڕواڵەتیی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی پیشەسازی و کشتوکاڵ”، لە هۆکارەکانی دیکەی قەیرانی ئاو بووە.

لەژێر سایەی ئەم هەلومەرجەدا، باری قورسی قەیران و کەمئاوی، بەتایبەتی لە ناوچە بێبەشکراوەکانی وەک سیستان و بەلوچستان، دەگوازرێتەوە بۆ نێو خێزانە چەوساوە و کەمداهاتەکان، و لە پێکهاتەی هەنووکەییی دابەشکاریی کاردا، ژنان بەشێکی گەورەی ئەم بارە هەڵدەگرن. بەم چەشنە، ناکارامەیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەگۆڕێت بۆ کاری بێ‌کرێی ژنان و گرێدراویی نێوان نایەکسانیی چینایەتی و ستەمی ڕەگەزی لە ژیانی ڕۆژانەدا ئاشکرا دەبێت. بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە بە کاری خێرخوازی، دابەشکردنی کاتیی ئاو یان بەڵێنی بێ‌بنەما چارەسەر نابێت. دەبێت داواکاریی هەنووکەیی و دەستبەجێ، دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی تەندروست، بێبەرامبەر و هەمیشەیی بێت بۆ سەرجەم گوند و گەڕەکە بێبەشکراوەکان؛ ئەویش تەنیا لە ڕێگەی تۆڕی گشتیی ئاوگەیاندن، بودجەی شەفاف و چاودێریی ڕاستەقینەی جەماوەر بەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا بەدی دێت.

قەیرانی ئاو لە کۆماری ئیسلامیدا، نەک هەر قەیرانێکی ئاووهەوایی، بەڵکوو قەیرانێکی سیاسی و پێکهاتەییە کە لەئێستادا بەتایبەت لە ناوچە بێبەشکراوەکانی ئێران بەرۆکی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی گرتووە. زیاتر لە چوار دەیەیە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەبری ئەوەی سامان و ئیمکاناتی دارایی کۆمەڵگا و خەڵکی ئێران تەرخان بکات بۆ دابینکردنی بودجە لەپێناو نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکانی ئاوگەیاندن و بەرەوپێشبردنی کشتوکاڵ، پیشەسازی، کانگاکان و لەپێناو خۆشگوزەرانی و ئاسایشی خەڵک، ئەم سامانەی خستووەتە گەرووی هێزە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی “میحوەری موقاوەمەت”، شەڕانگێزی، پڕۆژە ئەتۆمییەکان و فراوانکردنی دەزگا سەرکوتگەرە ئەمنی و سیخوڕییەکان لەپێناو سەرکوتکردنی خەڵک و مانەوەی دەسەڵاتەکەی. لەئێستادا ڕژیمی داماوی کۆماری ئیسلامی، لە ترسی تەشەنەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و تەقینەوەی تووڕەیی جەماوەر بەهۆی هەژاری و نەهامەتیی بێ‌وێنەی ئابووری، و هەروەها بێ‌توانایی لە دابینکردنی ئاو، کارەبا و وزە، دەیەوێت لە ڕێگەی چڕکردنەوەی سەرکوت، پەرەپێدانی لەسێدارەدان و ڕەشبگیریی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێشی پێ بگرێت.